سەردانەكەی سەرۆكی لبنان بۆ عێراق چی لێ كەوتەوە؟

:: PM:07:51:21/02/2018 ‌

دۆخی عێراق و لبنان تا رادەیەكی زۆر لە یەكتر دەچێت، ئەوان هەردووكیان خاوەن پێكهاتەی نەتەوەیی و تایفی جیاوازن و لە هەردووكیان پۆستەكانی دەسەڵات بەسەر پێكهاتەكان دابەش بووە و میلیشیا شیعەكان لە لبنانیش چەكدارن، بەڵام ئەوان بەناوی بەرگری لە دژی ئیسرائیل، جیا لەوەی كە لبنان بە هاوشێوەی عێراق و خراپتریش كاریگەری و دەسەڵاتی ئێرانی لە رێگەی پێكهاتە شیعەكەیەوە بە سەرەوەیە، دوێنێ و ئەمڕۆ میشال عەونی سەرۆكی لبنان بە سەردانێكی فەرمی لە عێراقە و چەند فایلێكی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق باس كرد. 

بەرپرسێكی باڵای حكوومەتی عێراقی ئاشكرای كرد كە میشال عەون، سەرۆكی لبنان كە ئەمڕۆ دووەم و دوا رۆژی سەردانەكەی بوو بۆ عێراق، چاوی بە ژمارەیەك سەرانی سیاسی و ئاینیی عێراق كەوتووە و لەلایەنە عێراقییەكانەوە چەند بەڵێنێكی گرنگی لە ژمارەیەك دۆسیە پێ دراوە كە بۆ لبنانییەكان گرنگن. 

ئەو بەرپرسە رای گەیاند كە لە كۆبوونەوەی عەون و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە شەوی رابردوو ئەوان گەیشتوونەتە رێككەوتننێكی گرنگ لەبارەی چوار دۆسیە كە بۆ لبنانییەكان جێی بایەخە كە ئەوانیش پێدانی ئاسانكاری پێویستە بۆ كۆمپانیاكانی لبنان لە بواری وەبەرهێنان لە عێراق بەتایبەتی كۆمپانیاكانی پڕۆژەكانی ژێرخان و بیناسازی، هەروەها ئالوگۆڕكردنی داواكراو و تۆمەتباران بە تیرۆر لای هەردوو وڵات و رێككەوتن لەسەر هاریكاریی تەناهی و هەواڵگری لە نێوانیان و پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ دۆزینەوەی چارەسەری لەبارەی قەرزی لبنانییەكان لەسەر عێراق و ئاماژەی كرد، هەزاران لنانی هەن لەوانەی خاوەنی وەبەرهێنان و رەسیدی بانكین لە عێراق بەر لە رووخانی رژێمی پێشوو كە تا ئێستە دۆسیەكانیان هەڵواسراوە لە نانكی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی پلاندانانەوە. زیاتر گوتی، لە ماوەی داهاتوودا شاندێكی ویزرای عێراق سەردانی لبنان دەكات بۆ بەدواداچوونی ئەوەی هەردوولا باسیان لێوە كردووە لەو بارەوە.

ئەمڕۆ سەرۆكی لبنان چاوی بە سەلیم جبووری، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كەوت و ئەوان باسی چەند پرسێكیان كرد لەوانە نەهێشتنی تیرۆر و پێوەندییە دووقۆڵییەكان و دۆسیەی ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنان لە عێراق. دواتر عەون كە بڕیارە بەیانی سبەی پێنجشەم بچێتەوە وڵاتەكەی، سەردانی كلێسای سەیدە نەجاتی كرد كە بەر لە چەند ساڵێك هێرشێكی تیرۆریستی كرایە سەر و بەو هۆیەوە دەیان كریستیان گیانیان لەدەست دا، هەروەها سەردانی مۆنۆمێنتی سەربازی ونی كرد. 

دوێنێ عەون و فوئاد مەعسووم، سەرۆك كۆماری عێراق كۆبوونەوە و باسی چەند دۆسیەیەكی گرنگیان كرد لەوانە نەهێشتنی تیرۆر بەمەبەستی گەیشتن بە سەقامگیری لە ناوچەكە، بێجگە لە باسكردنی پێوەندییەكانی هەردوولا.

مەعسووم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ عەون لە بەغدا رای گەیاند كە پێوەندییەكانی عێراق و لبنان مێژوویین و رەگ و ریشەیان بۆ هەزاران ساڵ پێش زاین دەگەڕێتەوە و دووپاتیشی كردەوە لە هەوڵەكانی چەسپاندنی پێوەندییەكانی نێوانیان لە هەموو بوارەكاندا. بۆیە داوای كرد كە دەیانەوێت كۆمپانیاكانی لبنان بەشدارییەكی كارایان هەبێت لە ئاوەدانكردنەوە و بنیاتنانەوەی عێراق.

دوێنێ سێشەم میشێل عەون، سەرۆكی لبنان بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵای پێكهاتوو لە ژمارەیەك وەزیر و پەرلەمانتار و راوێژكار بە سەردانێكی فەرمی گەیشتنە عێراق و سبەی پێنجشەم كۆتایی بە سەردانەكە دێنن و ئەوان بانگهێشتنی سەرۆك كۆماری عێراقیان كرد بۆ سەردایكردنی لبنان.

بەپرسێكی حكوومەتی عێراق لای خۆیەوە رای گەیاند كە دۆسیەی داواكراوانی هەدوو وڵات یەكێك دەبێت لە پرسە گرنگەكان، كاتێك دەسەڵاتدارانی لبنان ژمارەیەك سەركردەی گەورەی داعشیان گرتووە كە خاوەنی رەگەزنامەی عێراقین، هەروەها گیراوی لبنانی بەهۆی تیرۆر لای عێراق هەیە، جیا لە باسكردنی پالوگۆڕكردنی بازرگانی و لێخۆشبوونی گومرگی بۆ كاڵاكانی لبنانی و ئاسانكاری بۆ كۆمپانیاكانی لبنان بۆ وەبەرهێنانكردن لە عێراق و هاتوچۆی هاووڵاتییانی لبنان.

بە پێی سەرچاوەكە رەنگە لایەنی لبنانی دۆسیەی دەركەوتنی چەند سەركردەیەكی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە باشووری لبنانیان باس كردبێت كە دەستوەردانە لە سەروەری ئەو وڵاتە كە لە مانگی رابردوو رووی دا كاتێك قەیس خەزعەلی، سەركردەی عەسائیبی ئەهلولحەق لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا لە باشووری لبنان دەركەوت.

پێشتر بەیار عەقیقی، نووسەری لبنانی لە وتارێكی لە (عەرەبی ئەلجەدید) لەبارەی لبنانەوە رای گەیاند كە لبنان رژێمێكی لەرزۆكی بنیاتنراوی لەسەر سێكوچكەی پیاوانی ئاینی و شازادەكانی جەنگ و كارسازانەوە هەیە، كە گەمارۆی هەر بیرۆكەیەكی گۆڕانكاری لە دەرەوەی ئەو سێیەیان دەدەن و تۆمەتی ناپاكی و مامەڵەكردن لەگەڵ دوژمن و ئیسرائیلی دەدەنە پاڵ، دەسەڵات لە لبنان كە دەستی گرتووە بەسەر دەزگەكانی راگەیاندن دەتوانێت لە دژی هەر لایەن و گرووپێكی راستگۆ و گۆڕنخواز لەو وڵاتەدا هان بدات و وەك رووخێنەری لبنان پێشانی بدات، ئەو دەسەڵاتەیشی كە لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی لە شەشی ئایاری داهاتوودا سەر دەكەوێت هەر ئەوە وڵاتی لە جەنگ وێران كرد و داهاتوكەی دزی و دەوڵەتی قووڵی دامەزراند و پشكەكانی دابەش كرد و بەو شێوەیەیش لبنانییەكان وەك مێوانیان لێ هاتووە لەو وڵاتە كە شازادەكانی جەنگ و تایفە تیایدا فەرمانڕەوان.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل