" شۆفێران زۆرترین توندوتیژی سێكسی ئەنجام دەدەن"

:: PM:05:11:19/02/2018 ‌

بەرپرسێكی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات كە لە ماوەیەكی نزیكدا هەڵمەتێكی هۆشیاری بەڕێوە دەچێت بەمەبەستی پێدانی هۆشیاری بۆ دووركەوتنەوە لە توندوتیژی بەرانبەر ژنان.

ئەمڕۆ دووشەم 19ـی شوبات، كوردۆ عومەر بەڕێوەبەری گشتی توندوتیژی دژ بە ژنان لە هەرێم بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆ و سەندیكاكانی تایبەت بە شوفێران بە نیازی ئەنجامدانی هەڵمەتێكین بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە هەرێمی كوردستان.

بەڕێوەبەری گشتی توندوتیژی دەڵێت، مەبەست لەو هەڵمەتە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیە و زۆر جار شوفێران ئەنجامدەری توندوتیژی سێكسین بە جۆرێك ئەوان زۆرترین توندوتیژی دەكەن، بۆیە بەو هەڵمەتە دەمانەوێت ڕێگری بكەین لەو دیاردەییە.

كوردۆ ئاشكرای كرد كە گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی بۆ ڕەوشی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان و لەپێناو زیاتر هۆشیاركردنەوەی شوفێران بەمەبەستی نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان بەردەوامە بۆ ئەوەی هەوڵی كەمكردنەوە و بنەبڕكردنی دیاردە نەشیاوەكان بدرێت و هەڵمەتی هۆشیاركردنەوەی سەرتاسەری دەست پێ بكرێت.

ساڵانە لە 25ی نۆڤێمبەر هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان دەست پێ دەكات و ماوەی 15 ڕۆژ بەردەوام دەبێت، بەپێی ئامارەكانی بەرێوەبەرایەتی توندوتیژی لە هەرێمی كوردستانیش ئێستە حاڵەتەكانی توندوتیژی بەرانبەر ژنان لە لێدان و سوكایەتی كەمی كردووە و ژنان زیاتر لە جاران سكاڵا تۆمار دەكەن.





وشە - رامیار جەواد