لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان سێ مادەی تری پڕۆژە یاسای چاكسازی پەسەند كراو ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت، پێشبینی دەكرێت ڕۆژی سێشەمی داهاتوو پڕۆژە یاساكە بە تەواوی پەسەند بكرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم 22ـی شوبات، بەهزاد دەروێش ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ سێ مادەی تر لە پڕۆژە یاسای چاكسازی پەسەند كرا و ناوەڕۆكی مادەكانی چوار و پێنج تایبەتە بە ئاسایی كردنەوەی پلە بەرز كراوەكانی خانەنشینی كە كەسانێك بە نایاسایی پلەی خانەنشینی بەرزیان پێداراوە، بۆیە دەبێت ئەو پلانە ئاسایی بكرێتەوە و وەك خۆی لێ بكرێتەوە كە پلەكەی چۆن بووە لە ڕابردوو بە گوێرەی خزمەتی.
ئەندامەكەی پەرلەمان دەڵێت، بە گوێرەی مادەی شەشەم كە تایبەتە بە خانەشینی و ماف و ئیمتیازاتەكانی كەسوكاری شەهیدان كە بەگوێرەی پڕۆژە یاساكە نابێت ئەو مافی وەرگرتنی ئیمتیازاتەكان بگوازرێتەوە بۆ كەسوكاری تری.
دەروێش ئاشكرای كرد، كۆبوونەوەكەی پەرلەمان بۆ ڕۆژی دووشەم دوا خراوە و پێشبینی دەكرێت لە ڕۆژی سێشەم پڕۆژەكە پەسەند بكرێت.
پڕۆژە یاسای چاكسازی لە 20 مادە پێكهاتووە ڕۆژی چوارشەم سێ مادەی پەسەند كراو لە سەعات نۆی شەو كۆتا بە دانیشتنی پەرلەمان هات.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆتایی ساڵی ڕابردوو پڕۆژ یاساییەكی بەناوی چاكسازی لە كەرتی گشتی ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان كرد بەمەبەستی پێداچوونەوە بە مووچەی كەسانی ناشایستە و پلە تایبەتەكان، بەڵام تا ئێستە تەنیا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە.