گۆڕان جێگر بۆ پارێزگاری سلێمانی دادەنێت

:: PM:06:16:22/02/2018 ‌
بزووتنەوەی گۆڕان جێگرێك بۆ هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی دادەنێت و ئێستە سێ‌ كەس كێبڕكێ‌ بۆ ئەو پۆستە دەكەن كە بڕیارە بە هەڵبژاردن لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی پڕۆسەكە بەرێوە بچێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 22ی شوبات، ڕێبوار ئەحمەد، سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەنجوومەنی پارێزگاری سلێمانی  بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پارێزگاری سلێمانی دەبێت دوو جێگری هەبێت و یەكێك لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و یەكێك لە بزوتنەوەی گۆڕان بێت، بەڵام ئێستە پارێزگاری سلێمانی یەك جێگری هەیە ئەویش لە پشكی یەكێتی یە.

زیاتر گوتی، بەپێی یاسای ژمارە سێ لە مادەی شەش لە بڕگەی دوانزە، هەڵبژاردن بۆ سێ كاندید دەكرێ بۆ پۆستی جێگری پارێزگاری سلێمانی و لە ئەنجوومەنی پارێزگا دەنگیان لەسەر دەدرێ.

" دوای ئەوەی لە ئەنجوومەن دەنگ  لەسەر كاندیدێك دەدرێت دواتر ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دەكرێت و بڕیار بۆ دەست بەكاربەنی دەردەچێت" ڕێبوار ئەحمەد ئەو زانیاریانەی ڕاگەیاند.

بەپێی زانیاریەكانی "وشە" ئێستە هەریەكە لە هاوار شێخ رەئوف و ئەحمەد عەلی و فازیل عومەر خۆیان بۆ پۆستی جێگری پارێزگاری سلێمانی كاندید كردووە.

پارێزگاری سلێمانی ئێستە لە پشكی گۆڕانەوە و بەپێی ڕێككەوتنی نێوان یەكێتی و گۆڕان پۆستەكە دوو ساڵ بە دووساڵ ئاڵوگۆڕی پیچ دەكرێت و دوو ساڵی یەكەم لەلایەن پارێزگارێكی یەكێتی سلێمانی بە رێوە دەبردرا.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم