ئەگەر بە زەمەندا بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم و بە تایبەت بۆ ساڵانی 1910 و 1920 لە هەر كەسێكی ئەوسا و ئێستەیش كە شارەزای مێژووی ئەوكاتە بێ بپرسین، لەوپەڕی ئاسیا تا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، لە گرینلاندی باكورەوە تا كیپ تاونی باشووری ئەفریقا، وڵاتێك كە لە هەمووان بەهێزتر بووبێ و بەردەوام بووبێ لە داگیركاری كێ بوو، بە دڵنیایییەوە هەمووان ناوی بەریتانیا دەهێنن، كە خاكی ژێر دەستی گەیشتە 30 ملیۆن مەتری چوارگۆشە و بوو بە گەورەترین ئیمپراتۆریەت لە مێژوو و بەهێزترین سوپا لە دنیا، تەواوی ئاوەكانی گۆی زەوی لەژێر حوكمی ئەوان بوو، ئابووری ئەوان لە یەكەمی دنیادا بوو، كاتێك بیر لە مەزنی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا دەكەیتەوە، بیرت بۆ ئەوە دەچێ چۆن و كێ توانیویەتی ئەو زلهێزە یەكەمەی دنیا بشكێنێت؟ دەتوانین لە خوارەوە وەڵامی گونجاومان دەست بكەوێ.
بەر لە ئەفسانەكە
خەڵكی ئێرلەندا لە ساڵی 1691ەوە تا كۆتای سەدەی هەژدەیەم بە تەواوی لەلایەن بەریتانیا داگیر كرابوون، لە 1798 یەكەم شۆڕشیان بەرپا كرد و پیاوە ئاتێستەكانی ئێرلەندا سەركردایەتیی شۆڕشیان دەكرد و بنەماكانی كۆماری ئێرلەندایان دانا و بیرۆكەی سەرەكی شۆڕشەكەیش لە شۆڕشی فڕەنسی و شۆڕشی ئەمەریكاوە سەرچاوەی گرتبوو، بە شۆڕشی ئایار/مایۆ ناو دەبرێ و لەمەدا توانییان بۆ ماوەی دوو مانگ بەرەنگاری داگیركاری بەریتانیا ببنەوە، دواتریش فڕەنسییەكان هەزار سەربازیان بە سەركردایەتیی جەنەراڵ هامبرت بۆ پشتیوانی شۆڕش نارد و پێنج هەزار چەكداری شۆڕشیش دەستیان بە جەنگ كرد و سەركەوتنی گەورەیان بەدەست هێنا و شكستیان بە دوو تا شەش هەزار سەربازی بەریتانی هێنا و ناچاریان كردن لە جەنگی شاری "كاسلبار"ی بەناوبانگ پاشەكشە بكەن.
ئەو ڕزگاركردنەی شاری كاسلبار زۆری نەخایاند و هەمووان دەیانزانی بەریتانیا بە هێزی زۆرەوە جارێكی تر دەگەڕێتەوە، شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە بەردەوام بوو، تا لە دوایی كپ كرایەوە، بەڵام ئێرلەندەییەكان بەردەوام دەستیان بە شۆڕش و جیابوونەوە و سەربەخۆیی كرد، هەموو جاریش نەیاندەتوانی بە خەونەكەیان بگەن، ئەوان پێویستیان بە موعجیزەیەك بوو، تا لە دەست بەریتانییەكان ئازادیان بكات و دەوڵەتێك بۆ خۆیان ڕابگەیەنن، لە كۆتای جەنگی یەكەمی جیهان ئەو دەرفەتەیان بۆ ڕەخسا و توانییان بە تەواوی بەریتانیا لە وڵاتەكەیان دەربكەن و كۆماری ئێرلەندا دابمەزرێنن.
لە نیسان/ئەپریلی 1916 و لە ژێر سەركردایەتیی مامۆستای زمانی ئێرلەندی "پاتریك بێرس" و بە ڕێكخستن و كۆكردنەوەی تواناكان لەلایەن ئەنجوومەنی سەربازی ڕێكخراوی برایانی كۆماری ئێرلەندا، شۆڕش هەڵگیرسا و شۆڕشگێڕان هێرشیان كردە سەر بنكە و بارەگا سەربازییەكانی بەریتانیا لە دبلنی پایتەختی ئێرلەندا و توانییان بە تەواوی ئازادی بكەن و كۆماری ئێرلەندای سەربەخۆیان ڕاگەیاند، بە پەلە ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا وەڵامی دانەوە، هەزاران سەربازی ڕەوانەی ئێرلەندا كرد، بۆ ئەوەی دەستبەسەر پایتەخت بگرنەوە و ڕاپەڕینەكە سەركوت بكەن و تەواوی شارەكانی ئێرلەندا بخەنە ژێر ڕكێفی خۆیان و بە تەواوی بەسەر چەكدارەكان زاڵ بن، بەڵام لە كۆتادا بەریتانیای مەزن بە تەواوی كۆنتڕۆڵی بەسەر ئێرلەندا نەما و شكستی هێنا.
شەقامەكانی دبلن لە ڕۆژی 24ی نیسان/ئەپریل دەستیان بە شەڕی قورسی سەر شەقامەكان كرد و تاكتیك و پلانی وردیان لە هەموو ناوچەكان گرتەبەر، پێش ئەوەی بە پایتەختی ئێرلەندا بگەن، لە بەرانبەردا بەریتانییەكان بە هێزێكی زۆر و ڕێكخراو و تۆپخانەوە هێرشیان كردە سەر شۆڕشگێران و بە چڕی دبلینیان بێ جیاوازی لە نێوان چەكدارانی شۆڕشگێڕ و خەڵكی سڤیل بۆردمان كرد، شەڕەكەی شاری دبلن شەش ڕۆژی خایاند، دواتر ئێرلەندییەكان خۆیان ڕادەست كرد، بەهۆی زۆری هێزی بەریتانیا و نابەرانبەری لە چەكدا، لە ماوەی ئەو شەش ڕۆژەی جەنگدا، ئێرلەندییەكان توانییان 200 تا 500 سەربازی بەریتانی بكوژن، لە ڕیزەكانی خۆیانیش تەنیا 70 تا 80 كەس كوژراون، بەڵام زیاتر لە دوو هەزار و 600 كەسی ئێرلەندی بەهۆی بۆردمانی تۆپخانەكانی بەریتانیاوە بریندار بوون.
دوای خۆبەدەستەوەدانی شۆڕشگێران، بەهۆی نابەرانبەری چەك و سوپا، بەریتانییەكان دەستیان بە هەڵمەتێكی چڕی گرتن و سزادان كرد، كە لە ئەنجامی ڕاپەڕینی جەژنی قیامە "هەستانەوە" ئەنجام درا، واتە شۆڕشەكەی ئێرلەندییەكان هاوكات بوو لەگەڵ جەژنی هەڵسانەوەی پەیامبەر عیسای مەسیح، حاڵەتی نائاسایییان ڕاگەیاند، تەواوی ئێرلەندایان خستە ژێر و حوكمی سەربازی و زیاتر لە سێ هەزار و 500 كەسیان گرت، زۆرینەیان هیچ پێوەندییەكیان بە شۆڕشەكەوە نەبوو، هەموویان بۆ سەربازگەكانی وێڵز ناردن و سزای زۆر قورسیان دان و لە دادگەی سەربازی سزای مەرگیان بەسەردا سەپاندن.
ئەو شكستە قورسەی ئێرلەندییەكان تووشی بوون، چاوی خەڵكەكەی كردەوە و زیاتر لە ئازادبوون گەیشتن، بۆیە هەمووان كۆ بوونەوە و داوای یەكڕیزی ئێرلەندیییەكانیان كرد، گردبوونەوەی گەورەی میلی دروست بوو، هەمووان داوای سەربەخۆیی ڕەهایان دەكرد و بە هیچ شێوەیەك ئامادە نەبوون لە ژێر دەستەیی ئیمپراتۆری بەریتانیا بمێننەوە، ئەو خەونەیشیان دوای دوو ساڵ لە بەرپاكردنی شۆڕشەكە بۆ هاتە دی و لە كانوونی یەكەم/دیسێمبەری 1918 توانیان كۆماری ئێرلەندا ڕابگەیەنن و وەك ڕۆژی سەربەخۆیی ئێرلەندییەكان هەموو ساڵ یادی دەكەنەوە.
دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن پارتی كۆمارییەكان و حزبی شین فاین لە هەڵبژاردن توانییان 73 كورسی بەدەست بهێنن، داوی ئەوەی دەیان ساڵ بوو زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمان لەلایەن حزبی نیشتمانی پەرلەمانییەوە بەدەست دەهێنرا، پاش ئەوەی كۆماریخوازەكان بوونە زۆرینە، ڕەتیان كردەوە یەكەم دانیشتنی پەرلەمان لە لەندەن ئەنجام بدرێ و لە دبل دانیشتنی پەرلەمانیان ساز كرد، ئەمەیش بە بڕوای ئیمپراتۆریەتی مەزنی بەریتانیا خیانەتێكی گەورە بوو دژ بە سەروەریی ئیمپراتۆرییەكە.
عەبقەرییەكەی ئێرلەندا
مایكلی منداڵ لە سەرەتای تەمەنیدا لەگەڵ باوكی كاری كشتوكاڵی دەكرد و باوكی ئەندامێكی كارای حزبی نەتەوەپەرستی ئێرلەندا بوو، دایكیشی مامۆستای بیركاری بوو، ئەوكاتەی باوكی مرد، مایكل تەمەنی تەنیا حەوت ساڵ بوو، بەڵام باوكی كاریگەری زۆر گەورەی لەسەر كەسایەتی منداڵەكەی بەجێ هێشتبوو، دینیس لیۆن مامۆستای قوتابخانەی ود فێلد كە قوتابخانەی گوندی جیمس سانتری بوو، دەڵێ، باوكی لە منداڵییەوە ڕقی زۆری لە دڵی منداڵەكەی دژ بە بەریتانیییەكان چاند، بیرۆكە و پلانی زۆر گەورەیشی فێر دەكرد، بەردەوام باسی ئازادی و سەربەخۆیی ئێرلەندای لەگەڵیدا دەكرد، بۆیە باوكی لە سەرە مەرگدا گوتی، ڕۆژێك لە ڕۆژان كوڕەكەم دەبێتە پیاوێكی زۆر مەزن و كاری زۆر مەزن بۆ ئێرلەندا دەكات، لەوكاتە مایكل جۆن كە دەكاتە باوكی مایكل كۆلنز ئەو قسانەی دەكرد، كوڕەكەی تەنیا تەمەنی شەش ساڵان بوو.
كۆلنز لە تەمەنی 12 ساڵی خوێندنی سەرەتای تەواو كرد، خوێنەرێكی زۆرباش بوو، دواتر لە تەمەنی 15 ساڵی ڕووی لە لەندەن كرد بۆ خوێندنی زیاتر، پاشان بوو بە ئەندامی برایانی كۆماریخوازی ئێرلەندا، بەشێوەیەكی نهێنی لەگەڵ ئەوان كاری دەكرد، بۆ بەدیهێنانی ئامانجی گەلەكەی كە دەوڵەتێكی سەربەخۆ بوو، ئەو لە ساڵی 1916 گەڕایەوە دبلن بۆ بەشداری لە شۆڕشی جەژنی هەستانەوە، لە پۆستی یاریدەدەری یەكێك لە فەرماندەكانی شۆڕشەكە دانرا، دواتر فەرماندەكە لە سێدارە درا و كۆلنز وەك یەكێك لەو هەزاران كەسەی تر، گیرا و خرایە گرتووخانەكانی بەریتانیاوە.
ماوەی چەندان مانگ لە گرتووخانە مایەوە و تەواوی ئەو ماوەیە بیری لە وەڵامی یەك پرسیار دەكردەوە، كە بۆچی شۆڕشەكەیان شكستی هێنا؟ پرسیارەكەی كۆمەڵێك پرسیاری یەكجار زۆری بەدوای خۆی دا دەهێنا، بۆیە لەو ماوەیە هاوشێوەی توێژەرێك بەردەوام لە مێشكییەوە بیری لە وەڵامی پرسیارەكان دەكردەوە، كە بۆچی بە درێژایی مێژووی داگیركاری وڵاتەكەی، سەرجەم ڕاپەڕین و شۆڕشەكانیان شكستی هێناوە، لە گەورەترین و بچووكترین شۆڕشەوە دەستی پێ كرد، لە قەبارەی سەرباز و هۆكارەكانی شكست و هەموو ڕوانگەكانەوە بە وردی بیری كردەوە، ئەم بیركردنەوە بەردەوامانەی ئەو و پرسیارە زۆرەكان و وەڵامەكان، دواتر بوون بە ستراتجی كۆلنز بۆ هەڵگیرسانی شۆڕش، ستراتیجەكەی زیاتر سەربازی بوو، دەیان تاكتیك و تەڵە و بۆسەی تێدا بوو، بۆ سەركەوتنی زیاتری شۆڕش، هەموو ئەوانەیشی بۆ ئەوە بوو، دوای ئازادكردنی بەهێزترین و گەورەترین ڕاپەڕین لە وڵاتەكەی بەرپا بكات و خەونی گەلەكەی لە گەیشتن بە سەربەخۆیی بێنێتەدی.
وەك كۆلنز ئاماژەی پێ داوە، گەورەترین و بنەڕەتیترین هەڵەی سەرنەكەوتنی شۆڕشەكانی تری ئێرلەندا، نەبووی ڕێكخستن و كاری ڕێكخراوەیی و بەرنامە و پلان بووە، بۆیە دوای ئازادبوونی یەكەم شت كە دەستی پێ كرد، دەستی بە كۆكردنەوەی ڕێكخراوە كاراكان كرد و جەماوەرێكی زۆری لە دەوری خۆی كۆ كردەوە، تا لە هەناوی ئەو كۆبوونەوە و ڕەوتە نیشتمانپەروەرییەی دروستی كردووە، هەمووانی لە ژێر ڕێكخراوی برایانی كۆماریخوازی ئێرلەندا و پارتی شین فاین كۆ كردەوە و بنەما و سیستەمی زۆر ورد و توندوتۆڵی داڕشت، جیا لەوە ڕێكخراوێكی تری دامەزراند بەناوی خۆبەخشانی ئێرلەندا، كە وەك سوپای كۆماری ئێرلەندا مامەڵەی لەگەڵ دەكردن، مایكل پلانی زۆری دانا و یەكێكی تر لەو تەوەرانەی بە وردی كاری لەسەر دەكرد، دروستكردنی تۆڕێكی زۆر نهێنی و خێرایی ئاڵوگۆڕی زانیاری و هاوئاهەنگی بوو لە نێوان شار و ناوچە جیاجیاكان و یەكەكانی هێزی شۆڕش.
لایەنێكی تر كە عەبقەرییەكەی ئێرلەندا زۆر گرنگی پێ دا، بریتی بوو لە لایەنی دارایی و بەخشینەكان بۆ شۆڕش و لەوێوەیشەوە چاودێریكردنی بێوەژن و هەتیوانی ئێرلەندا و هاوكاریكردنی كەسوكاری ئەو گیراو و كوژراوانەی بەهۆی شۆڕشی جەژنی هەستانەوە بێ كەس و بێ شوێن و خۆراك و هاوكاری مابوونەوە، هاوكاری بۆ ئەو كەسانەیش بڕییەوە كە هیچ شوێنێك و هیچ داهاتێكیان نییە، ئەو كارەی ئەو زۆرترین گرنگی هەبوو لەناو كۆمەڵگەی ئێرلەندا و هەمووان وەك كەسێكی سەروو ئاسایی لێیان دەڕوانی و لە دەوری ئەو كۆ بوونەوە.
دوای تێپەڕینی سێ مانگ بەسەر دەرچوونی لە گرتووخانە لە شوبات/فێبرایەری 1917 كۆلنز بووە ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای برایانی كۆماریخوازی ئێرلەندا، دوای ماوەیەك كەم بووە سكرتێری گشتیی ڕێكخراوەكە، لە هاوینی 1919 بووە سەرۆكی برایانی كۆماریخواز، سەركەوتنی خێرایی و وەرگرتنی ئەو پلە و پۆستە گرنگانە پێگە و جەماوەرێكی یەكجار زۆری لە ناو ئێرلەندا بۆ ئەو دروست كردبوو.
ئەو بیری لە هەموو لایەنێك كردبووە، بۆ بەرپاكردنی شۆڕشێكی سەركەوتوو، یەكێك لەوانەیش نەبوونی زانیاری ورد بوو لەسەر لایەنی بەرانبەر، بەریتانییەكان هەموو شتێكیان لەبارەی شۆڕشگێڕانەوە دەزانی، بەڵام شۆڕشگێڕان بەشێوەیەكی ناڕێكخراو بێ زانیاری ورد و تاكتیكی سەركەوتوو دەستیان دەدایە چەك و ڕووبەڕووی بەریتانیییەكان دەبوونەوە، سەرەنجام تووشی شكستی دەكردن.
لە تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری 1917 كهسێكی ڕزگاربوو لە حوكمی لەسێدارەدان بە هۆی بەشداری لە شۆڕشی جەژنی هەستانەوە، بووە سەرۆكی حزبی شین فاین، ئەمەیش لە هەمان كات بوو، كۆلنز بووە ئەندامی دەستەی باڵای حزبەكە، ئیمۆن دی ڤالێرا دوای ماوەیەك بە سەرۆكی ڕێكخراوی خۆبەخشانی ئێرلەندا هاتە هەڵبژاردن، كە وەك سوپای كۆماری ئێرلەندا لەوكاتەوە پلانی بۆ دانرابوو، ئنجا كۆلنز كرایە بەڕێوەبەری پلاندانان و فەرماندەی گشتی هێزەكان، لە ئادار/مارسی 1918 كۆلنز بووە بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگری ڕێكخراوە، ئەو پۆستەی ئەو بەردەوام دەیویست وەری بگرێت.
دوای وەرگرتنی پۆستە نوێكەی، كۆلنز گەورەترین تۆڕی هەواڵگری لە ئێرلەندا و مێژووی وڵاتەكە دامەزراند و تۆڕی سیخوڕانی تا دڵی بەریتانیا و لەندەن درێژ دەبوونە، سیخوڕەكانی كۆلنز لە هەموو شوێنێك و دەستیان بە هەموو شتێك دەگەیشت، بە تۆڕێكی وردی گەیاندنیش بە سەركردایەتیی هەواڵگری و خۆی بەسترابوونەوە، توانییان سەدان نامەی نهێنی ئاراستەكراو لە بەریتانیاوە بۆ پۆلیسی شاهانەی ئێرلەندا بگرن و كۆدەكانی بكەنەوە، هاوكات پۆلیسی دبلینیش بەهەمانشێوە لە ڕووی هەواڵگری و زانیارییەوە هەموو نهێنییەكانی كەوتبووە دەست كۆلنز، ئەو دوو هێزەیش لە بەرژەوەندی داگیركاری بەریتانیا بۆ ئێرلەندا كۆششیان دەكرد، كۆلنز بەر لەوەی نامەكان بگاتە دەستی ئەو دوو هێزە، دەیخوێندەوە و دەیزانی بەنیازی چین و چی ڕوو دەدات. بەهۆی مەترسیداربوونی كۆلنز لەسەر داگیركارییەكەی بەریتانیا بۆ سەر ئێرلەندا، بۆیە وەك كەسی پلە یەكی داوا كراون لەلایەن لەندەنەوە ناوی لە ڕیزی داواكراوانەوە بوو، هەرچەندە بەریتانییەكان توانییان ئیمۆن دی ڤالێرا و تەواوی سەركردایەتیی حزبی شین فاین بگرن، بەڵام هیچ كات نەیانتوانی كۆلنز بدۆزنەوە و بیگرن، ئەمەیش هەڵەیەكی زۆر گەورە بوو و بەریتانیییەكان سەرچاوەی شۆڕشی ئێرلەندییان پێ نەگیرا.
سەرەتای شۆڕش
هەفتەی سێیەمی مانگی كانوونی دووەم/یەنایەری 1919 سەرەتای یاخیبوونی ڕاستەقینەی ئێرلەندییەكان بوو دژ بە داگیركاری بەریتانیا، دوای بەستنی دانیشتنی پەرلەمان لە دبلن، بەریتانیا بە خیانەتی زانی، لە هەمان ڕۆژیش ژمارەیەك لە شۆڕشگێڕان هێرشیان كردە سەر ناوچەی تیبیراری و توانییان دوو سەرباز بكوژن، ئەمە یەكەم كڵپەی ئاگری شۆڕشی سەربەخۆیی ئێرلەندییەكان بوو، شۆڕشگێڕەكان ناوی سوپای كۆماری ئێرلەندایان بەرز كردەوە و دنیا بۆ یەكەمجار هەستی بە دروستكردنی سوپایەك كرد بەناوی سوپای كۆماری سەربەخۆی ئێرلەندا.
لەوكاتەی شۆڕش دەستی پێ كردبوو، بەریتانیا تۆڕێكی سیخوڕی لە هەموو ئێرلەندا بڵاو كردەوە، بۆ دۆزینەوەی كۆلنز، بەڵام ئەو لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بوو، بۆ ڕزگاركردنی ئیمۆن دی ڤالێرا، ئەو سەرشێتییەی ئەو لەلایەن هەمووانەوە سەركۆنە كرا، بەڵام ئەو توانی لە گرتووخانەی لینكۆلن سەرەڕای زۆری سەرباز و پاسەوان، توانی لەگەڵ هاوڕێكای ئیمۆن دی ڤالێرای سەرۆكی حزبی شین فاین ڕزگار بكات و بە سەلامەتی گەیاندیانەوە دبلن، دواتر گرتووخانەی ماونتجۆی شكاند و 20 شۆڕشگێڕی تر و فەرماندەی باڵای حزبەكەی ڕزگار كرد.
بۆ سەركەوتی شۆڕش ئەو بەرنامەی تەواوی داڕشتبوو، بۆیە سوپای كۆماری ئێرلەندای بەسەر دەیان گرووپی 30 كەسی دابەش كرد و ناوی گرووپی باڵندەكانی سوپای كۆماری لێ نابوون، هەر گرووپێك كار و ئەركی خۆی بە وردی دەزانی و بە تەواوی ئەركیان دانانی بۆسە و لێدان بوو لە پۆلیسی سەربازی بەریتانیا، دواتر پاشەكشە و هەڵاتن و یەكگرتنەوە بوو لە خاڵێكی دیاریكراو، ئەمەیش بەریتانیای ناچار كرد، تەواوی پۆلیسی شاهانە لە بنكە بچووكەكانەوە بۆ سەربازگەی گەورە بگوازێتەوە تا شۆڕشگێڕان نەتوانن پەلاماریان بدەن.
لە هەمان كاتدا كۆلنز بیری لە لێدان لە پۆلیسی پایتەخت كردەوە، كە لە ژمارەیەكی زۆر بەشی جیاجیا پێكهاتبوون و هەر بەشێك بەناوی پیتێكی ئینگلیزییەوە ناو نرابوو، بەشی G بە بەشی هەواڵگری تایبەت ناو دەبرا، ئامانجی سەرەكی كۆلنز بوو، لە ڕێی سیخوڕێكی خۆیەوە، كۆلنز شەوێك دزەی كردە ناو بەشی هەواڵگری تایبەت و لەوێ مایەوە و دەستی بە خوێندنەوەی زۆربەی دۆسییەكانی ئەوان كرد، پاشان هەموو هێزی شۆڕشی لە لێدان لەسەر ئەو بەشەی پۆلیسی پایتەخت كۆ كردەوە و بانگەوازێكی شۆڕشیش بڵاو بووەوە، كە هەر ئێرلەندییەك سیخوڕی بەریتانیا بێ، بە زوویی ئاشكرا دەبێ، بۆیە پێویستە هەمووان دەسبەرداری سیخوڕیكردن بن بۆ بەریتانیا. پاشان دەستی بە لێدان و كوشتنی گرووپە سیخوڕییەكانی ئەو بەشە كرد و زانیاری لەسەر هەموویان ئەو شەوە كۆ كردەوە و وەرگرت.
دوای تێكشكاندنی ئەو بەشە، شۆڕشگێڕان، دەستیان بە هێرشكردن بۆ سەر ئەو بەشانە كرد، كە كۆگەی گەورەی چەك و تەقەمەنی لێیە و زۆر لە ئەفسەرانی بەشی هەواڵگری تایبەتیش كە بەشێوەی جیاجیا بە لەندەن بەسترابوونەوە، خۆیان ڕادەستی كۆلنز گرت لە پێناوی پاراستنی ژیانیان، بۆیە سەركەوتنی گەورەی كۆلنز تێكشكاندنی تۆڕی سیخوڕییە زۆرەكانی بەریتانیا بوو لە ئێرلەندا.
دوای ئەوەی بەریتانیا دركی بەوە كرد ڕۆژ دوای ڕۆژ دۆخی ئێرلەندا زیاتر لە دەستی دەردەچێ و وەك ڕاوچی هەموو ڕۆژ بەشێكی هێزەكانی لەناو دەبرێن، دەستی بەناردنی تیمەكانی تۆپخانە كرد لەگەڵ هەزار و 500 ئەفسەری شارەزا، بەڵام سەرجەمیان شكستیان خوارد، ئەمانەیش هەمووی بەهۆی لێهاتوویی و جووڵەكانی كۆلنز بوو بە فیرقەی تایبەتی هەواڵگری، كە زۆر ژیرانە ئەركەكانیان ئەنجام دەدا، بەوهۆیەوە بەریتانیا سەرەڕای ناردنی 50 هەزار سەرباز و 15 هەزار پۆلیسی شاهانە و چەند هەزار ئەفسەرێكی پشتیوانی، نەیتوانی بەسەر نزیكەی سێ هەزار چەكداری شۆڕش سەربكەوێ، ئەمەیش عەبقەرییەت و بەهرەی كۆلنز بەتەواوی دەردەخات.
بەریتانیا دەیان جار هەوڵی كوشتنی كۆلنزی دا و دەیان تیمی تایبەتی سەربازی ڕەوانە كرد، بەڵام كەسیان نەشێوەی كۆلنز و نە شوێن و نە هیچ زانیارییەكیان لەسەری دەست دەكەوت و سەرجەمیان بە بێ دەنگی كۆتا بەژیانیان دەهێنرا، كۆلنزی ڕۆژ دوای ڕۆژ گورزی كوشندە و گەورەتری لە بەریتانیا دەسرەواند، تا لە كۆتادا پاشا جۆرجی پێنجەم داوای گفتوگۆ و دانوستاندنی ئاشتییانەی كرد، لە 11ی تەمووز/یۆلیۆ 1921 بە فەرمی دانیشتن لە نێوان هەردوولا ئەنجام درا، بە فەرمانی ئیمۆن دی ڤالێرا، كۆلنز یەكێك بوو لە دانوستاندكارانی ئێرلەندا، لە یەكی كانوونی یەكەم/دیسێمبەری هەمان ساڵ هەردوولا گەیشتنە ڕێككەوتن و لەو ڕێیەوە 26 هەرێمی ئێرلەندا لەلایەن بەریتانیاوە وەك كۆماری ئێرلەندای سەربەخۆ دانی پێدا نرا و شەش هەرێمی تریش كە بە ئێرلەندای باكور دادەنرێ، لەژێر دەستی بەریتانیا مانەوە.
دوای ئەو ڕێككەوتنە سوپای كۆماری ئێرلەندا بۆ دووبەش دابەش بوو و شەڕی ناوخۆیی لە ئێرلەندا دەستی پێ كرد، بەشێكیان پشتیوانی ڕێككەوتنەكەیان دەكرد و بەشێكی تریش داوایان دەكرد ئەو شەش هەرێمەی تریش لە بەریتانیا وەربگیرێتەوە، شەڕ بە چڕی دەستی پێ كرد و هیچ ئێرلەندییەك لەمە سوودمەند نەبوو، تەنیا بەریتانیا نەبێ، دواتر بۆ وەستاندنی شەڕی ناوخۆ كۆلنز بڕیاری دا سەردانی هەردوولا بكات و ئاشتی بەرقەرار بكات، هەرچەندە بە توندی هۆشداری پێ درا، كە ئەگەر سەردانی بەرەی سەربەخۆخوازانی ڕەهای ئێرلەندا بكات، ئەوانەی دژی ڕێككەوتنەكەن دەكوژرێ، بەڵام ئەو گوتە بەناوبانگەكەی گوت كە دەڵێ، برا و هاوڕێكانم كە بەیەكەوە بۆ ڕزگاری وڵات جەنگاین، هەرگیز هەوڵی كوشتنم نادەن"، بەڵام ئەو تەواو هەڵە بوو، بەر لەوەی بگاتە شوێنی سەربەخۆخوازەكان، تەقەی لێ كرا و كۆتا بەژیانی هێنرا، پیاوێك كە گەورەترین ئیمپراتۆری سەر گۆی زەوی خستە سەر ئەژنۆ و ناچاری كردن داوای دانوستاندن و ئاشتی بكەن، لەلایەن خودی هاوڕێكانییەوە ژیانی لێ سەنرایەوە.