تەندروستترین ڕێگە بۆ شۆردنی ڕووخسار

:: PM:03:47:21/02/2018 ‌
پێستمان زۆركات دەكەوێتە بەر پێكهاتەی جۆراوجۆری دەرەكی وەكو تیشكی خۆر، باران، تۆز، پیسی، ئارەق كردنەوە، لەگەڵ بەرهەمهێنانی ئەو چەورییەی كە پێست دەری دەدات، بێگومان هەریەك لەمانە كاریگەری لەسەر پێست دروست دەكات، ئەم هۆكارانە دەبنە هۆی دروستبوونی كون بە شێوەیەكی بەردەوام و نەشۆردنی پێست بە شێوەیەكی تەندروست پێست توشی ڕووشان و شكان و بڵاوبوونەوەی زیپكە و زوو دەركەوتنی چرچ و دروستبوونی پەڵە دەكات، بەڵام  ئەگەر بەشێوەیەكی زانستی پێستت بشۆی، ئەوا تووشی ئەم كێشانە نابیتەوە.

باشترین و تەندروستترین شێوازی شۆردنی پێست ئەمانەی خوارەوەیە:

یەكەم: پێستت بەئاوی گەرم بشۆ، یەكەم هەنگاو كە پێویستە پێڕەوی بكەیت، شۆردنی پێستە بە ئاوی گەرم، دوای ماددەی پاككەرەوە بەكاربهێنرێت، ئەمە یارمەتی لابردنی ئەو پیسییانە دەدات كە لەسەر پێست كۆ دەبنەوە، هەروەها پێویستە دوای شوشتنی بە خاولیەكی نەرمی خاوێن پاك بكرێتەوە.

دووەم: تۆنەر بەكاربهێنە، تۆنەر بۆ شێداركردنەوەی پێستە،  دوای شوشتنی بە ئاوی گەرم پێویستە تۆنەر بەكاربهێنرێت، پارچە لۆكەیەك بەگیراوەی تۆنەرەكە تەڕ بكە و بە هێواشی پێستی پێ‌ بسڕە تا وشك دەبێتەوە، ئەم ڕێگەیە تەواو گونجاوە، بۆ ئەو كەسانەی كە پێستیان چەورە و یارمەتی كەم كردنەوەی چەوری پێست دەدات.

سێیەم: پێویستە دەرمانی تایبەت بەو كێشانەی كە تووشی پێست دەبن بەكاربهێنرێت، بەكارهێنانی دەرمان بۆ رێگری كردنە لە زیادبوونی ئەو پێشهاتانە وەكو زیپكە و پەڵە یان ڕووشان پێویستە بەكاربهێنرێت.

چوارەم: كرێمی چاو لەبیر مەكە، كرێمی چاو پێویستە، چونكە پێستی دەوری چاوەكان توند دەكاتەوە، بەتایبەتی بۆ ئەو شوێنانەی دەوری چاوت بەكاری بهێنە كە هەست بە چرچبوونی دەكەیت، زۆرێك لە بەرهەمەكانی كرێمی ژێرچاو كۆلاجینیان تێدایە كە ڕێگە لە چرچ بوون دەگرێت.

پێنجەم: دژەخۆر زۆر گرنگە، ئەگەر بتەوێت پارێزگاری لە پێستت بكەیت ئەوا پێویستە دژەخۆر بەكاربهێنیت بەتایبەتی ئەو دژە خۆرانەی كە تیشكی UVA/UVB دەگەڕێنێتەوە، بەمەش پارێزگاری لە پێست دەكات، بەڵام پێویستە رێژەی SPF لە 30 زیاتر بێت، بۆ ئەوەی زیانەكانی تیشكی خۆر كەم بكاتەوە.

سەرچاوە/ healthybuilderz



وشە - ئاوات ئازاد