ئاژانسی فریاكەوتنی پارێزگای كۆهگیلویێ لە باشوری رۆژئاوای ئێران ئاشكرای كرد، ئەمڕۆ دووشەم گەڕێكی تری گەڕان و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی فڕۆكەكەیان دەست پێ كردووە و لەو هەڵمەتەشدا سوود لە ٨٠ كەسی شارەزا وەردەگرن.
بە گوتەی جەلال پووران سەرۆكی ئاژانسەكە، ٤٠ ئەمبوڵانس و ٤٥ تیمی تری فریاكەوتن لەم هەڵمەتەدا بەشدارن. ئەو گوتی هەوڵەكانی دوێنێی تیمەكان بێسوود بووە و نەیانتوانیوە هیچ شوێنەوارێكی فڕۆكەكە بدۆزنەوە.
فڕۆكەكە ٦٦ كەسی هەڵگرتبوو و سەعات هەشتی سەرلەبەیانی دوێنێ یەكشەم لە تارانەوە بەرەو یاسووج فڕی، بەڵام ٢٠ خولەك دوای فڕین لە كۆنترۆڵ دەرچوو.
ئەم فڕۆكەیە لە سەمیرۆمی نزیك ئیسفەهان كەوتووەتە خوارەوە كە شوێنێكی شاخاوییە و ئەمبۆلانس و ئۆتۆمبێل بەم شوێنە ناگات.
بەگوێرەی
"ئیرنا" تیمەكانی فریاكەوتن لە رێی هەلیكۆپتەرەوە لە شوێنی رووداوەكە دەگەڕێن و دەیانەوێت فریای سەرنشینانی فڕۆكەكە بكەون.
ئەو فڕۆكەیەی كەوتووەتە خوارەوە لە جۆری ATRە و ٢٠ ساڵە لە كاركردندایە. هێڵی ئاسمانی ئێرانی زۆربەی فڕۆكەكانی كۆنن و ساڵانە رووداوی هاوشێوە تۆمار دەكرێن. ئەو كاتەی ئێران گەمارۆی لەسەر بوو، بۆی نەبوو فڕۆكە لە وڵاتانی تر بكڕێت.
دوای لاچوونی بەشێك لە سزاكان ئێران دەستی بە نوێكردنەوەی هێڵە ئاسمانییەكانی كردووە و چەند گرێبەستێكی لەگەڵ ئەیرباسی فڕەنسی و بوئینگی ئەمەریكی واژوو كردووە.