له یه‌كێك له گونده‌كانی سه‌ر به پارێزگای سلێمانی، كچێكی ته‌مه‌ن 26 ساڵ له‌لایه‌ن خۆشه‌ویسته‌كه‌یه‌وه ده‌كرێت به ژن، دوای ئه‌وه‌ی دووگیانی ده‌كات و له پێنج مانگی دووگیانبوونه‌كه‌یدا كۆرپه‌ڵه‌كه‌ی به زۆر پێ له‌بار ده‌بات، كچه‌كه ده‌كه‌وێته داڵده‌ی ژنان، ئێسته داوای له‌سه‌ر كوڕه‌كه تۆمار كردووه، به‌ڵام ئه‌و خۆی بێ به‌ری ده‌كات له ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره و حاشای لێ ده‌كات.
"بنار" ئه‌و كچه‌یه كه له‌داڵده‌ی ژنان، ماوه‌ی نزیكه‌ی ساڵێكه ده‌ژی و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌كات له‌لایه‌ن دادگاوه كه‌یسه‌كه‌ی یه‌كلا ببێته‌وه، ئه‌و ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێته‌وه ماڵه‌وه براكانی ده‌یكوژن، ته‌نیا ڕێی بۆ ده‌رچوونی له داڵده‌ی ژنان ئه‌وه‌یه كه له‌گه‌ڵ ئه‌و كوڕه‌دا هاوسه‌رگیری بكات، ئه‌گه‌ر نا براكانی و باوكی ده‌یكوژن. بنار بۆ "وشه" باسی چیرۆكی ژنبوونی ده‌كات و ده‌ڵێت، تاوانی كه‌س نییه هه‌رچی به‌سه‌رم هات تاوانی خۆم بوو به ئاسانی هه‌ڵی خه‌ڵه‌تام و زیاتر له جارێك بڕوام پێ كرد، سه‌ڕه‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌ندان جار درۆی له‌گه‌ڵدا كردم.
"له‌گه‌ڵ ماڵی ئاسۆدا دراوسێ بووین، ئاسۆ ژنی هه‌بوو، سێ منداڵیشی هه‌بوو، دوای خۆشه‌ویستی لێ كردم و گوتی ده‌مه‌وێ بتهێنم، گوایه له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌ی نێوانیان باش نییه و ده‌یه‌وێت هاوسه‌رگیری دووه‌م بكات، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی ئه‌وه ته‌نیا پلان بوو بۆ ئه‌وی منی پێ هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێنێت و ئه‌وه‌ی بیه‌وێت بیكات و بڕوات، هه‌رواشی كرد. هه‌ڵخه‌ڵه‌تام و پێوه‌ندی خۆشه‌ویستیمان دروست بوو، چواره‌م ڕۆژی خۆشه‌ویستیمان بوو گوتی ده‌مه‌وێت بتبینم، چووینه ده‌شتێكی نزیك گونده‌كه‌مان، له‌وێ له ده‌ست گرتنه‌وه ده‌ستی پێ كرد و منیش ئاماده‌ی بووم، تا كردمی به ژن كۆتای پێ نه‌هێنا". بنار ئاوا ده‌یگێڕێته‌وه.
درێژه‌ی پێ ده‌دات: هه‌ر ئه‌و ڕۆژه به‌ڵێنی دا كاروباری ڕێك بخات و قسه له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی ده‌كات و دێته داوام. منی وه‌ك داری پایز به‌دیار خۆیه‌وه دانا تا وشك بووم و گه‌ڵاو سه‌وزاییم پێوه نه‌ما، ئه‌و مانگێك و دووان و سییان و چه‌ندانی تر تێپه‌ڕی، به‌ڵام هه‌ر له فێڵ و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنه‌كانی به‌رده‌وام بوو، هه‌رجاره بیانووی شتێكی ده‌گرت و ده‌یگوت ده‌بێت چاوه‌ڕێ بین، به‌ڵام له‌و ماوه‌یه‌دا، هه‌ر كاتێك بیویستایه سێكسم له‌گه‌ڵ بكات، چاوه‌ڕوانی نه‌بوو. جارێك ده‌یبردم بۆ ماڵی خۆیان جارێك بۆ ماڵی هاوڕێی، چه‌ند جار بۆ ئه‌و كه‌لاوه خانووانه‌ی له لادێكه هه‌بوو، بێژماردنیش ده‌یبردم بۆ ده‌شت و چۆڵه‌وانی.
بنار دووگیان ده‌بێت له مانگی سێیه‌می دووگیانییه‌كه‌یدا ده‌زانێت، ئه‌و كاته‌ی ده‌زانێت دووگیانه، به دایكی ده‌ڵێت و دایكی ڕێ نادات له‌باری ببات، وه‌ك خۆی باسی ده‌كات له‌گه‌ڵی زۆر هه‌وڵیان داوه تا ئه‌و كوڕه بچێته دوای و منداڵه‌كه له‌بار نه‌بات، به‌ڵام ئه‌و كوڕه پێی گوتووه ده‌بێت منداڵه‌كه له‌بار ببه‌یت ئه‌وكات دێمه داخوازیت، به پاساوی ئه‌وه‌ی كه هیچ كه‌س نه‌زانێت پێشتر كردوویه‌تی به ژن و سكی هه‌یه و تا نه‌زانن به‌ناچاری ده‌یهێنێت.
بنار نایشارێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ئاسۆ بكات، هه‌موو شتێكی كردووه كه ئه‌و پێی گوتووه، ئاماژه‌ش به‌وه ده‌كات، كاتێك ئاسۆ گوتوویه‌تی ئه‌گه‌ر له‌باری ببه‌یت دوای چوار مانگی تر به دڵنیایی دێمه داوات، ئه‌و ڕازی بووه به‌وه‌ی كۆرپه‌ڵه‌كه‌ی له‌بار ببات.
بنار باسی له‌باربردنی كۆرپه‌ڵه‌كه‌ی ده‌كات: سكم گه‌یشتبووه نزیك پێنج مانگ، نه‌مانده‌توانی به ئاسانی به ده‌رزی و حه‌ب له‌باری ببه‌ین، ئاسۆ له خانه‌قین مامانێكی دۆزییه‌وه كه كاری له‌باربردنی ده‌كرد، به‌یه‌كه‌وه چووین و به پاره‌یه‌كی زۆر له‌باری بردم، ماوه‌یه‌ك له‌جێ كه‌وتم، بووبووم به مه‌یت، ئه‌ویش هه‌ر پێی ده‌گوتم ئارام بگره ده‌تهێنم، به‌ڵام ماوه‌یه‌كی تر. ئه‌و ماوه‌یه هه‌ر نه‌هات و منیش گه‌یشتم به شه‌ڵته‌ر و ئه‌ویش به گرتووخانه.
چوار مانگ بنار چاوه‌ڕوانی ئاسۆ ده‌كات به‌ڵێنه‌كه‌ی بباته سه‌ر و بچێته داوای، به‌ڵام ئاسۆ ناچێت و دوای ئه‌و ماوه‌یه ژماره‌كه‌ی ده‌گۆڕێت و پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ بنار ده‌پچڕێنێت. بنار ده‌ڵێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی باری ده‌روونیم زۆر تێكچووبوو، دڵنیاش بووم له‌وه‌ی ئاسۆ نایه‌ته دوام، بۆیه ناچار له‌ماڵه‌وه رامكرد و چوومه بنكه‌ی پۆلیس و له‌وێ سكاڵام له ئاسۆ كرد، ئه‌ویان گرت و منیشیان هێنا بۆ داڵده‌ی ژنان. ئاسۆ ئه‌و نامه‌رده‌یه كه خۆی منداڵه پێنج مانگه‌كه‌ی ناشت، ئێسته له لای دادوه‌ر حاشا ده‌كات له‌وه‌ی منی كردووه به ژن و دووگیانی كردووم و منداڵه‌كه‌شی پێ له‌بار بردووم.
پارێزه‌ر هێرش فه‌یسه‌ڵ له ڕووی یاسایییه‌وه سزای ئه‌و جۆره تاوانه بۆ "وشه" باس ده‌كات و ده‌ڵێت، حوكمی یاسایی ئه‌و جۆره كه‌یسانه به پێی یاسای سزادانی عێراقی ژماره 111ی ساڵی 1969 له یه‌كێك له ده‌قه‌كاندا هاتووه، "تۆمه‌تبار بێ تاوانه تا دادگا به سه‌لماندن به‌سه‌ریدا ده‌سه‌پینێت" به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه دایكی و هاوڕێیه‌كه‌ی بنار ئاگاداری بابه‌ته‌كه‌ن و شاهێدی ده‌ده‌ن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ردوو كاره‌كه كه "بوون به ژن و منداڵ له‌باربردن" به‌پێی ماده‌ی 417 له یاسای سزادان/ خاڵی یه‌كه‌م و دووه‌م، باس له سزادانی ئه‌م جۆره تاوانه ده‌كات كه سزاكه‌ی به‌ندكردنه بۆ ماوه‌یه‌ك كه نابێت له حه‌وت ساڵ زیاتر بێت. له خاڵی سێیه‌می هه‌مان یاسادا بۆ ئه‌و كه‌سانه كه یارمه‌تی له‌باربردنه‌كه‌یان داوه به بارودۆخی توند هه‌ژمار ده‌كرێت، ئه‌مه سزای له‌باربردنی منداڵه‌كه‌یه. به‌ڵام له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه به‌ڵێنی هاوسه‌رگیری پێ داوه و نه‌یبردووه‌ته سه‌ر، ئه‌مه له یاسادا هیچ به‌هایه‌كی نییه، به‌ڵكو به‌كاری نایاسایی هه‌ژمار ده‌كرێت، هه‌ر كارێكی نایاسایی به تاوان هه‌ژمار ناكرێت، ته‌نیا یه‌ك حوكم له‌سه‌ر ئه‌و كوڕه ده‌درێت، ئه‌ویش له‌باره‌ی له‌باربردنی منداڵه‌كه‌یه.
وشه/ ئیڤان عه‌بدولڕه‌حمان