ئێران پەیامی خۆی گەیاندە نەجەف

:: PM:06:30:21/02/2018 ‌

هەفتەی رابردوو گەورە راوێژكارێكی عەلی خامنەیی سەردانی عێراقی كرد و ئەو لەگەڵ بەپرسانی شیعەی عێراق لە بەغدا و لە نەجەف كۆبووەوە و لێكدانەوەی جیاواز بۆ هۆكار و وادەی سەردانەكە كران، لەوانە هەوڵی تاران بۆ لێكنزیككردنەوەی هێزە نەیارە شیعەكان و ئامادەكردنیان بۆ بەستنی هاوپەیمانیەتی بۆ دوای هەڵبژاردنەكان بۆ زوو پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی شیعە لە عێراق، نووسەر مستەفا فەحس لە وتارێكی بە ناونیشانی (ویلایەتی لە بەغدا قسەی كرد بۆ ئەوەی نەجەف گوێی لێبێت) لە رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" نووسیویەتی: 

تاران سوورە لەسەر دەمارگرتنی عێراقییەكان و لە بەكارهێنانی زمانی بە سەربەخۆی دەرخستنیان بەردەوامە، سەرەڕای ئەو پێویستییەكی زۆری بە پێڕەوكردنی دیپلۆماسەیەتێك هەیە بۆ یارمەتیدان لە جوانكردنی وێنە شێواوەكەی لە دەرەوەی ئەو هۆڵەی كە تیایدا ژمارەیەك كەسایەتی سیاسی عێراق تیایدا كۆبوونەوە بۆ گوێگرتن بۆ رێنوێنییەكانی عەلی ویلایەتی، وەزیری دەرەوەی رابەری شۆڕشی ئێران كە بەشداری لە كۆنگرەی دامەزراندنی "مەجمەعی عێراق بۆ یەكێتیی ئیسلامی" كە هەفتەی رابردوو لە بەغدا هاتە سازكردن.

لەو كۆنگرەیەدا ویلایەتی لە بە قسە رەقەكانی دۆخی عێراقی شی كردەوە و رێنوێنییە كەڵەكەبووەكانی وڵاتەكەی بۆ سەر بژارەكانی گەلی عێراق لە رووی سیاسی و رۆشنبیری و بیروباوەڕەوە پێشكەش كرد، ئەوەیش بەو پێیەی كە رژێمەكەی مافی دەسەڵاتداری بەسەر دەوڵەت و گەلی عێراق هەیە و تا ئێستەیش توانای سەپاندنی رێنوێنییەكانی خۆی هەیە بەسەر عێراقییەكان كە ئێستە بەرەو هەڵبژاردنەكان دەچن و ئەنجامەكانی یەكەم هەنگاوی ئەوانە بۆ دەربازبوونێكی بە هەنگاو لەژێر عەبای ئیسلامی سیاسی شیعە كە لەوەتەی نیسانی 2003ەوە فەرمانڕەوایی عێراق دەكات بەرەو قۆناغی بنیاتنانی دووانەیەكی مەدەنی و ئیسلامێكی میانەڕەو كە تیایدا هاوبەشییە نیشتیمانییەكان بكەونە پێش تایبەتمەندییە مەزهەبییەكانەوە.

هەر ئەوەیشە كە رژێمی تارانی نیگەران كردووە كە پێدەچێت تا ئێستە نووچی خواردبێت لە رێكخستنەوەی ناوماڵی شیعە كە بەهۆی پەرتەوازەیی نێوان پێكهاتەكانی نەتوانراوە دووبارە دروست بكرێتەوە، یان جۆرێكی تری هاوپەیمانیەتی رێك بخرێتەوە كە بناغەی بارستەیەكی پەرلەمانی سەر بە ئێران مسۆگەر بكات، چونكە هەڵبژاردنەكانی عێراق هەمیشە هەلێك بووە بۆ ئێران بۆ گشتاندنی نموونەی فەرمانڕەوایە ئیسلامییەكەی لە عێراق و پەرلەمانە دواییەكەكانی عێراق لە دوای رووخانی بەعس دەسەڵاتێكی تەواوی ئێرانی بەسەر ژیانی سیاسیی عێراق رەخساند تا رادەی دەست بەسەرداگرتن. 

لە بەغداوە ویلایەتی هەڵوێستی وڵاتەكەی لەبارەی هەڵبژاردنی عێراق راگەیاند و جەختی كردەوە كە رابوونی ئیسلامی رێگە بە گەیشتنی لیبرالی و شیوعییەكان نادات بۆ پەرلەمان، سەرەڕای زانیاری ویلایەتی بە قەبارە و توانای لاوازی كەسایەتییە لیبرال و شیعییە عێراقییەكان، بەڵام ئەوە باش درك بەوە دەكات كە ئەو تۆڕەی هاوپەیمانیەتی كە كراوە بۆ هێنانە پێشەوەی چەند كەسایەتییەكە كە پێشتر لەسەر رەوتە ئیسلامییەكانەوە حسێب نەدەكران و ئەوەیش تەواو ئەوەیە كە موقتەدا سەدر كردی، لەپاڵ ئەگەری خۆكاندیدكردنی كەسایەتی نا ئیسلامی لەسەر لیستی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و عەمار حەكیم، ئەو گۆڕانكارییەش لە ئەنجامی پێوەندیی نێوان لایەنە شیعی و عەلمانی و مەدەنییەكان لەگەڵ لیستە ئیسلامییەكانەوە لە كاتی جەنگ لەدژی گەندەڵی هاتە كایەوە كە چالاكان لە بەغدا رایان گەیاند و بووە بنەمای خۆپێشاندانەكانی گۆڕەپانی تەحریری بەغدا كە سەدر چەترێكی میلی بۆ مسۆگەر كرد لە رێگەی بەشداری پێكردنی لایەنگرانی تیایاندا و پابەندی بەو درووشمە مەدەنیانەی تیایان بەرز كرایەوە. هەروەها پاڵپشتیی مەرجەعیەت لە رێگەی وتارەكانی هەینی لە كەربەلا.  

بۆیە ئەوەی ویلایەتی لە بەغدا گوتی و جەختی لە رابەرایەتی عەلی خامنەیی بۆ دنیای ئیسلامی كردەوە لەگەڵ تێپەڕبوونێكی خێراق بەسەر رۆڵی نەجەف و بە مەبەستیش ناوی عەلی سیستانی نەهێنا، ئەوە وەك پەیامێكی ئێران بوو كە دەنگدانەوەكەی گەیشتە نەجەف بەو پێیەی بووەتە چەترێك بۆ بزاوێكی مەدەنی عێراقی بە هەموو پێكهاتەكانی، ئەو كاتەی حەوزەی ئاینی چەند هەنگاوێكی دیاری هاوێشت بە راگەیاندنی بایكۆتكردنی دیداری هەموو بەرپرسانی عێراق و رەتكردنەوەی مەرجەعیەت بۆ پێشوازیكردنیان، لەو كاتەی گەورە مامۆستایانی حەوزەی ئاینی چاویان بە چەند كەسایەتییەكی باڵای شیوعی كەوت كە نووكی وێزەی خۆپێشاندانەكانی گۆڕەپانی تەحریر بوون، ئێستەیش لەناو لیستی هەڵبژاردنی سەدرن.

مانای دووەمی قسەكانی ویلایەتی لە دوای سیستانی كە رووبەڕووی رەخنەیەكی زۆری توندڕۆیان شیعە دەبێتەوە و ئەوان بە كاریگەر لە رووی كۆمەڵایەتییەوە بە مەزهەبی شێخ ئەنساری دەزانن كە لە سەردەمی ئەودا لادانی ئاینی سەری هەڵداوە و ئەو هەڵوێستی لە بەرامبەریاندا نەبووە، كە ئەویە كە دەیانەوێت بەسەر سیستانی بسەپێنن بەو پێیەی بەمەبەست بێدەنگە لە بەرانبەر ئەوەی بە كوفر و لادانی دەزانن، ئەوەیش بە مەبەستی رەچاوكردنی خەڵكەكەیان، ئەوەیش بەپێی تۆمارێكی دەنگی یەكێك لە شێخەكان.  

ئێستە ویلایەتی فەقێكان بەدەست دوو كێشە دەناڵێنێت كە كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر دوارۆژەكەی هەیە، یەكەمیان خەلیفەی رابەری گشتییە كە كۆدەنگییەكی ناوخۆیی و پێگەیەكی دەرەكی بەدەست ناهێنێت، دووەمیش شەقامی ئێرانییە كە وتاری بیروباوەڕی رژێمی تێپەڕاندووە و بە ئاشكرا داوای رووخاندنی كرد، لە بەرانبەردا مەرجەعیەتی نەجەف باوەڕی بە ویلایەتی نەتەوە بەسەر خۆیدا هەیە كە ئەوەیش بوو بووە بنیاتنەری پێوەندییەكی هاوسەنگ لەگەڵ رەوتە مەدەنییەكانی عێراق كە دەستی كردووە بە دامەزراندنی بەدیلێكی رازیكەر بۆ پارتەكانی ئیسلامی سیاسی گەندەڵ و نووچخواردوو، ئەوەیش وا دەكات كە ببێتە ئەو نموونە فەقێییەی كە رای گشتیی ئێران داوای دەكات كە ئێستە لەژێر دەسەڵاتی سەركوتكاری ئاینی دەناڵێنێت كە رەتی هەموو داوایەكی كرانەوە و گفتوگۆ دەكات، بۆیە دەتوانین بڵێن كە نەجەف ئامانجی قسەكانی ویلایەتییە نەوەك شیوعییەكان، وەك ئەو پەندە عێراقییەی دەڵێت، دراوسێ لەگەڵ تۆمە بوكێ گوێت لێ بێت.

سەرچاوە: شەرقولئەوسەت




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل