بەهۆی بەغداوە نەخۆشانی تالاسیمیا ژیانیان لە مەترسیدایە

:: PM:09:43:19/02/2018 ‌

بەهۆی كەمكردنەوەی بڕە دەرمانی تووشبوانی تالاسیمیا و نەناردنی لەلایەن بەغداوە ئێستە ژیانی بەشێك لە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان كە نەخۆشی تالاسیمیایان هەیە لە مەترسیدایە.

ئەمڕۆ دووشەم 19تی شوبات، ژمارەیەكی زۆر لە قوتابیان بەشدارییان لە هەڵمەتی خوێن بەخشین كرد لە شاری هەولێر بە مەبەستی ڕزگاركردنی تووشبوانی نەخۆشی تالاسیمیا كە ئێستە بەهۆی نەمانی دەرمان بەشی زۆریان ئاستی ئاسن لە خوێنییان زۆر بەرز بۆتەوە.

ستار عەبدولجەبار كە قوتابیەكی كۆلێژی تەكنیكی كارگێری هەولێرە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ژمارەیەكی زۆر لە قوتابیانی خوێندنی باڵا بەشدارییان كردووە لە هەڵمەتی خوێن بەخشین بەمەبەستی ڕزگار كردنی گیانی هاووڵاتییانی تووش بوو بە تالاسیمیا.

چنار سامان كە قوتابی پەیمانگەی تەكنیكی هەولێرە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەگەر بە خوێنی جەستەی من كەسێك لە مردن ڕزگاری ببێت ئەوە جێگەی دڵخۆشیە، بۆیە بێ‌ هیچ دوودڵییەك بەشداریم كردووە هیوادارم ئەو هاووڵاتییانەش وەكو ئێمە تەندروست بن، بۆیە بەغدا بەرپرسیارە لە مردنی هاووڵاتییان.

كاروان مەسعوود پزیشك و كارمەندی خوێن وەرگر بۆ "وشە" گوتی، جێگەی دڵخۆشە لەو دۆخەی هەرێمی كوردستان ئێستە خەڵكی ئاوا بە دەنگی تووشبوانی تالاسیمیا دێن لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو نزیكەی 75 بتڵ خوێن لە قوتابیان وەرگیراوە.

ئەو پزیشكە دەڵێت، تووشبوانی تالاسیمیا ڕێژەی ئاسن لە خوێنیان زۆر بەرز دەبێتـەوە بەهۆی نەبوونی دەرمان، بۆیە پێویستە زۆر زووتر لە جاران خوێندییان تێبكرێت.

"وشە" بۆ وەرگتنی زانیاری لەسەر نە ناردنی دەرمان لەلایەن بەغداوە پێوەندی بە خالس قادر كرد گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، بەڵام وەڵامی پێوەندییەكەی نەدایەوە.

لە سەرەتای ساڵێ‌ نوێ‌ عێراق بڕیاری دابوو كە بەشە دەرمانی هەرێمی كوردستان بە تەواوی بنێرێت، بەڵام تاوەكو ئێستە دوو هاووڵاتیی تووش بوو بە تالاسیمیا گیانی لە دەستداوە بەهۆی نەبوونی دەرمانی پێویست.



وشە - رامیار جەواد