گەندەڵی كۆتا بە حوكمی 11 ساڵەی نەتانیاهۆ دەهێنێت؟

:: PM:01:30:22/02/2018 ‌

دانپێدانانی سەرۆكی دادگای باڵا و بەڕێوەبەرێكی گشتی لە وەزارەتی گەیاندن لەسەر ئاشكراكردنی  گەندەڵییەكانی حكوومەتی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، ئۆپۆزسیۆن داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت و كۆتاهاتن بە حوكمی نەتانیاهۆ دەكەن.

میدیاكانی ئیسرائیل دەیان راپۆرتیان لەسەر گەندەڵییەكانی حكوومەتی بنیامین نەتانیاهۆ بڵاو كردەوە، رۆژنامەی (هائارتس) دەڵێ، پۆلیس دەستی گەیشتووە بە سندووقە رەشەكە و نەتانیاهۆ ناتوانێت بگەڕێتەوە.

ئەمە لە كاتێكدایە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم 22ی شوبات، خاتوو ئیستیر حایوت سەرۆكی دادگای باڵای ئیسرائیلی لە بەردەم پۆلیس دانپێدانانی دژ نەتانیاهۆ دا لەسەر دۆسیەیەكی پێوەست بە گەندەڵییەكانی حكوومەتەكەی.

خاتوو ئیستیر وەك كەسایەتییەكی نزیك لە نەتانیاهۆ هەندێك پرسیاری ئاراستەی خاتوو هیلا گرستیل كردووە بۆ شاردنەوەی گەندەڵییەكانی نەتانیاهۆ لە دۆسیەی ئەو خانووانەی پێوەندارن بە خێزانەكەی، لە بەرانبەر ئەوەدا پۆستی راوێژكاری یاسایی لە حكوومەت وەربگرێت، ئەمە لە كاتێكدایە هیلا گریستیل سێ ساڵ پێش ئێستە ئەو پرسەی لەگەڵ خاتوو حایۆتی دادوەر ورووژاندووە.

هاوكات خاتوو حایۆت لە دانپێدانانی لە بەردەم پۆلیس دانی بە رووداوەكە ناوە و دەڵێ،  ئەوكات هیچ هەنگاوێكی دژ بەو دۆسیە هەڵنەگرتووە بەهۆی كەمیی زانیارییەكانی گریستیل.

دانپێدانانی سەرۆكی دادگای باڵا، هاوكاتە لەگەڵ دانپێدانانی شلومۆ فیلبر بەڕێوەبەری گشتی پێشتر لە وەزارەتی گەیاندن لەسەر دۆسیەی گەندەڵی نەتانیاهۆ.

ئەحمەد تیبی پەرلەمانتاری عەرەب لە پەرلەمانی ئیسرائیل لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر دەپرسێ، ئایا ئەمە كۆتای سەردەمی نەتانیاهۆ دەبێت؟
 
چەند سەرچاوەیەكی حكوومەتی ئیسرائیلی باس لەوە دەكەن كە پێ دەچێ بنیامین نەتانیاهۆ بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختە بدات، ئەمەش دوای ئەو دانپێدانانە لە دژی.

ئەمە لە كاتێكدایە دوا هەڵبژاردنی كنێست (پەرلەمانی ئیسرائیل) لە ساڵی 2015 ئەنجام درا و بە پێی یاسا ساڵ 2019 تەمەنی حكوومەت و پەرلەمان تەواو دەبێت.

لەسەر دۆسیەكانی گەندەڵی دژ بە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، شلۆمۆ فیلبر و سەرۆكی دادگای باڵای ئیسرائیل لە دادگا دەبنە گەواهیدەر دژ بە نەتانیاهۆ.

میدیاكانی ئیسرائیل لە چەند سەرچاوەیەكی حكوومەتی هاوپەیمانی ئیسرائیل گواستیانەوە كە نەتانیاهۆ ناچار بووە ئەمساڵ دەست بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت ببات.

لای خۆیەوە ئاڤی گابای سەركردەی هێزی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیلی رای گەیاند، ویلایەتی نەتانیاهۆ كۆتای پێ هاتووە و داوای هەڵبژاردنی پێشوەختی كرد.

زیاتر گوتی "سەردەمی نەتانیاهۆ كۆتای هات، پرۆسەی چاكسازی كۆمەڵگەی ئیسرائیلی كاتێكی زۆری دەوێت و پرسێكی وا ئاسان نابێت، بەڵام دەبێت دەست بەو چاكسازییە بكەین".

گابای داوای لە هەوادار و لایەنگرانی حزبەكەی كرد خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت ئامادە بكەن.

 لای خۆیەوە ئاورین حەزان پەرلەمانتاری پارتی لیكود كە زۆرینەی پەرلەمانی هەیە و نەتانیاهۆی سەرۆكایەتی دەكات، داوای لە نەتانیاهۆ كرد داوای لێبوردن بكات و مۆڵەت وەربگرێت و حكوومەت بەجێ بهێڵێت.

 حەزان لە لێدوانێكی بۆ رادیۆی دەنگی ئیسرائیل گوتی، "ئەو هەنگاوە وا دەكات نەتانیاهۆ و پارتی لیكود لە داڕمانێكی گەورە و قووڵ رزگار بكات".

ئەوەی زیاتر من لێی دەترسم ئەو دۆسیە گەندەڵییانەی نەتانیاهۆ زیان بە پارتی لیكود بگەیەنێ و كلیلی دەسەڵاتی لێ وەربگرێتەوە، ئەمەش وادەكات ئیسرائیل خاك لە دەست بدات. حەزان وای گوت. روونی كردەوە كە پێویستە حكوومەت كەسایەتییەك دەستنیشان بكات بۆ شوێنگرتنەوەی بنیامین نەتانیاهۆ تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت.

لای خۆیەوە نەتانیاهۆ تەواوی ئەو تۆمەتانەی رەت كردەوە، شەوی رابردوو چوارشەم 21ی شوبات رای گەیاند، تەواوی ئەو زانیارییانە رەت دەكەمەوە كە ئاماژەن بە گەندڵی و لەسەر دۆسیەی خاتوو گرستیلی دادوەر دراونەتە پاڵم.

زیاتر گوتی "ئەوانە هەموو پڕوپاگەندەی درۆینەن دژ بە من و بنەماڵەكانم ئەنجام دەدرێت، ئەمەش شتێكی نوێ نییە و ماوەی چەندان ساڵە بەردەوامی هەیە".
 
جێی باسە بنیامین نەتانیاهۆ ماوەی 11 ساڵە دەسەڵاتی لە ئیسرائیل بە دەستەوەیە و هیچ سەركردەیەكی تری سیاسی نەیتوانیوە كێبەركێی بكات، خەریكە ماوەی مانەوەی لە دەسەڵات نزیك دەبێتەوە لە دەیڤید بن گۆریۆن دامەزرێنەری دەوڵەتی ئیسرائیل كە ماوەی 13 ساڵ لە دەسەڵات مایەوە.
 
ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ نەتانیاهۆ، لە كاتێكدایە پۆلیسی ئەو وڵاتە رای گەیاند كە دوو لەو كەسانەی نزیكن لە نەتانیاهۆ، هاتوونەتە گرتن. 

تا ئێستە لەسەر دۆسیەی گەندەڵییەكانی نەتانیاهۆ، هەریەكە لە حیفیتز و شلۆمۆ فیلبر دوو لە كەسە نزیكەكانی نەتانیاهۆ گیراون، لێكۆڵینەوەش لەگەڵ شاوول ئیلۆفیچ خاوەنی ماڵپەری والا كە ماڵپەڕێكی هەواڵییە بەردەوامی هەیە بەرانبەر وەرگرتنی پشك لە كۆمپانیای بیزك كە نەتانیاهۆ خاوەنی زۆرینەی پشكەكانە، پڕوپاگەندەی ئەرێنی لەسەر نەتانیاهۆ بڵاو بكاتەوە.

سەرچاوە/ نەهار + عەرەبی 21


وشە - فه‌رمان سادق