وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی: له كوردستاندا ده‌رمانخانه‌ی بێ مۆڵه‌ت نییه
له هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی 30 هه‌زار ده‌رمانخانه و كۆگه‌ی ده‌رمان به نایاسایی كراونه‌ته‌وه، له كاتێكدا سه‌ندیكای ده‌رمانسازان ئاشكرای ده‌كات كه ته‌نیا 800 ده‌رمانخانه هه‌ن له هه‌ر چوار پارێزگای هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك و هه‌ڵه‌بجه كه مۆڵه‌تی یاسایی له‌وان وه‌رگرتبێت بۆ كاركردن.
له كوردستان به‌هۆی ئه‌و قازانجه خه‌یاڵییه ناڕێكخراو و بێ چاودێرییه‌ی له ده‌رمان فرۆشتندا هه‌یه، كۆڵان نییه چه‌ند ده‌رمانخانه‌یه‌كی تیادا نه‌بێ، له كاتێكدا زۆرینه‌یان نایاسایین و به‌رده‌وامیشن له كاركردن.
دكتۆر ئه‌میر شیت نه‌قیبی سه‌ندیكای ده‌رمانسازانی كوردستان بۆ "وشه" باس له‌وه ده‌كات كه له هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌وانه‌ی مۆڵه‌ت وه‌رده‌گرن بۆ دانانی ده‌رمانخانه له بازاڕ و كۆڵان و شه‌قامه‌كاندا، ده‌بێت له سه‌ندیكاكه‌ی ئه‌وان رێپێدراو بێت. دووپاتی ده‌كاته‌وه "بۆ دانانی كۆگه‌ی ده‌رمانیش به‌هه‌مانشێوه مۆڵه‌ت لای ئێمه وه‌رده‌گیرێ".
به‌ڵام وه‌ك شیت ئاشكرای ده‌كات، "له كوردستان 30 هه‌زار ده‌رمانخانه‌ی نایاسایی كراونه‌ته‌وه، زۆربه‌یشیان ده‌كه‌ونه پارێزگای هه‌ولێر، به جۆرێك نزیكه‌ی 15 هه‌زار له‌و ده‌رمانخانه و شوێنه نایاسایییانه له‌و پارێزگایه‌ن و 11 هه‌زاریش له سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه و نزیكه‌ی چوار هه‌زاریش كه‌وتوونه‌ته پارێزگای دهۆك، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی به‌ده‌یان كۆگه‌ی ده‌رمان به نایاسایی كراونه‌ته‌وه".
به‌گوته‌ی ئه‌و به‌رپرسه پیشه‌یییه‌ی بواری ده‌رمانسازیی، له هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا 800 ده‌رمانخانه‌ی یاسایی هه‌ن و مۆڵه‌تیان وه‌رگرتووه، ئه‌وان ده‌توانن نرخیان بۆ دیاری بكه‌ن و لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن. دووپاتی ده‌كاته‌وه "ئه‌وانه‌ی مۆڵه‌تیان هه‌یه و كار ده‌كه‌ن، خاوه‌نه‌كانیشیان ده‌رچووی به‌شی ده‌رمانسازین، به‌جۆرێك له هه‌ولێر 400 ده‌رمانخانه، له سلێمانی نزیكه‌ی 300 و له دهۆك 100 ده‌رمانخانه‌ی یاسایی هه‌ن، به‌ڵام له پارێزگای هه‌ڵه‌بجه ته‌نیا یه‌ك ده‌رمانخانه‌ی مۆڵه‌ت پێدراو هه‌یه".
له‌باره‌ی ئه‌و بێسه‌روبه‌رییه‌ی له كاری ده‌رمانخانه‌دا هه‌یه، دكتۆر ئه‌میر شیت گوتی، "ئێمه ناتوانین هیچ جۆره لێپرسینه‌وه‌یه‌ك بكه‌ین، ئه‌وه ته‌نیا ده‌بێت له رێی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و وه‌زاره‌تی ناوخۆوه ئه‌و ده‌رمانخانه نایاسایییانه لاببرێن، چونكه هێنده زۆرن كۆنترۆڵ ناكرێن و ئه‌وه‌ش وای كردووه ئێسته كه‌س نایه‌وێت مۆڵه‌تی یاسایی ده‌ربكات".
ده‌رمان و پیشه‌ی ته‌ندروستی راسته‌وخۆ پێوه‌ندی به ژیان و مردنی هاووڵاتییانه‌وه هه‌یه و له وڵاتانی پێشكه‌وتوو زیاتر له هه‌ر بوارێك چاودێریی به‌سه‌ره‌وه‌یه.
دكتۆر خاڵس قادر گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ "وشه" ئاماژه‌ی به‌وه دا، ده‌رمانخانه‌ی نایاسایی بوونی نییه، "ئه‌گه‌ر هه‌شبێت له رێی لیژنه‌كانی ته‌ندروستی و لیژنه ته‌ناهییه‌كانی شاره‌كانه‌وه رێگری ده‌كرێت و داده‌خرێن".
قادر گوتی، جیا له‌وانه‌ی له سه‌ندیكای ده‌رمانسازان مۆڵه‌تیان وه‌رگرتووه، ژماره‌یه‌ك ده‌رمانخانه‌یش هه‌ن له‌لایه‌ن سه‌ندیكای كارمه‌ندانی ته‌ندروستییه‌وه مۆڵه‌تیان وه‌رگرتووه، بۆیه ئه‌وانیش ژماره‌یه‌كی زۆرن.
به‌ڵام به‌رپرسه‌كه‌ی سه‌ندیكای ده‌رمانسازان دووپاتی ده‌كاته‌وه كه جۆرێكی تر مۆڵه‌ت هه‌یه بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌رمانخانه له‌لایه‌ن یاریده‌ده‌ره پزیشكییه‌كان كه ده‌توانن له سه‌ندیكای ده‌رمانسازان و سه‌ندیكای كارمه‌ندانی ته‌ندروستی مۆڵه‌ت ده‌ربێنن. به‌گوته‌ی ئه‌و، "به‌پێی ئاماری هه‌ردوو سه‌ندیكا، ئینجا پێنج هه‌زار و 300 مۆڵه‌تی ده‌رمانخانه هه‌ن له كوردستان". به‌ڵام وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ره‌تی ده‌كاته‌وه ده‌رمانخانه و شوێنی نایاسایی و بێ مۆڵه‌ت له كوردستان هه‌بن.
به‌پێی ئه‌و جیاوازییه‌ی له زانیارییه‌كانی سه‌ندیكاكان و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیدا هه‌یه، ئێسته له كوردستان 24 هه‌زار و 700 ده‌رمانخانه‌ی نایاسایی كار ده‌كه‌ن.
له به‌رانبه‌ردا هاوار حه‌سه‌ن ئه‌ندامی ده‌سته‌ی سه‌ندیكاری كارمه‌ندانی ته‌ندروستی بۆ "وشه" ئه‌وه روون ده‌كاته‌وه، سه‌ندیكاكه‌یان له هه‌رێمی كوردستان چوار هه‌زار و 500 مۆڵه‌تی داوه به‌و كارمه‌ندانه‌ی ده‌توانن شوێنی تایبه‌ت بكه‌نه‌وه و 18 جۆر ده‌رمان به‌كار بێنن، ئه‌وانیش ده‌رچووه‌كانی په‌رستاری، یاریده‌ده‌ری پزیشك، یاریده‌ده‌ری ده‌رمانساز یان یاریده‌ده‌ری ته‌ندروستین.
زیاتر گوتی "ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی ته‌ندروستی كه ئێمه مۆڵه‌تیان ده‌ده‌ینێ، ده‌توانن ته‌نیا 18 جۆری ده‌رمان به‌كار بێن، نه‌ك هه‌موو ده‌رمانێك، به‌ڵام زیاتر كاری ده‌رزی لێدان و ته‌داوی ده‌كه‌ن، چونكه پسپۆڕییه‌كه‌یان رێ به‌وه ده‌دات".
ئه‌و به‌رپرسه‌ی سه‌ندیكای كامه‌ندانی ته‌ندروستیش دووپاتی ده‌كاته‌وه كه بوونی ده‌رمانخانه و هه‌ر شوێنێكی تری نایاسایی و بێ مۆڵه‌ت، له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌واندا نییه لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن. وه‌ك خۆی گوتی "ته‌نیا چاودێریی ئه‌و شوێنانه ده‌كه‌ین كه خۆمان مۆڵه‌تمان پێ داون بۆ ئه‌وه‌ی كار بكه‌ن".
وشه/ هه‌ڵه‌بجه- سه‌لام هانه‌دنی