بۆمبێكی مەترسیدار لە هەڵەبجە دۆزرایەوە

:: PM:08:01:22/02/2018 ‌
 
نزیكەی دوو كیلۆمەتر لە دەرەوەی شاری هەڵەبجە بۆمبێك دەدۆزرێتەوە دەردەكەوێت كە ئەو بۆمبە بۆمبی كیمیاوییە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 22ـی شوبات، هۆشیار بیاوێڵەیی كە زیاتر لە ٢٥ساڵە سەرقاڵی هەڵگرتنەوەی مینە بۆ "وشە" گوتی، دوای ئەوەی كە لە لایەن كەسێكەوە ئاگەدار كرامەوە بە بوونی بۆمبێك لە دەرەوەی شاری هەڵەبجە، بۆیە رۆیشتم و دوای پشكنین بۆم دەركەوت بۆمبەكە نەتەقیوەتەوە.

بیاوێڵەیی زیاتر گوتی، بۆمبەكە بۆمبی كیمیاوییە و هێشتە نەتەقیوەتەوە، " منیش بۆمبەكەم هەڵگرتەوە و هێناومەتەوە ماڵەوە، ئەو بۆمبە هەرچەندە قەبارەكەشی بچووكە، بەڵام مەترسیی دارە، چونكە مادەی كیمیاوی تێدایە".

وشیار ئاشكرای كرد ئەم بۆمبە هاوشێوەیی ئەو بۆمبانەیە كە حكوومەتی عێراقی لە هەڵەبجەی داو پێی كیمایاباران كرد كە بووە هۆی شەهید بوونی پێنج هەزار كەس و برینداربوونی هەزاران كەسی تر، بۆیە "من بۆمبەكەم هێناوەتەوە لای خۆم و هەڵم گرتووە".

هۆشیار بیاوێڵەیی زیاتر لە ٢٥ساڵە خەریكی هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنییە، كە تاكو ئێستە زیاتر لە دوو ملیۆن مینی جۆراو جۆری هەڵگرتوەتەوە لە تەواوی كوردستان، بەهۆی تەقینەوەی مینیشەوە چەندان جار مەترسی گەورە لەسەر ژیانی دروست بووە.

هۆشیار بیاوێڵەیی هەردوو قاچی و لەدەست داوە و دەست و دەموچاوی چەندین جار بریندار بووە، ئێستەش لە گوندی بیاوێڵە چوار كیلۆمەتر باكوری شاری هەڵەبجە ماڵەكەی خۆی كردوە وەك مۆزەخانەیەكی مین بەسەتان مینی جۆراو جۆری داناوە.

هەڵەبجە دەكەوێتە ٨٣كیلۆمەتر باشوری رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی و لە ١٦/٣/١٩٨٨دا لەلایەن رژێمی لێخراوی بەعسەوە بۆردومان كراوە بە چەكی كیمیاوی پێنج هەزار كەس شەهید بوون، زیاتر لە ١٠ هەزار كەسیش بریندار بوون.

هەڵەبجە/ سەلام هانەدنی




وشە - رامیار جەواد