ئێران هەڕەشە لە موقتەدا سەدر دەكات

:: PM:04:34:18/02/2018 ‌

دوای راگەیاندنی هاوپەیمانی سائروون لەگەڵ لیبڕاڵ و شیوعییەكان، ئێران هەڕەشە لە هاوپەیمانیەتییەكە دەكات و دەڵێ رێ نادەین دەسەڵات بگرنە دەست. سەرۆكی هاوپەیمانیەتییەكەش دەڵێ كەس ناتوانێ دەنگی ئەوان كپ بكات و لە سەركردایەتیكردنی وڵات دووریان بخاتەوە بۆ بەگژداچوونەوەی تایفەگەرایی و مەزەوی و گەندەڵی.
                                                                                                                              
عەلی ئەكبەر ویلایەتی راوێژكاری رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران رای گەیاند كە رێ نادەن شیوعییەكان و لیبڕاڵەكان دەسەڵات لە عێراق بگرنە دەست، وەك ئاماژەیەك بۆ هاوپەیمانی سائروون كە موقتەدا سەدر سەرۆكایەتی دەكات.

ئەو گوتانەی ویلایەتی لە میانی بەشداریكردنی بوو لە كۆنگرەی دامەزراندنی كۆڕبەندی عێراقی بۆ یەكگرتنی ئیسلامی كە دوێنێ شەموو 17ی ئاب لە بەغدا بەڕێوە چوو.

 ویلایەتی لەو وتارەی لە بەغدا خوێندییەوە ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو هاوپەیمانیەتییەی دروست كراوە و دەیانەوێت سەركردایەتی وڵات بگرنە دەست، پێیان دەڵێین رێ نادەین دەسەڵات بگرنە دەست.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە رابوونی ئیسلامی رێ نادات شیوعییەكان و لیبڕاڵەكان جارێكی تر لە عێراق دەسەڵات بگرنە دەست.

لە بەشێكی تری گوتارەكەیدا هەڕەشەی لە ئەمەریكا كرد و هۆشداری دا لە دابەشكردنی سووریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەشی خستە ڕوو ئەمەریكا لە دابەشكردنی عێراق شكستی هێناوە.

لێدوانەكانی عەلی ئەكبەر ویلایەتی راوێژكاری عەلی خامەنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا، لە كاتێكدایە موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر لەگەڵ شیوعییەكان و لیبڕاڵەكان هاوپەیمانی سائروونیان پێك هێناوە و بەشداری لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق دەكەن.

بۆیە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە تەواوی قسەكانی ویلایەتی روو لەو هاوپەیمانیەتییەیە كە سەدر پێكی هێناوە و هاوكاتیشە لەگەڵ دابەزینی كێرڤی جەماوەری حزبە ئیسلامییەكان لە عێراق بە تایبەت حزبە ئیسلامییە شیعەكان.

جگە لەوە قسەكانی ویلایەتی بە دەستوەردانی راستەوخۆ دەزانن لە كاروباری عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمان كە بڕیارە لە 12ی مانگی نیسانی داهاتوو ئەنجام بدرێت.

لە بەرانبەر قسەكانی ویلایەتی، هاوپەیمانی سائروون رای گەیاند، هیچ دەنگێكی دەرەكی كاریگەری نابێت لەسەر هاوپەیمانیەتیی سائروون بۆ سەركردایەتیكردنی عێراق و گەیاندنی بە كەناری ئارامی.

لە بەیاننامەیەكدا، حەسەن عاقولی سەرۆكی هاوپەیمانیەتییەكە رای گەیاند، تا ئێستەش گۆڕەپانی سیاسی، ئابووری و تەناهیی عێراق جێی سەرنجی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، وڵاتانی خۆویست چاویان لەسەر عێراقە بۆ رفاندنی بڕیاری سیاسی یان كاریگەری دانان لەسەر دروستكردنی بڕیار لە بەغدا. وەك ئاماژەیەك بۆ هەوڵەكانی ئێران و سەپاندنی هەژموونی سیاسی و سەربازی و ئابووری خۆی بەسەر عێراق كە بەشێكە لە هەوڵە ستراتیجییەكانی ئەو وڵاتە تا عێراق بكات بە حەوشەی پشتەوەی پیلانەكانی و گەیشتن بە سووریا و لبنان لەوێشەوە بە دەریای سپی ناوەڕاست.

حەسەن گوتی "ئێمە لە هاوپەیمانی سائروون پێمان وایە عێراق بە بەشداریی هەموو پێكهاتەكانی بنیاد دەنرێت بەبێ جیاوازی ئینتیمای ئاینی، مەزەوی، ئایدۆلۆجی سیاسی و ئەتنی و بیروباوەڕ، بۆیە عێراق بە بەشداری هەموو پێكهاتەكانی بنیاد دەنرێت", زیاتر گوتی "كەسە دڵسۆزەكان ساڵەهایە كار بۆ دامەزراندنی وڵاتێكی دامەزراوەیی دەكەن كە بتوانن بڕیاری سیاسی و سەروەری خۆیان بپارێزن بێ هیچ دەستوەردانێك و كاریگەرییەكی وڵاتانی تر".

لە بەیاننامەكەی هاوپەیمانی سائروون ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە كە بوونی هاوپەیمانیەتییەكی وەها هەمەڕەنگ، دەرخەری ئەوەیە كە عێراق نیشتمانی هەمووانە و هەمووان بەشدار دەبن لە بنیادنانەوەی. بۆیە بوونی هەمەڕەنگی لە هاوپەیمانیەتییەكەدا رێگر دەبێت لە دەنگی دەرەوە و ناتوانێت لەبەر یەكی هەڵوەشێنێتەوە یان دووری بخاتەوە لە سەركردایەتیكردنی وڵات و بردنی بەرەو كەناری ئارامی دوور لە تایفەگەرایی و تیرۆر و گەندەڵكاران.

قسەكانی ویلایەتی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە شێوەیەكی خێرا بڵاو بووەوە و رەخنەی زۆری لێ گیرا، ئەمە لە كاتێكدایە ماڵی شیعەكان بۆ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق، دابەشی سەر چەندان هاوپەیمانیەتی بوونەتەوە و تەنیا حزبی دەعوە دابەشی سەر سێ هاوپەیمانی بووە. جگە لەمە رەوتی سەدر بە سەرۆكایەتیی موقتەدا سەدر دەبێتە یەكەمین حزبی شیعی كە لە بازنەی مەزەوی شیعەكان دەردەچێ و پشتیان تێدەكات، بە پێچەوانەی پێشبینییەكان لەگەڵ شیوعی و لیبڕاڵەكان هاوپەیمانیەتی سائروونیان پێكهێناوە، ئەمەش ترسی لای زۆرینەی هێز و لایەنە شیعییەكان دروست كردووە كە ببێتە هۆكاری لەتبوونی راكێشانی بەڕە لە ژێر پێی حزبە ئیسلامییە شیعەكان.

نزیكبوونەوەی سەدرییەكان و شیوعییەكان بۆ خۆپیشاندانە جەماوەرییەكانی ساڵانی رابردووی گۆڕەپانی تەحریری بەغدا دەگەڕێتەوە كە سەرەتا شیوعییەكان دەستیان بە خۆپیشاندان كرد لەژێر دروشمی سائروون، پاشان موقتەدا سەدر پشتگیری لە خۆپیشاندانەكان كرد كە دژ بە گەندەڵی ئەنجام درا و دواتر خۆپیشاندانەكان پەڕینەوە بەشێك لە شارەكانی عێراق و ناوچەی سەوزیشی لە بەغدای پایتەخت بڕی و گەیشتە ناو پەرلەمانی عێراق.

لای خۆیەوە فائیق شێخ عەلی ئەندام لە هاوپەیمانی سڤیلی دیموكرات بە توندی وەڵامی عەلی ئەكبەر ویلایەتی راوێژكاری رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ كاروباری سیاسەتی دەرەوە دایەوە و رای گەیاند، لیبڕاڵەكان، شیوعییەكان، سڤیلەكان و نیشتمانپەروەرەكان و دیموكراتەكان، هەر هەموویان كەسانی خاوەن رێزی عێراقین و رێ بە عەلی ویلایەتی و هیچ ئێرانییەك نادەین دەست لە كاروباری ناوخۆی عێراق وەربدات.

سەرچاوە/ بەغداد تودەی


وشە - فه‌رمان سادق