كۆتینیو دزی لێ كرا

:: AM:11:36:21/02/2018 ‌

فیلیپ كۆتینیوی ئەستێرەی بەڕازیلی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە ماڵەكەیدا لەلایەن چەند كەسێكی نەناسراوەوە تووشی رووداوی دزیكردن بووەوە.

رۆژنامەی (سپۆڕت)ی كەتەلۆنی بڵاوی كردەوە: پێرێ دووشەم كۆتینیو لەگەڵ ماڵباتەكەی چووبووە چێشتخانەیەكی شاری بەرشەلۆنە و لە كاتی گەڕانەوەش لە كاتێكی درەنگ بۆ دەركەوتبوو دز هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵەكەی و چەند كەلوپەلێكی تایبەتییان لێ دزیوە.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد: كۆتینیو راستەوخۆ پەیوەندی بە پۆلیسی شاری بەرشەلۆنەوە كردبوو و ئەو كەلوپەلانەی روونكردبووەوە كە لە ماڵەكەیدا دزرابوون.

سەرچاوەكە راشیگەیاند: هەر لە رۆژی دووشەمی رابردوودا كۆتینیو تووشی رووداوێكی تر هاتبوو كاتێك پۆلیس ئۆتۆمبێڵە تایبەتییەكەیان بردبوو بەهۆی راگرتنی لە شوێنی قەدەغەكراودا.

جێی باسە ماڵە نوێیەكەی كۆتینیو دەكەوێتە گەڕەكی (كاستیدیڤیلیس)ی دەوروبەری شاری بەرشەلۆنە و 20كم لە ماڵەكەی لیۆنێل میسی و لویس سوارێزی هەردوو ئەستێرەی هاوڕێی دوورن.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م