بڕیارێكی نوێ‌ لەبارەی كافتریاكانەوە دەرچوو

:: PM:06:06:20/02/2018 ‌

بە پێی ڕێنوێنییەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر كە پێشبینی دەكرێت لە هەفتەی داهاتوو پەسەند بكرێت، دەبێت كافی و قاوەخانەكانی هەولێر لە سەعات یەكی شەو دابخرێن.

ئەمڕۆ سێشەم 20ـی شوبات، خانزاد یوسف ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەن بەهۆی گفتوگۆ لەسەر كۆمەڵێك بابەت فریای ئەوە نەكەوتین ڕێنوێنییەكانی تایبەت بە كافییەكان بخەینە دەنگدان تا بەفەرمی دەربچێت.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، لە یەكێك لە خاڵەكانی ڕێنوێنی هاتووە، پێویستە سەرجەم كافییەكانی ناو هەولێر لە دواسی سەعات یەكی شەو دابخرێن تەنیا چەند كافیەك نەبێت دەتوانن تا بەرەبەیان بمێننەوە.

خانزاد ئاشكرای كرد لە هەفتەی داهاتوودا پێشبینی دەكرێت دانیشتنێكی تری ئەنجوومەن بكرێت ئەو كاتە دەخرێتە دەنگدان و دەبێت بە بڕیار بۆ كافییەكانی هەولێر.

لە شاری هەولێر لە بەشێك لە گەڕەكەكان كافتریاكان تا بەرەبەیان دەمێننەوە بەبێ‌ پاپەندبوون بە ڕێنوێنییەكانی لایەنی پێوەندیدار.
 



وشە - رامیار جەواد