تەنگژەی دارایی بازاڕی لەنگەی سۆرانی گەرم كردوە

:: PM:01:31:21/02/2018 ‌

بەهۆی خراپیی باری ئابووریی خەڵك و هەبوونی تەنگژەی دارایی، لەنگەی سۆران بازاڕی گەرمە و رۆژانە خەڵكێكی زۆر بەتایبەت ژنان رووی تێ دەكەن و بووەتە سەرچاوەیەكی داهات، هۆكارەكەشی ئەوەیە نرخەكان لە ئاستی بژێویی ئێستەی خەڵكدان.

موهاجیر ئیسماعیل گەنجێكی دانیشتووی سۆران لە كاتێكدا لە ناو بازاڕی لەنگەی سۆران دەسووڕایەوە و دەیویست ئەو پۆشاك و كاڵایەی دەست بكەوێ كە بۆی دەگەڕێ. ئەو بۆ "وشە" گوتی لەگەڵ ژمارەیەك خاوەن دووكانی لەنگە لە سۆران رێك كەوتووم، هەر كاتێك بالە و باری نوێی جلوبەرگیان بۆ دووكانەكانیان هێنا ئاگادارم دەكەنەوە و جل و پۆشاكی باشیان لێ دەكڕم.

بە گوتەی ئەو هاووڵاتییە، نرخی جلوبەرگی لەنگە بە ڕادەیەكی زۆر لەگەڵ بازاڕی نوێ جیاوازی هەیە و ئەمەش وا دەكات هەر شتێك نرخی نزم بێت لە بازاڕ، فرۆشی زۆری دەبێت، لە كاتێكدا بەرگی لەنگە لە رووی كوالیتی و ماركەوە باشترە، تەنانەت بە بڕوای ئەو زۆربەی پارچەكانیشی جوانترە و هەر بۆیەش دەڵێت "پۆشینی بەرگی لەنگە پێوەستە بە سروشتی خەڵكەوە، زۆر كەس هەن پۆشینی ئەو بەرگانە بە گونجاو و تەندروست نازانن، من بە پێچەوانەوە، چەند ساڵێك دەبێ، هەموو پێدوایستییەكانم لە پێڵاو، كابۆ، قەمسەڵە و هەموو پێویستییەكم لەوێ دەكڕم". 

نرخی جلوبەرگی منداڵان لە بازاری لەنگەی سۆران لە 250 دیناری عێراقییەوە دەست پێ دەكات تا چوار هەزار، بەرگی كچان و ژنان لە هەزار دینارەوە دەست پێ دەكات تا 15 هەزار، جلوبەرگی پیاوانیش بەهەمانشێوە.

جەبار عەلی مامۆستا لە زانكۆی سۆران لەبارەی بەكارهێنانی جلی كۆن و بەكارهاتووی لەنگە بە "وشە"ی گوت، زۆری رەنگ و براند و ماڕكە و جۆراوجۆرێتی قەبارە و گونجاوی نرخەكان و نزمیی ئاستی داهاتی تاكەكەس، هۆكاری بنەڕەتین وا دەكات خەڵك خواستی لەسەر كڕینی جلی بەكارهاتوو و كۆنە هەبێت.

لە هەمان كاتدا ئەو جلانە لە بازاڕە میلییەكان دەفرۆشن و گران لەسەر فرۆشیار ناكەون وەك كرێ و باج و فرۆشتنی بە نرخێكی كەم. ئەو مامۆستایە كە یەكێكە لە بەكارهێنەرانی جلوبەرگی لەنگە، دووپات لەوە دەكاتەوە، زۆر جار خەڵك هەیە داهاتیش باشە، بەڵام بەدوای جۆرێك لە ستایل و مۆدێل دەگەڕێت رەنگە لە مۆڵەكان دەست نەكەوێت و ناچار دەبێت روو لە بازاڕی لەنگەفرۆشان بكات بۆ دەستكەوتنیان.

بەتانی و سەرچەف و پەردە لە بازاڕی لەنگەی سۆران، نرخیان لە سێ هەزارەوە دەست پێ دەكات تا 35 هەزار دینار، پێلاوی ژنان و پیاوانیش لە سێ هەزارەوە تا 10 هەزارە. بەپێی لێكدانەوە و بەراوردێك نرخی بازاڕی لەنگە بەگشتی ئەم نرخانە دوو بەرانبەر و یا سێ بەرانبەر زیاترە لە بازاڕ.

ئاواز شێرزاد كچێكی دانیشتووی سۆرانە و سەردانكەرێكی بەردەوامی بازاڕی لەنگەیە بە "وشە"ی گوت، جلی منداڵان و ژنان بەو پێیەی زۆرتر و زووتر بەكار دەهێنرێت، بۆیە حەز بە گۆڕانگاری دەكەین، لەماوەی چەند رۆژێك جارێك سەر لە بازاڕی لەنگە دەدەین، ئەوەی پێویستە لە جلوبەرگ، هەروەها پۆشاكی ماڵەوە لە بازاڕەكە بەنرخێكی كەم دەكڕین.

بازاڕی لەنگەی سۆران، دەكەوێتە خوارووی بازاڕی زێڕنگرانی شارەكە و لە شەقامی سەرەكییە، نزیكی 100 دووكان لەخۆ دەگرێ، جیا لەو بازاڕە لە شوێنە جیاجیاكانی سۆران بەهۆی گەرمیی بازاڕی كۆنەوە، خەڵك دووكانی شتومەكەكانی تریان تێك داوە و گۆڕیویانە بۆ دووكانی جلوبەرگ و پۆشاكی لەنگە.

دیار سیتەكانی خاوەن دووكانی جلوبەرگ و پۆشاكی لەنگەیە لە ناو بازاڕی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، بازاڕی لەنگە بە گشتی وەرزی پایز و زستانان باشە و دوای مانگی یەك بازاڕ گۆڕانكاری بەسەردا دێت و لاواز دەبێت، بەڵام لەم ساڵانەدا خەڵك زیاتر روویان لە بازاڕی لەنگە كردووە،  هەبوونی تەنگژەی دارایی  وای كردووە بازاڕی لەنگە رەواجی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

ئەو دەڵێ، جاران تەنیا توێژێكی هەژار ڕوویان لە بازاڕی لەنگە دەكرد، ئێستە هەموو توێژەكان بۆ دەستكەوتنی پۆشاكی لەنگە روومان تێ دەكەن، بەتایبەتی مامۆستایان و فەرمانبەران و بەشێكی زۆری قوتابییانی زانكۆ و پەیمانگەكان، هەروەها خەڵكی كەمدەرامەت شتومەكی لەنگە بەكار دێنن.

وشە/سۆران-موڕشید برادۆستی






وشە - تایبه‌ت