دواى 12 ساڵ به‌رده‌وامیی كردنه‌وه‌ى پێشانگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى كتێب له هه‌ولێر، به‌پێى زانیارییه‌كانى ده‌زگه‌كانى چاپ، ئه‌مساڵ 2018 پێشانگه‌كه ناكرێته‌وه. به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى رۆشنبیری ده‌ڵێن "كردنه‌وه و نه‌كردنه‌وه‌ى پێوه‌ندى به ئێمه‌وه نییه".
ماوه‌ى 12 ساڵه، هه‌موو ساڵێك له مانگى نیسان/ئه‌پریل پێشانگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى كتێب له هه‌ولێر ده‌كرێته‌وه، ئه‌م پێشانگه‌یه ساڵ له دواى ساڵ پێشكه‌وتنى به‌خۆیه‌وه دیوه. له ساڵى رابردوودا كه پێشانگه‌ى دوانزه‌یه‌م بوو، به‌پێى زانیارییه فه‌رمییه‌كانى سه‌رپه‌رشتیارى پێشانگه‌كه 100 هه‌زار كه‌س له ماوه‌ى 10 رۆژدا به‌شداریى پێشانگه‌كه‌یان كردووه بۆ بینینی 700 هه‌زار ناونیشان هه‌بوو.
وه‌ك تێبینى ده‌كرا، گرنگى پێشانگه‌كه ته‌نیا بۆ خوێنه‌رانى كتێب و كتێبفرۆشان نه‌بوو، به‌ڵكو وه‌ك كه‌رنه‌ڤاڵێكى كولتوورى لێ هاتبوو، بۆ ماوه‌ى 10 رۆژ چه‌ندان چالاكى هونه‌ری و رۆشنبیریى تێدا ئه‌نجام ده‌درا، به‌ڵام ئه‌مساڵ تا ئێسته هیچ ئاماده‌كارییه‌ك بۆ ئه‌و پێشانگه‌یه نه‌كراوه، خاوه‌نى ده‌زگه‌كانى چاپ و بڵاوكردنه‌وه ده‌ڵێن "به ئێمه‌یان گوتووه ئه‌مساڵ پێشانگه ناكرێته‌وه".
جیمس موحسین چینى به‌ڕێوه‌به‌رى ده‌زگه‌ى چینى، بڕیارى نه‌كردنه‌وه‌ى پێشانگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى كتێبى هه‌ولێر، به بڕیارێكى خراپ ده‌زانێت، چونكه به‌بڕواى ئه‌و "ئه‌م بڕیاره كاردانه‌وه‌یه‌كى خراپى بۆ بوارى رۆشنبیریى كوردستان هه‌یه". چینی بۆ "وشه" ده‌ڵێ، "پێشانگه‌ى نێوه‌ده‌وڵه‌تیى هه‌ولێر خه‌ریك بوو له‌سه‌ر ئاستى دنیا ده‌ناسرا".
ده‌زگه‌ى چینى له ساڵى 2004 مۆڵه‌تى فه‌رمیى چاپكردنی وه‌رگرتووه. وه‌ك جیمس ئاماژه‌ى بۆ ده‌كات، تا ئێسته نزیكه‌ی 200 كتێبیان چاپ كردووه، به‌ڵام له كۆتای هه‌مان ساڵه وه چاپى كتێبیان راگرتووه، به‌هۆى ته‌نگژه‌ى كوردستانه‌وه.
به‌ڵام ئاخۆ نه‌كردنه‌وه‌ى پێشانگه پێوه‌ندیى به ته‌نگژه‌وه هه‌یه، جیمس له‌و باره‌یه‌وه ئاماژه‌ی به‌وه دا، "ئێمه هه‌موو ساڵێك به‌شداریمان له پێشانگه‌ى هه‌ولێر كردووه، ساڵى پار فرۆشى كتێب دابه‌زی بوو، به‌ڵام له كۆتای پێشانگه‌كه كه یه‌كێتیى پێشانگه‌كانى كتێب له وڵاتانى عه‌ره‌بى، ده‌ستخۆشى له پێشانگه‌كه‌ى هه‌ولێر كرد و به‌ڵێنى دا ناوى هه‌ولێر بخاته لیستى پێشانگه‌كانه‌وه، ئه‌مه له‌ڕووى واتایى و كولتوورییه‌وه بۆ هه‌رێمى كوردستان گرنگ بوو، بۆیه به بڕواى من نه‌كردنه‌وه‌ى پێشانگه‌كه بۆ كوردستان خراپه، چونكه ئه‌م ئاسته‌ى له 12 ساڵى رابردوو دروست بووه، به ئاسانى جارێكى تر دروست نابێته‌وه".
وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رى ئه‌م ده‌زگه‌یه ئاماژه‌ى بۆ ده‌كات، وا چاوه‌ڕوان ده‌كرا ئه‌مساڵ به‌شدارانى بیانى زیاتر له پێشانگه‌كه به‌شدار بن، كه‌چى بڕیارى نه‌كردنه‌وه‌ى پێشانگه‌كه دراوه. جیمس گوتى، "ساڵانه له كۆتای مانگى دوانزه ئاگادار ده‌كراینه‌وه، كه‌چى ئه‌مساڵ خۆیان بێده‌نگ كردووه، باس له چه‌ندان هۆكار ده‌كرێت، به‌ڵام من نازانم كامه‌یان راسته، ئاخۆ كێشه‌كه پێوه‌ندى به ده‌زگه‌ى مه‌دا خۆیه‌وه هه‌یه، یان پێوه‌ندیى به فڕۆكه‌خانه‌وه هه‌یه، هیچ روونكردنه‌وه‌یان نه‌داوه".
لای خۆیه‌وه سۆران عه‌زیز خاوه‌نى ماڵى وه‌فایى له هه‌ولێر، وێڕاى ئه‌وه‌ى بێئاگایى خۆى له نه‌كردنه‌وه‌ى پێشانگه‌ى كتێب نیشان دا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بوو پێشانگه‌كه بكرێته‌وه. عه‌زیز بۆ "وشه" گوتى، "من نازانم ئایا پێشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی كتێب ده‌كرێته‌وه یان نا؟ ئه‌گه‌ر بكرێته‌وه كاری گرنگه ساڵانه سه‌دان كه‌س له‌م پێشانگه‌یه به‌هه‌زاران كتێب ده‌به‌نه ناو ماڵانه‌وه".
له‌باره‌ى قازانج و زیانى كتێب، سۆران ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات به‌شداربوونیان وه‌ك ده‌زگه له پێشانگه‌ى كتێب قازانجێكى زۆرى بۆ ئه‌وان نه‌بووه، چونكه له كاتى به‌شدارییان خه‌رجییه‌كى زۆریان كه‌وتووه‌ته ئه‌ستۆ، وه‌ك به‌كرێگرتنى شوێن، چه‌ندان خه‌رجى تر. سۆران بۆ "وشه" گوتى "راستییه‌كه‌ی كتێبفرۆشی چ له‌ناو پێشانگه و چ له ده‌ره‌وه‌ی قازانجێكی ئه‌وتۆی نییه. به‌تایبه‌ت له‌ناو پێشانگه چونكه خه‌رجی زۆری تێدایه كه كتێبفرۆش ده‌بێت بیكات. تا ئێسته به‌گشتی له قازانجی ده‌زگه‌ی (مه‌دا) بووه وه‌ك خاوه‌ن كاره‌كه".
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سۆران نكۆڵى له‌وه ناكات، به چه‌ندان لایه‌ن كردنه‌وه‌ى پێشانگه قازانجى بۆ خاوه‌ن ده‌زگه‌كان هه‌بووه، بۆیه رای گه‌یاند "بۆ كتێبفرۆش ئه‌وه قازانجه كه له‌و چه‌ند رۆژه‌دا ئه‌و هه‌موو كتێبه‌ی ساغ ده‌بێته‌وه و پاره‌یه‌كی دێته‌وه ده‌ست، ئه‌گه‌ر پاره‌كه ده‌ستمایه‌ش بێت. فرۆشی كتێب له ده‌ره‌وه‌ی پێشانگه‌كه‌دا وه‌ك هه‌ر شتێكی تر له كوردستاندا خراپ بووه، به‌ڵام من پێم وایه سه‌ره‌ڕای دۆخی خراپی ئابووری و سیاسیی كوردستان، هێشتا كتێب رۆژانه ده‌فرۆشرێت و كاری خۆی ده‌كات، به‌ڵام جووڵه‌كه كه‌متر بووه‌ته‌وه".
محه‌مه‌د گه‌ردى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى له وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى، بۆ "وشه" ئه‌وه‌ی خسته ڕوو، "كردنه‌وه‌ى پێشانگه‌ى كتێب له هه‌ولێر پێوه‌ندى به ئێمه‌وه نییه، ئێمه ته‌نیا له‌رووى چالاكییه رۆشنبیرییه‌كان هاوكاریان ده‌بین". له‌باره‌ى هۆى نه‌كردنه‌وه‌ى پێشانگه‌كه گه‌ردى گوتى، "هه‌رچه‌نده كاته‌كه‌ى دواكه‌وتووه، به‌ڵام هێشتا بڕیارى یه‌كلاكه‌ره‌وه نه‌دراوه، له كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى ئه‌وان بڕیارى كردنه‌وه یان نه‌كردنه‌وه‌ى ده‌ده‌ن".
ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌ى وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى ده‌ڵێ، "بێگومان نه‌كردنه‌وه‌ى پێشانگه‌كه زیان به هه‌موو لایه‌نێكى كتێبفرۆش و خوێنه‌ر و بارى رۆشنبیرى ده‌گه‌یه‌نێ".
سالار عوسمان بریكارى وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى له لێدوانێكدا بۆ "وشه" ره‌تى كرده‌وه ئه‌و پێشانگه‌یه پێوه‌ندى به وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى هه‌بێت و گوتى، "له خانه‌ی مه‌دا و فه‌خرى كه‌ریم بپرسن، ئێمه ئه‌و پێشانگه‌یه ناكه‌ینه‌وه، ئه‌وان ده‌یكه‌نه‌وه".
"وشه" زۆرى هه‌وڵ دا له رێى ئیمه‌یل و ته‌له‌فۆن لێدوانى ده‌زگه‌ى مه‌دا وه‌ربگرێت كه ساڵانه سه‌رپه‌رشتى پێشانگه‌كه‌ى ده‌كرد، به‌ڵام هیچ پێوه‌ندییه‌كان به‌رده‌ست نه‌بوون.