كچێكی ته‌مه‌ن 14 ساڵی، پێش ساڵێك باوكی خۆی به ده‌مانچه ده‌كوژێت، به‌و هۆیه‌وه ساڵێكه ده‌ستبه‌سه‌ره له گرتووخانه‌ی سلێمانی، به‌ڵام تا ئێسته حوكم نه‌دراوه. خۆی ده‌ڵێ "باوكم ویستی ده‌ستدرێژی بكاته سه‌رم به زه‌بری ده‌مانچه، بۆیه به‌هه‌مان ده‌مانچه كوشتم".
"ساوێن" ناوی خوازراوی ئه‌و كچه‌یه كه ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر باوكی خۆی كوشت و له‌وكاته‌وه له‌ناو گرتووخانه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌كات دادوه‌ر حوكمێكی به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌یسه‌كه‌ی له قۆناغی لێكۆڵینه‌وه‌دایه، نازانرێت ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ی تا كه‌ی درێژه ده‌كێشێت و ئه‌نجامه‌كه‌ی چی ده‌بێ.
سه‌ره‌تای ڕووداوه‌كه دوای ئه‌وه دێت كه باوكه‌كه له‌ڕێی دادگاوه (ساوێن) و خوشك و براكه‌ی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ لای خۆی، به‌ڵام وه‌ك ساوێن ده‌ڵێ، "شه‌وێك به‌سه‌رخۆشی هاته‌وه و ویستی ده‌ستدرێژی بكاته سه‌رم، به‌ڵام به‌ره‌نگارییه‌كه‌م به كوشتنی ئه‌و كۆتای هات". ئه‌و كچه له گرتووخانه‌ی سلێمانییه‌وه چیڕۆكی خێزانه‌كه‌ی و كوشتنی باوكی بۆ "وشه" ده‌خاته ڕوو به‌وه‌ی باوكی به‌سه‌رخۆشی چووه‌ته سه‌ری و پێی گوتووه زۆر له دایكت ده‌چی. "به‌شێوازێكی دڕندانه ده‌ستی به گیانمدا ده‌هێنا، كه زانی من ڕازی نیم، ده‌مانچه‌ی له‌سه‌ر سه‌رم دانا بۆ ئه‌وه‌ی به زۆر سێكسم له‌گه‌ڵ بكات، به‌ڵام نه‌مهێشت و كوشتم".
دایك و باوكی (ساوێن) ماوه‌ی 10 ساڵه له یه‌ك جیا بوونه‌ته‌وه، كاتێك جیا ده‌بنه‌وه، منداڵه‌كان ده‌درێن به دایكی، به‌ڵام دوای هه‌شت ساڵ باوكیان له ڕێی دادگاوه وه‌ریان ده‌گرێته‌وه. خوشكه گه‌وره‌كه‌ی له كاتی گه‌ڕانه‌وه بۆ لای باوكیان له ته‌مه‌نی 14 ساڵی هاوسه‌رگیری ده‌كات، ئه‌وكات ته‌نیا ساوێنی 13 ساڵ و براكه‌ی ده‌مێننه‌وه. به‌گوته‌ی ئه‌و كچه "باوكم زۆر خراپ بوو، هه‌موو خزم و كه‌سوكار لێی بێزار بوون، بۆیه كاتێك كوژرا ماڵی باوپیر ده‌یانگوت هه‌موومانت له ده‌ست ئه‌و خوێنخۆره ڕزگار كرد".
ساوێن ئه‌وه ناشارێته‌وه كه باوكی هه‌میشه به‌رامبه‌ر ئه‌و جیاواز بووه، هه‌ڵسوكه‌وتی نه‌رم بووه له‌گه‌ڵیدا و پێی گوتووه له هه‌موویان زیاتر خۆشی ده‌وێت چونكه زۆر شێوه‌ی له دایكی چووه، به‌ڵام به‌گوته‌ی ئه‌و "ناكۆكی زۆری له‌گه‌ڵ براكه‌م هه‌بوو، چه‌ندجار شه‌ڕ و ناخۆشی له نێوانیان ڕووی داوه و باوكم لێی ده‌دا".
ساوێن باسی ئه‌و شه‌وه ده‌كات كه باوكی تێدا كوشت و ورده‌كارییه‌كانی ده‌خاته ڕوو، "ئه‌و ئێواره‌یه باوكم زۆری خوارده‌وه و زۆر سه‌رخۆش بوو، بانگی كردم سه‌ره‌تا هه‌ر قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كردم و دواتر باوه‌شی لێدام و ماچی كردم، هه‌ستم به هه‌ندێ جووڵه‌ی نامۆ كرد، بۆیه خۆم لێ دوور خسته‌وه، ئه‌ویش به‌و به‌رهه‌ڵستییه‌م تووڕه بوو هه‌ندێ قسه‌ی كرد، هه‌ر ده‌یگوت تۆ زۆر له دایكت ده‌چی و من زۆر دایكتم خۆش ده‌وێ، به‌ڵام ئه‌و نه‌یتوانی له‌گه‌ڵم بێت و منی نه‌ویست و به‌جێی هێشتم، ئیتر له‌ناكاو هه‌موو شت تێكچوو".
له كاتی باسكردنه‌كه‌دا (ساوێن) چاوه‌كانی پڕ فرمێسك بوون و ده‌ستی ده‌له‌رزی و به ده‌نگێكی پڕ گریانه‌وه به‌رده‌وام بوو، "باوكم ده‌مانچه‌ی له‌سه‌ر سه‌رم دانا گوتی ده‌بێت خۆتم راده‌ست بكه‌ی، ئه‌گه‌ر نا ده‌تكوژم، منیش هاوارم كرد و ده‌مویست ده‌مانچه‌كه لاببه‌م، له‌وكاته‌دا ده‌مانچه‌كه له ده‌ستی هه‌ردووكماندا ته‌قی و به‌ر سه‌ری باوكم كه‌وت".
به‌پێی گوته‌كانی ساوێن، له كاتی ڕووداوه‌كه‌دا براكه‌ی له ماڵ بووه، به‌ڵام نه‌چووه‌ته ناو هه‌را و شه‌ڕی خوشك و باوكیه‌وه و به‌شدار نه‌بووه له كوشتنه‌كه‌دا. دوای ئه‌وه‌ی باوكی ده‌گه‌یه‌نرێته نه‌خۆشخانه، ساوێن و براكه‌یدا ده‌چنه سه‌ردانی، به‌ڵام له‌وێ باوكیان گیان له ده‌ست ده‌دات. ساوێنیش خۆی به‌ده‌ست پۆلیسه‌وه ده‌دات.
ئه‌یاد ئیسماعیل كاكه‌یی پارێزه‌ر له‌باره‌ی كه‌یسی ساوێن و كوشتنی باوكی، بۆ "وشه" روونی كرده‌وه، "به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی تا ئێسته (ساوێن) حوكمی به‌سه‌ردا نه‌سه‌پێنراوه، كه‌یسه‌كه‌ی هه‌ر له قۆناغی لێكۆڵینه‌وه‌دایه، ئه‌ویش به‌هۆی چه‌ند هۆكارێكی جیاواز و زۆر، چونكه ته‌مه‌نی خاوه‌ن كه‌یسه‌كه منداڵه و خوار 18 ساڵه".
به‌گوته‌ی كاكه‌یی "له حاڵه‌تی وادا زۆرجار دادوه‌ری لێكۆڵه‌ر گومانی هه‌بوونی كه‌سێكی ون ده‌كات له‌ناو كه‌یسه‌كه‌دا، له كاتی كوشتنی كه‌سێكیشدا ڕێكاره یاسایییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو به‌دواداچوونیان بۆ ده‌كرێت، چونكه تاوانه‌كه له‌ناوبردنی ڕۆحی كه‌سێكه، بۆیه چه‌ند فه‌رمانگه‌یه‌كی جیاوازی پێكه‌وه‌به‌ستراو به‌و كه‌یسه، كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن".
له‌باره‌ی جۆری حوكمی یاسایی ئه‌و كه‌یسانه، پارێزه‌ره‌كه ئاماژه‌ی به‌وه دا "له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ كه‌یسێكی كوشتن له‌وه‌ی تر ناچێت و هۆكار و پاڵنه‌ر و ته‌مه‌ن و چه‌ندان هۆی تر هه‌ن كه حوكمه‌كان ده‌گۆڕن، بۆیه ناتوانرێ بگوترێت حوكمی (ساوێن) چی ده‌بێت، چونكه چه‌ندان ئه‌گه‌ری گه‌وره هه‌ن كه نادیارن له دوای لێكۆڵینه‌وه‌ی ته‌واو ده‌رده‌كه‌ون ئه‌وكات به له‌به‌رچاوگرتنی ته‌مه‌ن و هۆی كوشتن كه پارێزگاری له‌خۆكردنه، یان كوشتنی بێ هۆكار حوكمه‌كه‌ی له‌لایه‌ن دادوه‌ری گشتییه‌وه ده‌رده‌چێت".
وشه/ هه‌ولێر- ئیڤان عه‌بدوڕه‌حمان