ساڵانه زۆر له گه‌نجان به یه‌كجاری هه‌رێم جێ دێڵن، ئه‌وان كه هێزی كاری وڵاتن، ئومێدێكیان به كوردستان نه‌ماوه و بۆ ده‌ربازبوون لێی، دارونه‌داریان له ڕێی گه‌یشتن به ئه‌وروپا داده‌نێن. ئه‌و په‌تا بڵاوه له نه‌بڕانه‌وه‌یه و جاران كه وڵات به وڵات ملیان ده‌نا، ئێسته زۆریان به ڤیزه ده‌ڕۆن. ئه‌وه‌ش كاری پڕ داهاتی بۆ چه‌ندان كه‌س ده‌سته‌به‌ر كردووه و له په‌نای ئه‌مانه‌یشه‌وه، كه‌سانێك هه‌ن به ناوی ڤیزه‌وه‌رگرتنه‌وه نووسینگه‌ی قۆڵبڕینیان كردووه‌ته‌وه.
مێژووی كۆچ له كوردستان زه‌مه‌نێكه و دیارده‌ی هه‌ڵهاتن لێی وه‌ك په‌تایه‌كی بۆ ماوه‌یی به‌ربڵاوه و تا ئێسته‌یش هه‌ر به‌رده‌وامه. دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر پێنجه‌مین هاوڕێی ماڵئاوایی لێ كرد و له‌وكاته‌وه ئه‌ویش هه‌وڵی به‌جێهێشتنی كوردستان ده‌دات. ڕۆژ تا ئێواره له‌و نووسینگه بۆ ئه‌و نووسینگه‌ی وه‌رگرتنی ڤیزه‌دایه. شاخه‌وان /28 ساڵ/ كه مه‌به‌ستی گه‌یشتنیه‌تی به كه‌نه‌دا، یاخۆ به‌ریتانیا، ئاماده‌یه سه‌رووی 25 هه‌زار دۆلار بدات و له‌و ماوه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ 13 نووسینگه‌ی وه‌رگرتنی ڤیزه ڕووبه‌ڕوو بووه، به‌ڵام هێشتا پاسپۆرته‌كه‌ی بێ ڤیزه هه‌ر لای خۆیه‌تی.
ئه‌و به‌رده‌وام سه‌ری به‌سه‌ر مۆبایله‌كه‌یه‌وه ناوه تا له ڕێی تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه شوێن و ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه وه‌چه‌نگ بخات كه كاری وه‌رگرتنی ڤیزه ده‌كه‌ن. خۆی ده‌ڵێ "سه‌ره‌تا هه‌مووان ده‌ڵێن كاره‌كه‌یان گره‌نتییه و دینارێك ناده‌یت و كوێت پێ باشه پاره‌كه‌تی لێ بخه‌وێنه تا ده‌گه‌یت به وڵاتی خۆت، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی ئه‌وكاته‌ی ڤیزه‌كه‌ت بۆ دێننه‌وه داوای دوو هه‌زار دۆلار ده‌كه‌ن، كه گومان له ڕاستی و دروستی ڤیزه‌كه هه‌یه و ئه‌گه‌ر هه‌یه ده‌رنه‌چیت". پێنه‌دانی ڤیزه له كونسوڵگه، شاخه‌وانی ناچار به كڕینی ڤیزه كردووه.
سه‌رباری ته‌واویی هه‌موو داواكارییه‌كانیان، به‌ڵام پێدانی ڤیزه له كونسوڵگه‌كانی كوردستان زۆر ئه‌سته‌مه و ساڵانه له‌و ڕێیه‌وه پاره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی به هه‌وادا ده‌ڕوات. هه‌ر كونسوڵگه‌یه‌ك نووسینگه‌یه‌كیان بۆ مامه‌ڵه سه‌ره‌تایییه‌كان ده‌ستنیشان كردووه و بۆ چاوپێكه‌وتن 150 دۆلار وه‌رده‌گرن، له كاتێكدا له هه‌زار داواكار ڕه‌نگه ته‌نیا كه‌سێك چانسی وه‌رگرتنی ڤیزه‌ی پێ ببڕێت. كه‌چی له‌ولایشه‌وه نووسینگه‌ی وه‌رگرتنی ڤیزه هه‌یه، به‌پێی شوێنی گه‌شت به بڕی هه‌شت هه‌زار دۆلار تا 25 هه‌زار دۆلار له ماوه‌یه‌كی كه‌م، چه‌ند دانه‌ت بوێت بۆت وه‌رده‌گرن.
زۆری خواست له‌سه‌ری، وه‌رگرتنی ڤیزه بووه‌ته پیشه‌ی كه‌سانێك و زۆریشیان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان لایڤ ده‌كه‌نه‌وه و تێیدا به‌هار دێننه چۆكان. كه‌مترین ئاماده‌بوو له‌و لایڤانه‌دا سه‌رووی هه‌زار كه‌سه، "وشه" له به‌دواداچوونیدا به‌ناوی پێویستبوونی ڤیزه، زیاتر له 37 نووسینگه و كه‌سایه‌تی ئه‌و بواره‌ی بینی كه له به‌رانبه‌ر بڕه پاره‌یه‌كی قه‌به، ڤیزه بۆ گه‌نجانی كوردستان وه‌رده‌گرن. ئه‌وان به چه‌ند كه‌سێكه‌وه ده‌ره‌قه‌تی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خواستی ڤیزه له كوردستان نایه‌ن و هه‌موان ده‌یانگوت "خه‌ڵكێكی یه‌كجار زۆر بۆ كڕینی ڤیزه سه‌ردانیان ده‌كه‌ن".
ڕێیه‌كانی وه‌رگرتنی ڤیزه له‌و نووسینگانه زۆر و جیاوازه و هه‌ندێك ڤیزه له كونسوڵگه‌كان ده‌كڕن و هه‌یشیانه له كه‌سێكی ده‌كڕنه‌وه و هه‌مان ژماره‌ی ڤیزه، به ساخته "ته‌زویر" بۆ كڕیار دروست ده‌كرێت. ئه‌وانه له كوردستان و هه‌ندێك نووسینگه‌یش ده‌تبه‌ن بۆ توركیا و له‌وێ ڤیزه‌ت بۆ وه‌رده‌گرن.
له‌و كاره‌دا درۆ له نه‌بڕانه و زمانلووسی داهات ده‌بارێنێ. ئه‌سته‌مه له‌ناویاندا بتوانی كه‌سێكی سه‌رڕاست بدۆزیته‌وه و ئه‌گه‌ر وریا نه‌بی كڵاوت له‌سه‌ر ده‌نرێت. یه‌ك له‌و نووسینگانه، به مه‌رجی ناو نه‌هێنانی ڕازی بوو ددان به ڕاستییه‌كاندا بنێت و بۆ "وشه" خستیه ڕوو. به گوته‌ی ئه‌و "جیا له كڕینه‌وه‌ی ڤیزه له هه‌ندێك له كونسوڵگه‌كان له ڕێی كه‌سایه‌تییه‌وه كه ئه‌وه بێ گرفته، ئه‌وانی تر هه‌مووی كڵاو له‌سه‌رنانه".
ئه‌وان مامه‌ڵه‌ی وه‌رگرتنی ڤیزه بۆ كڕیار پڕ ده‌كه‌نه‌وه و ئه‌گه‌ر ده‌رچوو، ئه‌وه پاره‌كه وه‌رده‌گرن و ئه‌گه‌ریش نه‌هاته‌وه، ئه‌وا هه‌ر زیان ناكه‌ن، چونكه مامه‌ڵه‌كان هه‌مووی له‌رێی ئینته‌رنێت پڕ ده‌كرێنه‌وه له‌گه‌ڵ وه‌رگێڕانی چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك بۆ زمانی ئینگلیزی. ئه‌وكات ئه‌و نووسینگه‌یه‌ی پاره‌كه‌ی تێدا خه‌وێنراوه، به‌شی خۆی ده‌وێت و نیوه‌ی به‌شی نووسینگه‌كه بۆ ئه‌وانه. ئه‌و باسی له پێكهاتنی ناو فڕۆكه‌خانه‌كان كرد كه ئێسته زۆر باوه و پاره‌ی بۆ ده‌خه‌وێنرێ، ورده‌كاری زیاتری گوت، "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پێكهاتنی ناو فڕۆكه‌خانه ڕاست نییه و ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كه ده‌رچوو ئه‌وه پاره وه‌رده‌گرین و ئه‌گه‌ریش ده‌رنه‌چوو، بڕێكمان له پاره‌ی خه‌وێنراو وه‌چه‌نگ ده‌كه‌وێت".
ئاماژی به‌وه‌ش دا، "خۆ هه‌یه به جۆرێك له‌گه‌ڵیان ڕێك ده‌كه‌وین كه كاتێك ڤیزه‌كه‌ی بۆ هاته‌وه ده‌بێت بڕێك پاره بدات، ئه‌وكاته ئێمه ڤیزه‌یه‌كی ساخته‌ی بۆ ده‌كه‌ین و ئه‌گه‌ر ده‌رچوو ئه‌وه خێر عه‌لا خێر، كه ئه‌وه ئه‌سته‌مه و له ملیۆنێك ڕه‌نگه كه‌سێك ئه‌ڵاهومه ده‌ربچێت، ئه‌گه‌ر ده‌ریش نه‌چوو، ئه‌وا دوای هێنان و بردنی زۆر، بڕێكی پاره‌كه‌ی ده‌ده‌ینه‌وه و له‌ولایشه‌وه حه‌قی پاره‌ی خه‌وێنراویش وه‌رده‌گرین".
ئه‌و خاوه‌ن نووسینگه‌یه‌ی كه به‌ناوی خوازراو قسه‌ی بۆ "وشه" كرد، ئاماژه‌ی به نووسینگه‌یه‌كی هه‌ولێر دا كه زۆر نابێت بڕی 420 هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریكایی كۆ كرده‌وه و ڕای كرد و له سلێمانیش به‌ناوی ڤیزه وه‌رگرتنه‌وه كه‌سێك 380 هه‌زار دۆلاری خه‌ڵكی بردووه.
ئه‌وان داویان داناوه‌ته‌وه و نێچیری زۆریش به داوه‌وه بوون. ئه‌حمه‌د عوسمان یه‌كێكه له‌وانه‌ی ئه‌و نووسینگانه ڤیزه‌یان بۆ وه‌رگرتووه و دواتر كه ده‌ركه‌وتووه ساخته‌یه، ڕه‌تی ده‌كاته‌وه و وه‌ك خۆی ده‌ڵێ، "هه‌زار و 700 دۆلاریان لێ خواردم". هاوشێوه‌ی ئه‌حمه‌د كه‌م نین و خراپتر له‌و به‌سه‌ر مه‌ریوان هاتووه. مه‌ریوان له یه‌كێك له نووسینگه‌كانی كوردستان ڤیزه‌ی ئیسپانیای به 13 هه‌زار دۆلار كڕیوه و به‌هۆی داخستنی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی ده‌چێته توركیا گه‌شت بكات، كه‌چی له فڕۆكه‌خانه‌یه‌كی توركیا به تۆمه‌تی ساخته‌ی ڤیزه مانگێكه گیراوه و هه‌فته‌ی داهاتوو واده‌ی دادگاییكردنیه‌تی.
براكه‌ی مه‌ریوان بۆ "وشه" گوتی، "به دوو هه‌زار دۆلار پارێزه‌رم بۆ گرتووه و دیاریش نییه چاره‌نووسی چی ده‌بێت". هه‌ڵبه‌ت له نووسینگه‌ی خه‌وێنراوی پاره‌ش 300 دۆلاریان لێ وه‌رگرتووه.
ئه‌و نموونانه مشتێكن له خه‌رواری كه‌سانێك كه به‌ناوی ڤیزه وه‌رگرتنه‌وه قۆڵی خه‌ڵكی ئه‌و هه‌رێمه ده‌بڕن و ڕۆژانه له نووسینگه‌كانیان به ئاشكرا پێشوازی خه‌ڵك ده‌كه‌ن و كه‌سیش نییه لێیان بپێچێته‌وه. "وشه" پێوه‌ندی به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی پۆلیسی هه‌رێمه‌وه كرد تا ڕوون ببێته‌وه كه‌س له‌سه‌ر فێڵكردن له خه‌ڵك به‌ناوی ڤیزه وه‌رگرتنه‌وه سزا دراوه، به‌ڵام به‌بیانووی پێوه‌ندی نه‌بوون به‌وانه‌وه هیچ لێدوانێكیان بۆی نه‌دا.
به‌ڵام شاكر یاسین به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كۆچ و كۆچبه‌ران له وه‌زاره‌تی ناوخۆی كوردستان، ئاشكرای ده‌كات كه له وه‌زاره‌تی ناوخۆ لیژنه‌ی به‌دواداچوونی بازرگانیكردن به مرۆڤه‌وه هه‌یه و به‌پێی یاسا و له ڕێی دادگاوه كه‌سانێك له‌سه‌ر قۆڵبڕینی خه‌ڵك به‌ناوی ڤیزه وه‌رگرتن و بازرگانیكردن به مرۆڤه‌وه، له گرتووخانه‌كان گیراون.
ئه‌گه‌ر پۆلیسی هه‌رێم ده‌رفه‌تی قۆڵبڕینی خه‌ڵكیش نه‌هێڵێت، به‌ڵام ناتوانرێت پێش به كۆچی گه‌نجان بگرێت. ئه‌وانه‌ی ئه‌و كوردستانه جێ ده‌هێڵن، هێزی كارن و دواجار ڕه‌نگه هه‌رێمێكی به‌ساڵاچوو بمێنێته‌وه.
هه‌رچه‌نده ئامارێكی دروستی كۆچی گه‌نجان له كوردستان بوونی نییه، به‌وه‌ی شاكر یاسین به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كۆچ و كۆچبه‌ران ڕای ده‌گه‌یه‌نێ، "ئه‌و كه‌سه‌ی كۆچ ده‌كات له هیچ شوێنێك ناوی تۆمار ناكات و له‌وباره‌وه ناتوانین ئاماری ڕاست و دروست وه‌چه‌نگ بخه‌ین و هیچ ئامارێكی فه‌رمی ورد نییه". به‌ڵام به گوته‌ی ئه‌و نووسینگانه‌ی ڤیزه بۆ خه‌ڵكی وه‌رده‌گرن و بۆ "وشه" دوواون، "له وه‌رزێكه‌وه بۆ وه‌رزێك ڕێژه‌ی كۆچ جیاوازه و به به‌رده‌وامی مانگانه زیاتر له 500 گه‌نج به یه‌كجاری كوردستان جێ دێڵن". ڕاپۆرتی ئه‌نجوومه‌نی په‌رله‌مانی ئه‌وروپاش ده‌ریده‌خات، له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه تا ساڵی 2012 ملیۆنێك و 300 هه‌زار كورد له ئه‌وروپا ده‌ژین.
ئه‌وه جیا له‌وانه‌ی له‌ڕێی گه‌یشتن به ئه‌وروپا گینیان داناوه و به‌پێی ئاماری ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ته‌نیا له ساڵی 2016دا هه‌شت هه‌زار و 500 كۆچبه‌ر له ده‌ریاكانی گه‌یشتن به ئه‌وروپا خنكاون. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وانه كوردی باشووریشی تێدان و جیا له‌وانه‌یش كه‌سانێك ڕۆیشتوون و دیار نین چی‌یان به‌سه‌ر هاتووه. شاكر یاسین ده‌ڵێ، "له دوای 2014ه‌وه دۆسیه‌ی 180 كه‌سمان لایه كه ون بوونه و تا ئێسته‌یش بێ سه‌روشوێنن".
ئه‌وان له هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌یاندان و ئه‌وه‌ی مایه‌ی نیگه‌رانیی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كۆچه ئه‌وه‌یه، تا ئێسته هیچ ڕێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تی ئاماده نه‌بووه له‌باره‌ی گیراوان و ونبووان و خنكاوان هاوكاریان بن.
له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌یش كه‌سانێك هه‌ن كه پاره‌ی ڤیزه كڕینیان نییه، گیانیان ده‌خه‌نه سه‌ر له‌پی ده‌ست و به ده‌ریاكاندا ده‌یانپه‌ڕێننه‌وه. هه‌ر له ڕێی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه قاچاخچییه‌كی ڕێی ئه‌وروپا له توركیا به"وشه"ی گوت، "نه‌فه‌ر زۆره و ڕێی پێمان هه‌یه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی له زستاندا خۆ له ده‌ریا ناده‌ن". په‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌نیا كه‌سێك لای ئه‌و به‌پێی ڕێ و وڵاتی خواست، له پێنج هه‌زاره‌وه بۆ هه‌شت هه‌زار دۆلاره. ئه‌و نه‌یشارده‌وه كه ڕێیه‌كانی په‌ڕینه‌وه ئه‌سته‌مه و كه‌سێكی خۆڕاگر و توندوتۆڵی ده‌وێت.
ده‌رده‌سه‌رییه‌كانی گه‌یشتن به ئه‌وروپا كه‌م نین، كه‌چی سه‌رباری ئه‌وانه هێشتا خه‌ڵكێكی زۆری كوردستان، ده‌یانه‌وێت ئه‌و ڕێیه تاقی بكه‌نه‌وه و له ڕاكردن و به‌جێهێشتنی زێدیشیان هۆی خۆیان هه‌یه.
حكوومه‌تی هه‌رێم له‌به‌رت هه‌ڵێم!
تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ڕێ دوور و درێژه‌كانی كورت كردوونه‌ته‌وه و له ڕێیانه‌وه زۆر به‌ئاسانی ئه‌و كه‌سانه وه‌چه‌نگ ده‌خرێن كه ڤیزه‌ی وڵاتان وه‌رده‌گرن، یاخۆ به قاچاخ گه‌نجی كوردستان به‌ره‌و هه‌نده‌ران ده‌به‌ن. زۆر له‌وان به‌بێ ده‌ركه‌وتنی ڕووخساریان، لایڤ ده‌كه‌نه‌وه و وه‌ك ئه‌وه‌ی دێوه‌كه‌ی عه‌لادینت لێ په‌یدا بووبێت، هه‌موو شتێكیان پێ ده‌كرێت و هه‌رچیت بوێ به‌گوته‌ی خۆیان بۆت ده‌كه‌ن. ئیتر هه‌نگامه‌یه‌ك وه‌ڕێ ده‌خه‌ن نه سه‌ری دیاره و نه بن، درۆی شاخداری زۆریش ده‌بیستی.
"وشه" له ڕێی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه هۆی گه‌شتكردنی یه‌كجاره‌كی له 100 به‌شداربووی ناو لایڤه‌كانی ئه‌و كه‌سانه‌ی گوایه ڤیزه‌ی هه‌موو وڵاتێكیان هه‌یه و زۆربه‌ی شه‌وان لایڤ ده‌كه‌نه‌وه، كرد. ئه‌وان به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی ڕێیه‌ك بۆ ده‌ربازبوون له كوردستان له‌و لایڤانه‌دا ئاماده ده‌بن و له وه‌ڵامی "وشه"دا به‌گشتی گوتیان: "له كوردستان هیچ داهاتوویه‌كی گه‌ش نییه بۆ ژیانیان و ئاسۆیه‌كی ڕوون نابینن".
ئه‌و 100 كه‌سه‌ی به‌شدارییان له توێژینه‌وه‌كه‌ی "وشه"دا كرد، دانیشتووانی زۆربه‌ی شار و شارۆكه‌كانی كوردستانی له‌خۆ گرتبوو، ته‌مه‌نیان له نێوان 17 بۆ 40 ساڵاندا بوو و 70%یان خاوه‌ن بڕوانامه و 47%یان خێزاندار بوون. به‌گشتی ته‌نگژه‌كان و نه‌بوونی و كه‌میی سه‌رچاوه‌ی بژێوی و سیسته‌می حكومڕانی و نادادی و گه‌نده‌ڵی و به‌رز و نزمی چینایه‌تی به ڕێژه‌ی به‌رچاو ئومێدی به ئه‌وان نه‌هێشتووه. خۆ كه‌سانێكیش چاولێكه‌ری ورووژاندوونی.
له توێژینه‌وه‌كه‌ی "وشه"دا ده‌ركه‌وت: به پله‌ی یه‌كه‌م هۆی سه‌ره‌كیی كۆچی گه‌نجان، بێكاری و نه‌بوونییه كه ڕێژه‌ی ٤٢% بووه، ٤١% ی به‌شدارانی توێژینه‌وه‌كه‌ش له‌به‌ر گه‌نده‌ڵی و سیاسه‌تی خراپی حزب و خراپی سیسته‌می حوكمڕانیی كوردستان هه‌ڵدێن. نادادی و نایه‌كسانی و جیاوازی چینایه‌تی به‌ڕێژه‌ی به‌رچاویش، ١٦% به پله‌ی سێیه‌م دێت و ١%یش له‌ژێر كاریگه‌ری هه‌یجانی ڕۆیشتنی ده‌وروبه‌ر و چاولێكه‌ری، كوردستان به ئه‌وروپا ده‌گۆڕنه‌وه.
ڕه‌نگه ده‌ستنیشانكردنی هۆی كۆچی گه‌نجانی كوردستان هێنده قورس نه‌بێت، به‌ڵام چاره‌سه‌ركردن و بنبڕكردنی ئه‌و هۆكارانه‌ی گه‌نجان له‌به‌ری ڕا ده‌كه‌ن، ئه‌سته‌مه و پێ ناچێ به‌و نزیكانه وه‌دی بێت.
ئێسته ڕۆژ نییه له كوردستان خه‌ڵكێك به‌ره‌و ئه‌وروپا مل نه‌نێن، كه نووسینگه‌كانی ڤیزه و قاچاخچییانی نێوان وڵاتان شاهیدی ئه‌وه‌ن. خه‌ڵكێك كه ئه‌وروپا به به‌هه‌شت ده‌بینن، بۆ زۆریان "كه‌ر داخكردنه" و ساڵانه‌یش كه‌سانێك دوای گه‌یشتنیان به ئه‌وروپا، ده‌گه‌ڕێنه‌وه كوردستان، كه به‌پێی ئاماری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان، پار دوو هه‌زار و ٤٤ كه‌س به ڕه‌زامه‌ندیی خۆیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه و هه‌ریه‌كه‌شیان له‌لایه‌ن ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌وه به هاوكاریی ڕێكخراوی جیهانی به شێوازێك سوودمه‌ند بوونه.
شاكر یاسین به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كۆچ و كۆچبه‌ران ئاماژه به به‌رنامه‌ی كاریان ده‌دات له چوارچێوه‌ی هاوكاریكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانه ده‌گه‌ڕێنه‌وه كوردستان و ڕای ده‌گه‌یه‌نێ، له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی "جی ئای زێت"ی ئه‌ڵمانی به هاوكاریی سه‌نته‌ری ته‌كنه‌لۆجیا و ڕاهێنانی ئه‌ڵمانی له هه‌رێمی كوردستان و ڕێكخراوی میكادۆ و بی ئێن زێتی ئه‌ڵمانی، به‌رنامه هه‌یه له سێ ساڵی ئاینده‌دا هه‌ر گه‌ڕاوه‌یه‌كی ئاره‌زوومه‌ندانه، هه‌زار یۆرۆ هاوكاری وه‌ربگرێت و چه‌ند سه‌نته‌رێكی خولی ڕاهێنان و فێركردنیش له شارۆكه‌كانی كوردستان ده‌كه‌نه‌وه كه ٥٠٠ گه‌ڕاوه تێیدا سوودمه‌ند ده‌بێت.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه ته‌نیا بۆ گه‌ڕاوه‌كانی ئه‌ڵمانیایه و شاكر یاسین دووپاتی ده‌كاته‌وه، "له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی ئای ئۆ ئێن له هه‌وڵداین میكانیزمێك بدۆزینه‌وه بۆ هاوكاریكردنی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی به ئاره‌زوومه‌ندانه ده‌گه‌ڕێنه‌وه كوردستان له هه‌ر وڵاتێكه‌وه بێت".
هه‌ولێر- چواس خالید