دامەزراوی هێڵی ئاسمانیی ئێران ئاشكرای كرد، شاندێكی حەوت كەسی لە فڕەنساوە سەردانی ئێرانیان كردووە و دەیانەوێت لە هۆكاری كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكە بكٶڵنەوە. چوار رۆژ دوای كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەكە هێشتا قوربانییەكان لەسەر چیاوە بۆ دەشتایی نەگوازراونەتەوە.
بەگوێرەی "
رادیۆ فەردا" لەو شاندە فڕەنسییە چوار كەسیان نوێنەری ئەو كارگەیەن كە فڕۆكەكەیان دروست كردووە. كۆمپانیای ATR كۆمپانیایەكی هاوبەشی فڕەنسی ئیتاڵییە كە فڕۆكەكەی بەرهەم هێناوە.
فڕۆكەكە ٦٦ كەسی هەڵگرتبوو و سەعات هەشتی سەرلەبەیانی یەكشەمی رابردوو لە تارانەوە بەرەو یاسووج فڕی، بەڵام ٢٠ خولەك دوای فڕین لە كۆنترۆڵ دەرچوو.
ئەم فڕۆكەیە لە سەمیرۆمی نزیك ئیسفەهان كەوتە خوارەوە كە شوێنێكی شاخاوییە و ئەمبۆلانس و ئۆتۆمبێل بەم شوێنە ناگات.
ئەو فڕۆكەیەی كەوتووەتە خوارەوە ٢٠ ساڵە لە كاركردندایە. هێڵی ئاسمانی ئێرانی زۆربەی فڕۆكەكانی كۆنن و ساڵانە رووداوی هاوشێوە تۆمار دەكرێن. ئەوكاتەی ئێران گەمارۆی لەسەر بوو، بۆی نەبوو فڕۆكە لە وڵاتانی تر بكڕێت.
دوای لاچوونی بەشێك لە سزاكان ئێران دەستی بە نوێكردنەوەی هێڵە ئاسمانییەكانی كردووە و چەند گرێبەستێكی لەگەڵ ئەیرباسی فڕەنسی و بوئینگی ئەمەریكی واژوو كردووە.
میدیاكانی ئێران باسیان لەوەس كردووە كە تا ئێستە توانیویانە نیوەی قوربانییان بۆ خوارەوەی چیاكە بگوازنەوە و تیمەكانی فریاكەوتن بۆ گواستنەوەی سەرجەم قوربانییەكان لە چالاكیدان.