هەر ئێزیدییەكی رزگار بوو بە ملیۆنێك دینار هاوكاری دەكرێت

:: AM:11:18:20/02/2018 ‌

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران رای گەیاند، لیژنەی باڵای كۆمەكردن و حەواندنەوەی كۆچبەران پلانی خۆی بۆ ساڵی 2018 پەسند كرد كە خۆی دەبینێتەوە لە هاوكاریكردنی كۆچبەران بۆ گەڕانەوەیان بۆ سەر زێدی خۆیان و دابینكردنی پێداویستییەكانیان. لە بارەی ژنە ئێزیدییە رزگاربووانی دەستی داعش، لیژنەكە بڕیاری دا بڕی یەك ملیۆن دینار وەك هاوكاری پێیان بدرێت.

لە كۆبوونەوەی دوێنێ دووشەم 19ی شوباتی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران، لیژنەی باڵای كۆمەك و حەواندنەوەی كۆچبەران پلانی ساڵی 2018ی خۆی بۆ كۆچ و كۆچبەران پەسند كرد و چەند بڕیارێكی دەركردووە، لەوانە یارمەتیدانی كۆچبەران بۆ گەڕانەوە بۆ سەر زێدی خۆیان.

لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپییەكی دەست "وشە" كەوتووە، لە بارەی كۆبوونەوەكە، لیژنە باڵا بڕیاری ئەوەشی داوە بە بڕی یەك ملیۆن دینار یارمەتی هەر ژنێكی ئێزیدیی رزگاربوونی دەستی داعش بكات، ئەمەش بە هاوئاهەنگی دەبێت لەگەڵ ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران و بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

 هەر لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا نەوتی سپی بۆ قوتابخانەی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت دابین بكرێت.

لە بارەی ئاوارەكانی لە توركیا نیشتەجێن، وەزارەتی كۆچ لەگەڵ حوسێن خەتیب باڵوێزی عێراق لە توركیا كۆ بووەتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی رەوشی ئاوارەكان لەو وڵاتە و ئاسانكاری بۆ گەڕانەوەیان بۆ ئەوانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە عێراق.


وشە - فه‌رمان سادق