فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆردومانی هێزەكانی سووریا بەرەو عەفرین دەكەن

:: PM:06:59:20/02/2018 ‌

دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا رای گەیاند كە پلانی ناردنی هێزەكانی سووریایان بۆ عەفرین پوچەڵ كردووەتەوە، ڤیدیۆی چوونی هێزەكانی سەر بە بەشار ئەسەد بۆ عەفرین بڵاو كرایەوە، لە بەرانبەردا فڕۆكەكانی توركیا ئەو هێزانەی سووریایان بۆردومان كرد. 

ئەمڕۆ سێشەم هێزەكانی سەر بە رژێمی سووریا كە پێشتر بڕیاری رەوانەكردنیان بۆ عەفرین درابوو، گەیشتنە شارەكە و هەر ئەمڕۆیش ئەردۆغان لە لێدوانێكدا گوتی، پلانی ناردنی هێزەكانی سووریامان بۆ عەفرین پووچەڵ كردووەتەوە. وەك ئەردۆغان باسی كرد، ئەم هەوڵەی توركیایش لە رێگەی پێوەندییەكی تەلەفۆنییەوە بووە كە دوێنێ‌ لەگەڵ ڤلادیمێر پوتینی سەرۆكی رووسیا ئەنجام دراوە.

ئەمڕۆ هێزێكی میلی سەر بە رژێمی ئەسەد گەیشتنە عەفرین و چەند سەرچاوەیەكی رۆژنامەوانی ئاشكرایان كردووە كە ئەم هێزانەی رەوانەی عەفرین كراون، لەلایەن فڕۆكەكانی توركیاوە بۆردومان كراون. كەناڵی تەلەڤزیۆنی فەرمی سووریایش هەواڵی گەیشتنی هێزەكانی سووریا و بۆردومانكردنی ناوچەكانی عەفرینی لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا پشتڕاست كردەوە، بەڵام تا ئێستە باسی هیچ زیانێك نەكراوە.

 دوای ئەنجامدانی رێككەوتنێك لەنێوان هێزەكانی سووریای دیموكرات و رژێمی سووریا، ئەمڕۆ هێزێكی میلی سەر بە رژێمی سووریا چوونە عەفرینەوە.

سەرچاوە/ سكای نیوز




وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل