ئەمەریكا ناوچە سوننەكان لە هەڵبژاردن دەپارێزێت

:: AM:10:08:22/02/2018 ‌


لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردن، ترس لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ناوچە سوننەكان و ساختەكاری زیاتر دەبێت. بەڵام پەرلەمانتارێكی ئاشكرای دەكات كە هێزە سوننەكان لەگەڵ سوپای ئەمەریكا رێككەوتوون بۆ پاراستنی رەوشی هەڵبژاردن لە پارێزگا سوننەكاندا و هۆشداری ئەنجامدانی ساختەكاری دەدات.

لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكان، هەڕەشە و مەترسی و ساختەكاری و دەستكاریكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەیەك كاتدا لەلایەن نوێنەرانی پێكهاتەكانی ناوچە سوننەكان دژ بە یەكتر بەكار دەهێنرێت. ئەمە لە كاتێكدایە یەكێك لە مەرجەكانی بەشداریكردنی هێزە سوننەكان لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتوو پاراستنی ناوچەكانیان بوو، بۆ ئەمەش نەیانشاردووەتەوە كە داوایان لە سوپای ئەمەریكا لە عێراق كردووە ئەركی پاراستنی ناوچەكان لە ئەستۆ بگرێت لە ترسی دەستوەردانی میلیشیاكانی حەشدی شیعی و دەستكاریكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان.

مزاحم حوێت گوتەبێژی عەشایەری نەینەوا ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە كە بە نووسراوی فەرمی داوایان كردووە ئەمەریكا هێز رەوانەی ناوچە سوننەكان بكات بۆ سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردن. گوتی "ئەوان رەزامەندییان نیشان داوە".

لای خۆیەوە ئەسیڵ نوجێفی پارێزگاری پێشتری نەینەوا لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر هۆشداری دەداتە هێزە سوننەكان لە هەڵبژاردنی داهاتوو، داوایان لێ دەكات بەشدارییەكی ئەرێنییان هەبێت.

لەگەڵ دەستپێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن پێویستە كۆمەڵگەی سوننە دۆخی خۆی لە ئۆپۆزسیۆنێكی نەرێنی بۆ ئۆپۆزسیۆنێكی ئەرێنی بگۆڕێت. ئەسیڵ وا دەڵێت. ئەوەشی خستەڕوو بەدەستهێنانی مافەكانی سوننە تەنیا بە بەشدارییەكی كارا دەبێت لە پرۆسەی سیاسی و كاركردن بۆ دروستكردنی گرووپێكی بەهێز كە لەلایەن كۆمەڵگەوە پشتگیری لێ بكرێت تا بەشداری پرۆسەی سیاسیی عێراقی بكەن، نەك بایكۆتی هەڵبژاردن بكەن.
 
لای خۆیەوە لیقا وەردی پەرلەمانتاری سوننە لە پارێزگای ئەنبار دەڵێ، ویستێكی سیاسی هەیە تا لە هەڵبژاردنی پارێزگای ئەنبار ساختەكاری ئەنجام بدات، لەسەر ئەمەش هۆشداری دەداتە نەتەوە یەكگرتووەكان كە رێگری لەو ویستە بكات و گەرەنتی شەفافبوونی پرۆسەی هەڵبژاردن لە ئەنبار بدات.

روونی كردەوە كە ئەو رێوشوێنەی بۆ نوێكردنەوەی كارتی دەنگدەران گیراوەتەبەر بە تایبەت لە ئەنبار، زۆر سستە، ناشزانین هۆكارەكەی هونەرییە یان دەستێكی سیاسی لە پشتەوە هەیە.

زیاتر گوتی "بێگومان پێدان و نوێكردنەوەی كارتی دەنگدەران یەكێكە لە رێكارە هەرە سەرەكییەكانی رێگریكردن لە ساختەكاری". 
 
ئەو پەرلەمانتارەی پارێزگای ئەنبار باسی لە پرۆسەی نوێكردنەوەی كارتی دەنگدەران كرد و ئاشكرای كرد كۆمسیۆنی ئەنبار 900 هەزار كارتی دەنگدانی بەدەست گەیشتووە، تا ئێستە تەنیا 25%ی خەڵك كارتەكانیان وەرگرتووەتەوە و پرۆسەی پێدان و دابەشكردنی كارتی دەنگدان زۆر سست و لەسەرخۆیە.

ئەوەشی گوت، "نازانین هۆكاری ئەو سستییە چییە، بەڵام خەڵك هەیە تەنانەت كارتە كۆنەكەشی بزر كردووە، بۆیە پێ دەچێت هەوڵێكی گەورە هەبێت بۆ ئەنجامدانی ساختەكاری و یاریكردن بە ئەنجامی هەڵبژاردن لە ئەنبار، بۆیە داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین چاودێرییەكی وردی پرۆسەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران بكات".
 
 داوا دەكەم كۆمسیۆن كار بە كارتە كۆنەكەی دەنگدان نەكات وەك ئەوەی بۆ مووسڵ كرا، چونكە بەشی زۆری خەڵكی ئەنباریش كارتەكەیان بزر كردووە. لیقا وای گوت. هاوكات دووپاتی لە ویستێكی سیاسی كردەوە بۆ ئەنجامدانی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكان لە پارێزگای ئەنبار.
 
لەبارەی مووسڵ، حەنین قەدۆ سەركردەی میلیشیاكانی حەشد لە هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری، رەخنە لە بڵاوەپێكردنی سوپای ئەمەریكا دەگرێت لە شاری مووسڵ و دەشتی نەینەوا بۆ سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنەكان. 

قەدۆ ئەو هێزە سوننانە و سوپای ئەمەریكا تۆمەتبار دەكات بە دەستكاریكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن و دەڵێ هەردوولا پلانیان هەیە دەستكاری ئەنجامی هەڵبژاردن بكەن.

زیاتر گوتی "هاوپەیمانی هێزە سوننەكان لەگەڵ ئەمەریكییەكان رێككەوتوون كە هێزی ئەمەریكی سەرپەرشتی هەڵبژاردن بكات لە ناوچە دابڕاوەكان، ئەمەش پێچەوانەی بەڵێننامە سیاسییەكانە كە هێزە سوننەكان ئەنجامی دەدەن، بۆیە داوا دەكەین هەرچی زووە دژی ئەو پیلانگێڕییە بوەستینەوە".

حەنین قەدۆ كە سەركردایەتی گرووپێكی میلیشیایی حەشدی شەعبی دەكات لە دەشتی نەینەوا، رێگری زۆریشی كردووە لە گەڕانەوەی مەسیحییە ئاوارەكانی بەرتلە و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی، لەسەر هاوپەیمانی فەتح خۆی كاندید كردووە.

ئەو لە بارەی پاراستنی ناوچەكە لەلایەن سوپای ئەمەریكا دەڵێ، هەڵبژاردنی داهاتوو یاری زۆر بە ئەنجامی هەڵبژاردن دەكرێت لە بەرژەوەندیی ئەو هێزانەی كە سەر بە ئەمەریكان.

هاوكات حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند، پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردن ئەركی سەرشانی حكوومەتی عێراقە و روونی كردەوە، حكوومەت دەستوەردان لە پرۆسەی هەڵبژاردن و كاری كۆمسیۆن ناكات، بەڵكو چاودێری هەڵبژاردن دەكات.

زیاتر گوتی "حكوومەت داوای لە نەتەوە یەكگرتووەكان و هەندێك وڵاتی تر كردووە هاوكاری عێراق بكەن لە پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردن لە رێی بەكارهێنانی ئامێری پێشكەوتوو تا هەڵبژاردنەكە پاك بێت".
 
سەرچاوە/ قودس

 



وشە - فه‌رمان سادق