ئەگەری روودانی جەنگی جیهانیی سێیەم لە ئارادایە

:: PM:01:45:22/02/2018 ‌


لە چەند رۆژی رابردوودا لە سووریا رووبەڕووبوونەوە و ناكۆكی و جەنگ لە هەموو كاتێكی تری ئەم وڵاتە بەرفراوانتر بووە. دراوسێكانی سووریا و نە وڵاتە زلهێزەكان هەنگاو بەرەو ئاشتی و گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ئەو وڵاتە نادەن. هەریەك لە ئەمەریكا و رووسیا لە لایەك و ئێران و ئیسرائیل لە لایەكی تر كێشە و ناكۆكییەكانیان قووڵتر بووەتەوە و هەڕەشە لە یەكتر دەكەن ئەم رۆژانە ئەمەریكا و توركیاش كە پێشتر هاوپەیمانێكی سەرەكی یەكتر بوون، كێشەی قووڵیان بۆ دروست بووە.

 لە ٢٠١١ەوە لە سووریا جەنگێك دەستی پێ كردووە كە سەرووی ٣٠٠ هەزار كەس بە هۆیەوە گیانیان لە دەست داوە و بە ملیۆنان كەس ئاوارە بوون، جەنگێك كە دوای حەوت ساڵ ئاگرەكەی خەریكە هەموو دنیا دەگرێتەوە و مەترسی ئەوەی لێ دەكرێت بۆ جەنگی جیهانیی سێیەم بگۆڕێت.

پێشتر دەگوترا خەریكە جەنگی سووریا كۆتای پێ دێت و ئاشتی و ئارامی بۆ ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە و تەنانەت وا پیشان دەدرا حكوومەتی سووریا بە پشتیوانی ئێران و رووسیا وردە وردە پێگەی خۆی جێگیرتر دەكات. ئێستە دیسان ئاگری جەنگ بڵێسەی كردووە و لە ماوەی هەفتەیەكی رابردوودا سی هەڕەشەی جەنگ كراوە كە نەك پێوەندی بە سووریا، بەڵكو پێوەندی بە ئەمەریكا و رووسیاش هەیە.

ئەگەر وشەكان گرنگی و بایەخیان هەبووایە، ئەوا لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان یەكێك گوێی لەوە دەگرت هەوڵێك بۆ راگرتنی جەنگ بدرێت و چیتر خەڵكی بێتاوان نەبێتە قوربانی. نوێنەری فڕەنسا گوتبووی "ئێمە لە بەردەم مەترسی جەنگێكی ناوچەیی و جیهانین." ستافان دیمستۆرا باڵوێزی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش گوتبووی لەوەتەی جەنگی سووریا دەستی پێ كردووە ئەو وڵاتە لە خراپترین و ئالۆزترین و كارەساتبارتین دۆخیدایە و ئەگەر رواڵەتی جەنگەكە تەنیا لە سووریا بێت، ئەوا راستییەكەی وەك جەنگێكی جیهانیی لێ هاتووە. ئەم بەڵگانەی خوارەوە دەیسەلمینن جەنگەكە زۆر لەوە گەورەترە بیری لێ دەكرێتەوە.

یەكەم جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل
فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئێرانی ١٠ی شوبات لە ئاسمانی ئیسرائیل بینرا و لە لایەن سوپای ئیسرائیل خرایە خوارەوە. دوای ئەمە فڕۆكەكانی ئیسرائیل بۆ تۆڵەسەندنەوە هێرشیان كردە سەر بنكەكانی ئێران و ئەو شوێنانەی لێیەوە فڕۆكەكەی لێ هەستابوو و زیانێكی زۆریان بە بنكەكان گەیاند. دواتر فڕۆكەیەكی F16ی ئیسرائیلی لە لایەن سووریاوە خسترایە خوارەوە.

تا بەر لەم رووداوە، ئیسرائیل هەموو كاتێك دەیگوت هیچ پێوەندییەكی بە جەنگی سووریا نییە و دەیگوت هەر هێندەی رووسیا پشت بە ئەمەریكا دەبەستێت. ئەمەریكاش لەوە تێدەگەیشت كە زوو یان درەنگ لە دەرگەی ئیسرائیلیش دەدرێت و لەو رووداوەی ئەمدواییەش كە ئێران و حزبوڵا  بەیەكەوە دژی ئیسرائیل كاریان كرد، وا پێ دەچێت ئیسرائیل بە تەنیایی بیەوێت هەنگاوی پێویست بۆ بەرگریكردن لە خۆی بنێت، چونكە ئەمەریكا هەنگاوێكی ئەوتۆی بۆ بەرگریكردن لە هاوپەیمانەكەی نەناوە.

ئێرانیش كە لەوە نیگەرانە ئیتر دوای نەمانی داعش و كۆتاهاتنی جەنگ دەبێت بارگەی بپێچێتەوە، دەستی بە دروستكردنی بنكە و بارەگای سەربازی كردووە و بەرنامەی هەیە تا ماوەیەكی درێژ لە سووریا بمێنێتەوە. ئیسرائیلیش دەستی بە یارمەتیدانی هەندێك گرووپی ئۆپۆزسیۆن لە باشووری سووریا كردووە كە پێشتر ئەمەریكا داوای لێ كردبوون لە ناوچەكە دوور بكەونەوە.

رووبەڕووبوونەوەی رووسیا و ئەمەریكا
بەگوێرەی "رادیۆ زەمانێ" كیریل ئاتانیف، ئەلێكسای لادیگین كە ناوی رووسین لەگەڵ چەندان ناوی تر خەریكە ئاشكرا دەبن كە لە هێرشێكی ئەمەریكا بۆ سەر دێرەزوور گیانیان لە دەست دا. مۆسكۆ دوای ئەوەی یەكەم جار حاشای لە رووداوەكە كرد دواجار دانی پێدا نا و ئەمەش بە یەكەم رووبەڕووبوونەوەی رووسیا و ئەمەریكا لە دوای جەنگی ڤێتنام هەژمار دەكرێت.

دیار نییە پێوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و رووسیا بەرەو كوێ دەچن، ئاخر ئەمەریكا پشتیوانی لە كورد دەكات و خوازیاری نەمانی بەشار ئەسەدە و رووسیاش لە چوارچێوەی داخوازی نەتەوەیی پێی باشە مافی كورد لە سووریا چارەسەر بكرێت، بەڵام لەگەڵ رووخاندنی رژێمەكە نییە. هەریەك لەم دوو وڵاتە لەگەڵ توركیا بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە و ئەگەر رووسیاش لە پرسی سووریا دۆستی ئێران بێت، ئەوا ئەمەریكا دوژمنی ئێرانە. سەیر لەوەدایە شەڕڤانانی یەپەگە لە عەفرین ماوەیەكە یارمەتی بەشار ئەسەدیان وەرگرتووە لە كاتێكدا لە ناوچەكانی تری رۆژئاوای كوردستان لە لایەن ئەمەریكاوە پشتیوانی دەكرێن.

تێكچوونی پێوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و توركیا
سێیەم مەترسی روودانی جەنگێكی گەورە و تێكچوونی پێوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و توركیایە. كە هەرگیز چاوەڕوان نەدەكرا. مەولوود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا دەڵێت، "یا پێوەندییەكانمان لەگەڵ ئەمەریكادا بەهێز دەكەین یان بە تەواوی ئەو پێوەندییانە دەپچڕێنین." ئەم گوتانە دەریدەخات كە هیچ كات پێوەندییەكانی نێوان توركیا و ئەمەریكا تا ئەو رادەیە ئاڵۆز و سارد نەبووە.

لە ٢٠ی كانوونی دووەمی ئەمساڵەوە توركیا دەستی بە ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوون بۆ داگیركردنی عەفرین كردووە و بەرنامەی هەیە لە داهاتوودا منبەجیش داگیر بكات و تا سنووری عێراق دەسەڵاتی خۆی بەرفراوان بكات.

هێرش و هاش و هووشی توركیا بەر لە هەر كەسێك لە لایەن یەكینەكانی پاراستنی گەل پووچەڵ كرایەوە و دوای مانگێك و سێ رۆژ نەیتوانی بەشێكی زۆر بچووك لە ئامانجەكەشی بەدی بهێنێت. هێزەكانی ئەمەریكا لە منبەجن و ئەگەر توركیا خوازیار بێت هێرش بكاتە سەر منبەج، ئەوا دەبێت رووبەڕووی هێزە ئەمەریكییەكانیش ببێتەوە.

بە بۆچوونی ئارۆن ئێشتاین لێكۆڵەری ئەنجوومەنی ئاتلانتیك، "نزیكبوونەوەی توركیا لە رووسیا هاوئاراستە بووە لەگەڵ تێكچوونی پێوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و توركیا. شتێكی زۆر مەترسیدارە ئەگەر رۆژێك ئەنكەرە و مۆسكۆ و دیمەشق و تاران لەگەڵ یەكتر رێك بكەون و بیانەوێت كێشە بۆ ئەمەریكا بهێننە كایەوە. ئێستە هاوپەیمانیەتییەك كە تەمەنی ٦٠ ساڵە و بە هاوپەیمانی سەربازیی ناتۆ ناسراوە، ناتوانێت لەو قۆناغە نوێیەی جەنگ و ناكۆكی كە لە سووریا دەستی پێ كردووە، قسەی خۆی هەبێت.

   



وشە - سلێمان تاشان