"ئەمەریكا لە پشت هێرشی توركیایە بۆ سەر عەفرین"

:: AM:10:17:22/02/2018 ‌
هەڵوێستەكانی ئەمەریكا بەرانبەر بە توركیا و بەردەوامی پەراوێزخستنی داواكانی توركیا لەبارەی دەسبەرداربوون لە كورد، هەمیشە وای لێ دەخوێنرایەوە كە لە كۆتادا ئەمەریكا دەسبەردار دەبێ، بۆیە ئەمەریكا كوردی ڕۆژئاوای بەرەوپێشەوە برد و توركیاشی پەراوێز خست، ئەمەیش توركیای وەك دڕندەیەكی زامدار لێ كردووە و بە دڕندانەترین شێوە پەلاماری كورد لە عەفرین دەدات.

سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە زووەوە هۆشداری دا كە توركیا قبووڵی ناكات، هیچ سنوورێكی لەگەڵ چەكدارانی كوردی لە باشووری وڵاتەكەی هەبێ، هێرشی ئەمدواییەیشی بۆ سەر عەفرین، نیشانەی بە كرداركردنی قسەكانی ئەنكەرەیە لەبارەی كوردەكانی سووریا، بەڵام لەوكاتەی ئەردۆغان هەڵمەتی "چڵە زەیتوون"ی دەست پێ كردووە، هەمووان سەرنجی تەواویان لەسەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایە و كەموكوڕی ئەمەریكا بە هۆكار دەزانن بە دەستكردن بەو جەنگە، بەهۆی جیاوازی و پەرش و بڵاوی سیاسەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پرسی سووریا، بەلایەوە ئاسایییە كە هێرش بكرێتە سەر باشترین هاوپەیمانی لە سووریا.

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بە تەواوی چاوی لەسەر تیرۆریستانی داعشە و زۆر ڕژدە لەسەر لەناوبردنی تەواویان و داخستنی دۆسیەی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش، لە تەمووز/یۆلیۆی 2012 كاتێك پارتی یەكێتی دیموكرات "پەیەدە" دەستی بەسەر ناوچە سنوورییەكانی نێوان توركیا و سووریا گرت، توركیا بەتوندی سەركۆنەی كرد و بەردەوام دژایەتی دەكرد، هاوكات هەمیشە پەیەدە و یەپەگە تۆمەتبار دەكات و بە لقی سووریای پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" ناویان دەبات، كە لە ساڵی 1984ەوە دەستی بە شەڕكردن دژی توركیا كردووە.

بۆ دڵدانەوەی توركیا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە 2012 هیلاری كلینتن ئاشكرای كرد، ئەمەریكا هیچ كات نایەوێ ناوچەكە ببێتە پەناگەیەكی ئارام بۆ "تیرۆریستان"ی پەكەكە، بەڵام دوای ئەوەی داعش زۆرینەی سووریا و عێراقی داگیر كرد، ئەمەریكا هیچ هاوپەیمانێكی سوودبەخشی لە سووریا نەبینییەوە، جیا لە پەیەدە، بۆیە دەستی بە ناردنی چەك بۆ یەپەگە كرد و مەشق و ڕاهێنانی پێ دەكردن.

ئەمە بە تەواوی ئەردۆغانی تووڕە كرد، بەڵام واشنتن دووپاتی لەوە دەكردەوە كە پشتیوانی ئەمەریكا بۆ كوردەكان كاتییە، ئامانجی ئەمەریكا لەناوبردنی داعشە و كوردەكانیش لە ڕووباری فورات بەرەو ڕۆژئاوا ناپەڕنەوە، بەڵام دواتر یەپەگە لە فوراتیش پەڕینەوە و منبەجیشیان لە ناوچەكە كۆنتڕۆڵ كرد، جۆ بایدن لە 2016 هەڕەشەی لە پەیەدە كرد و دووپاتی كردەوە، ئەگەر نەگەڕێنەوە بۆ بەری ڕۆژهەڵاتی فورات، ئەمەریكا هاوكارییەكانی بۆ پەیەدە دەوەستێنێت، بەڵام ئەوان هیچ كات نەگەڕانەوە، ئەمەریكایش بەردەوام بوو لە ناردنی چەك بۆ هێزەكانی هەسەدە، ئەردۆغان بە ڕوونی تووڕەیی خۆی بەرانبەر بە حكوومەتی ئۆباما ڕاگەیاند و دووپاتی كردەوە كە ئەوان توركیایان هەڵخەڵەتاند، بەڵام لەو بڕوایەدا نیم ترەمپ هەمان شت بكات، بەڵام ترەمپ چەكی قورستر و زیاتری بۆ یەپەگە نارد، ئەمەیش هێندەی تر ئەنكەرەی بەرانبەر بە واشنتن بێهیوا كرد.

كوردەكان لە سووریا سەلماندوویانە كە متمانە پێكراوترین هێزن و پێوەندیی تۆكمەیان لەگەڵ ڕۆژئاوا هەیە، لە سەردەمی ئۆباما هەوڵی ئەوەیش دەدرا، واشنتن بە نهێنی پێوەندی لەگەڵ پەكەكە هەبێ، بەشێوەیەكی ڕووكەشانە گرنگی بە داواكانی توركیا لەو ڕوانگەیەوە دەدرا.

سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا بەردەوام بوو لە پشتیوانی كوردەكان تا تەواوی ناوچەكانیان لە داعش پاك كردەوە و ژمارەیەكی زۆریان لێ كوشتن و دەستیان بەسەر ڕووبەڕێكی فرەوانی خاكدا گرت، ئەو سیاسەتەی ئەمەریكا مەترسی تێدا بوو، چونكە توركیایش هێزێكی گەورە و بەهێز بوو، جیا لەوەیش میلیشیاكانی ئێران بە فرەوانی لە سووریا بڵاو بوونەتەوە و دوو هەزار سەربازی ئەمەریكایش لە سووریا بوونیان هەیە و مەترسی گەورەی واشنتن ئەوەبوو، هێرش بكرێتە سەر سەربازەكانی كە لەگەڵ كوردەكان كار دەكەن.

ئەوەی ئێستە كوردەكان دەیكەن، شەڕی بریكارانەیە، كە سەرەڕای دژایەتی و دوژمنداری توركیا بەرانبەر كورد، بەڵام ئەمەریكایش هۆكار و هەڵگیرسێنەری شەڕەكەیە، چونكە توركیا ئەوەندەی لە پشتیوانی كوردەكانی سووریا لەلایەن ئەمەریكاوە دەترسێ كە چەك و هاوكاریان بۆ دەنێرێ و مەشقیان پێ دەكات، ئەوەندە لەو چەكدارانە خۆیان ناترسێ، بۆیە شەڕەكە ئەمەریكا هەڵگیرسێنەریەتی، ئێستەیش حكوومەتی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نایەوێ زۆر دەستوەردان بكات و بێتە ناو ململانێكانەوە، بەڵكو بەردەوام تەنیا بەڵێن دەدا و دواتریش لە بەڵێنەكان پاشگەز دەبێتەوە و لێیان دەكشێتەوە.

ڕۆژی هەینی 19ی كانوونی دووەم/یەنایەر دوای كۆكردنەوەی هێزێكی زۆر له پارێزگای هاتای وڵاتی توركیا كە هاوسنوورە لەگەڵ شاری عەفرین، تۆپخانەكانی توركیا بەچڕی دەستیان بە بۆردمانی شاری عەفرین و گوند و ناوچەكانی دەوروبەری شارەكە كرد، ئەمەیش دوای ئەوە دێ ڕووسیا نەرمی نواندووە و ئەمەریكایش تەنیا بە لێدوان و قسەی نیگەرانی خۆی لە ئەنجامدانی هێرش كردنە سەر عەفرین ڕاگەیاندووە، بەوهۆیەوە لە ڕۆژی شەموو 20 كانوونی دووەم/یەنایەر فڕۆكەكانی توركیا بە چڕی دەستیان بە بۆردمانی ئاسمانی شارەكە كردووە و هێزەكانی یەپەگەیش دووپات لەوە دەكەنەوە، كە بەرگری لە شارەكە دەكەن و هەرگیز بۆ توركیا چۆڵی ناكەن.

شاری عەفرین یەكێكە لە ناوچە كوردستانییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و دەكەوێتە باكوری ڕۆژئاوای سووریا و سەر بە پارێزگای حەلەبی سووریایە و ڕووبەرەكەی سێ هەزار و 850 كیلۆمەتری دووجایە، بەگوێرەی ئاماری 2010 ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 523 هەزار كەس دەبێ و زۆرینەی ڕەهای دانیشتووانەكەی كوردن.

دوای ئاڵۆزییەكانی سووریا و ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ڕژێم و خەڵك و وێرانكارییەكان كە لە 2011ەوە دەستیان پێ كرد، عەفرین لەلایەن یەكینەكانی پاراستنی گەل كۆنتڕۆڵ كرا و بوو بە بەشێك لەو ناوچانەی كە لە ژێر دەسەڵاتی كورد دا بەڕێوە دەبران و یەكێك لە كانتۆنەكانی ڕۆژئاوا لە عەفرین بوو، بەڵام دەوڵەتی توركیا بۆ ڕێگری لە بەستنەوەی كانتۆنی عەفرین بە كۆبانێ، لە 25ی ئاب/ئۆگستسی 2015 لە جەرابلوس هێزەكانی سنووری سووریایان بەزاند و ناوچەی جەرابلوس و چەندان ناوچەی تریان داگیر كرد.

یەكینەكانی پاراستنی گەل "یەپەگە" هێزێكی چەكداری كوردی سەر بە پارتی یەكێتی دیموكرات "پەیەدە"ن و لە ساڵی 2011 لە ڕۆژئاوای كوردستان دامەزراوە و بەگوێرەی خەمڵاندنەكان تا ساڵی 2015 ژمارەی چەكدارەكانیان گەیشتووەتە 45 هەزار كەس، بەڵام دوای دەركردنی یاسای سەربازی زۆرەملێ، ژمارەی شەڕڤانانیان گەیشتووەتە 105 هەزار كەس. ئەوان لەلایەن ئەمەریكاوە هاوكاری دەكرێن و پێوەندییەكی تۆكمەیشیان لەگەڵ ڕووسیا و ڕژێمی ئەسەد هەیە، لە چوارچێوەی هێزەكانی سووریای دیموكرات ڕۆڵی باڵایان بینیوە لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش لە ڕەقە و دێرزوور و ناوچەكانی تری سووریا.

سەرچاوە/قەنتەرە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د