دی خیا ژمارەیەكی پێوانەیی لەگەڵ گۆڵپارێزی پێشووی مانچستەر یەكسان كردەوە
شەوی رابردوو هەردوو یانەی سڤیلییەی ئیسپانی و مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی لە یاریی چوونی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی سانچێز پیزخوان بەبێ گۆڵ یەكسان بوون.
لەو یارییەدا دێڤید دی خیای گۆڵپارێزی ئیسپانی و یانەی مانچستەر یونایتد ئاستێكی ناوازەی پێشكەش كرد و توانی گۆڵی یانەكەی لە چەندان هێرشی مەترسیدار بپارێزێ.
دی خیا لەو یارییەدا توانیبووی بەرپەرچی هەلی تۆماركردنی 8 گۆڵی تەواوی یانەی سڤیلییە بداتەوە، بەمەش ژمارە پێوانەییەكەی ڤان دێر ساری گۆڵپارێزی هۆڵەندی و پێشووی یانەكەی لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا یەكسان بكاتەوە.
ڤان دێر سار لە ساڵی 2011 توانیبووی 8 هەلی تۆماركردنی گۆڵ لە یاریی كۆتای خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بگەڕێنێتەوە.
بەهۆی ئەو ئاستەی پێشكەشی كرد، لەلایەن یەكەتیی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا) خەڵاتی باشترین یاریزانی یارییەكەی نێوان سڤیلییە و مانچستەر یونایتد درا بە دی خیا.
وشە -
ئامانج ئهكرهم