گڕكانی سومەترا ژمارەی پێوانەیی تۆمار كرد

:: PM:04:42:20/02/2018 ‌

بەرپرسانی ئەندەنۆسیا هۆشداری دەدەنە گەشتە ئاسمانییەكان لەوەی گڕكانی سومەترا ژمارەی پێوانەیی لە بەرزكردنەوە تۆماركردووە و گەیشتووەتە حەوت كیلۆمەتر.

 بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی "رۆیتەرز" ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی ئەندەنۆسیا هۆشداریان بۆ گەشتە ئاسمانییەكان داوە، چونكە گركانەكەی دوورگەی سومەترا بە شێوەیەك بۆ ئاسمان بەرزبووەتەوە، ژمارەی پێوانەیی تۆمار كردووە.

 بەرپرسانی ئەندەنۆسیا دەڵێن گركانەكە بە مەودای حەوت كیلۆمەتر بۆ ئاسمان بەرز بووەتەوە، ئەمەیش بە ژمارەیەكی پێوانەیی دادەنرێت.

مێژووی شاخە گركانییەكانی سینابۆنگ بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەم شاخانە 400 ساڵ لە چاڵاكیی گركانی وەستان، پێنج ساڵە دەستی پێ كردووەتەوە. ئەمەیش وای كردووە بەرپرسانی حكوومەت لە ساڵی 2013 وە قەدەغەی هاتۆچۆ بۆ ناوچەكانی نزیك لە سیناپۆنگ رابگەینن، بەهۆی چالاكی هەمیشەیی گركانی.

لە دوێنێەوە چەند ڤیدیۆیەكی گركانەكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە، كە تەقینەوەیەكی گركانی گەورە دەردەخەن، هەر چەندە ڤیدیۆكان لە دووری 24 كیلۆمەتر گیراون.

 ئەو ناوچە گركانییە نزیكەی هەزار  و900 كیلۆمەتر لە جاكارتای پایتەخت دوورە، پێشبینی دەكرێت بەهۆی تۆز و دووكەڵی گڕكانەكەوە چەند رۆژێك ناوچەكانی دەوروبەری شاخە گركانییەكان بە تاریكی داپۆشرێت.

سەرچاوە / سكای نیووز




وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل