بە ڤیدیۆ.. هێزەكانی سووریا بەرەو عەفرین بەڕێ كەوتن

:: PM:05:37:20/02/2018 ‌

ڤیدیۆیەك لە پەیجە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو بووەتەوە كە گوایە بۆ كاروانێكی ئەو هێزانەی سووریایە كە بڕیارە بۆ پاڵپشتیی شەڕڤانان بچنە عەفرینەوە.

 دوای رۆژێك بەسەر بڵاوبوونەوەی بڕیاری ناردنی هێزێكی سووریا بۆ عەفرین، ئەمڕۆ لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ڤیدیۆیەك بڵاو بووەتەوە، كە پێشانی دەدات دەیان ئۆتۆمبێلی پڕ لە چەكدار بە ئاڵای سووریاوە بەرەو عەفرین بەرێ دەكەون.

 لایەنی پەخشەری ڤیدیۆیەكە فەرمی نییە، بەڵكو لەلایەن كەسێكەوە لە نزیك كاروانی چەكداران وێنەی ئۆتۆمبێلەكان دەگرێت و  بە عەرەبی كەسی پەخشەر سەرنجی خۆی دەدات و دەڵێت، ئەمانە هێزەكانی سووریان دەچنە عەفرینەوە.

 وەك لە ڤیدیۆكە دەردەكەوێت هێزە چەكدارەكان سوپای رژێم نین، بەڵكو هێزێكی میلین. هاوكات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆكە، سایتەكانی نزیك لە پەیەدە هەواڵی چوونی هێزەكانی سووریا بۆ ناو عەفرین پشتڕاست دەكەنەوە.

چوونی ئەو هێزانە بۆ ناو عەفرین لە ئەنجامی ئەو دانوستاندنە دێت كە هێزەكانی سووریای دیموكرات، لەگەڵ رژێمی ئەسەد ئەنجامیان داوە، بۆ رۆیشتنی هێزەكانی سووریا بۆ ناو عەفرینەوە، بۆ رێگرتن لەو ئۆپراسیۆنەی لە20ی مانگی رابردوو هێزەكانی توركیا و هێزە هاوپەیمانەكانی لە گرووپە چەكدارە ئیسلامییەكان دژ بە عەفرین ئەنجامیان داوە.




سەرچاوە/ ئارتی 


 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل