عێراق یەكێكیانه‌..
ئەو 10 وڵاتەی منداڵان تێیاندا ژیانیان لە مەترسیدایە

:: AM:09:45:20/02/2018 ‌


لە نوێترین راپۆرتیدا رێكخراوی منداڵپارێزی نێودەوڵەتی، ناوی ئەو 10 وڵاتەی ئاشكرای كرد كە مەترسی لەسەر ژیانی منداڵانیان هەیە بە هۆی ململانێی و شەڕەوە.

بەگوێرەی راپۆرتەكە لە هەر شەش منداڵێك لە دنیادا یەكێكیان لەو ناوچانە ژیان دەگوزەرێنن كە كاریگەرە بە ململانێ، دەڵێ لەم ناوچانەش هەمیشە منداڵان رووبەڕووی مەترسی دەبنەوە كە لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا وێنای نەبووە.

لە راپۆرتەكەدا سووریا بە مەترسیدارترین وڵات ئەژمار كراوە بۆ منداڵان، دوای ئەویش ئەفغانستان و سۆماڵ دێن، پاشان یەمەن دێت كە ماوەی چوار ساڵە شەڕ و پێكدادان لەو وڵاتە بەردەوامی هەیە.

نێجیریا و باشووری سوودان كە لە ریزبەندی پێنجەم و شەشەم دێن، عێراق لە ریزبەندی حەوتەمین مەترسیدارترین وڵات ئەژمار كراوە كە ژیانی منداڵان تێیدا لە مەترسیدایە.

بەگوێرەی راپۆرتی منداڵپارێزی نێودەوڵەتی، كۆنگۆی دیموكراتی و سوودان و كۆماری ئەفریقای ناوەڕاست لە ریزبەندی هەشتەم بۆ دەیەمین مەترسیدارترین وڵاتی دنیا ئەژمار كراون كە منداڵان تێیدا بەهۆی ململانێ و شەڕەوە ژیانیان لە مەترسیدایە.

لە راپۆرتەكە باس لە دیارترین ئەو هەڕەشانە دەكات بۆ سەر ژیانی منداڵان لەوانە شێواندنی ژیانی منداڵییان، دەستدرێژی و گێچەڵی سێكسی، چەكداركردنیان و بێبەشبوونیان لە خۆراكی پێویست و خزمەتگوزاری پزیشكی و خوێندن، هەر لە راپۆرتەكەدا ئاماژەی بۆ ئەوەش كراوە كە لایەنە ناكۆك و ململانێكارەكان تۆپبارانی خوێندنگە و نەخۆشخانەكان دەكەن كە پێشتر لە ململانێكاندا ئەو دوو ناوەندەی خزمەتگوزاری هەمیشە پارێزراو بوونە و بەشێك نەبوونە لە ململانێیەكان.

لە بەشێكی تری راپۆرتی منداڵپارێزی نێودەوڵەتی داوا دەكات رێوشوێنی بە كۆمەڵ بگیرێتەبەر بۆ وەستاندنی ئەو شەپۆلە وەحشیگەرایە و گوێنەدانە بە پاراستنی منداڵان لە كاتی ململانێیەكاندا.

سەرچاوە/ دجلە


وشە - فه‌رمان سادق