شارۆكه‌ی كه‌لار ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان، سه‌رباری ئه‌وه‌ی زه‌وییه‌كه‌ی نزمه، زۆربه‌ی دۆڵ و چه‌م و رێڕه‌وه ئاوییه‌كان، له‌لایه‌ن به‌رپرسان و یه‌كه كارگێڕییه‌كانی گه‌رمیانه‌وه كراونه‌ته ناوچه‌ی پیشه‌سازی و پڕۆژه‌ی نیشته‌جێبوون. بۆیه رێڕه‌وێك بۆ ده‌رچوونی ئاوی باران نییه و مه‌ترسی بۆ سه‌ر ژیانی خه‌ڵك دروست بووه.
ئه‌حمه‌د سه‌عید كه جووتیاره و له كه‌لاری كۆن نیشته‌جێیه، بۆ "وشه" ئاماژه‌ی دا، ساڵانه له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی زستان و دابارینی باران، جیاواز له ناوچه‌كانی تری كوردستان، كه‌لار مه‌ترسی ده‌كه‌وێته سه‌ر.
به‌گوته‌ی سه‌عید، هۆی ئه‌م لافاوانه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه دۆڵ و رێڕه‌وه سروشتییه‌كان له‌به‌ر بێ پلانی كراونه‌ته پڕۆژه و ئاوی باران ناتوانێت به ئاسانی ده‌رباز ببێت. بۆ نموونه پڕۆژه‌ی یه‌كه‌كانی كه‌لاری نوێ كه له نێوان كه‌لاری كۆن و شاره‌دێی رزگاری، له شوێنی جۆگه‌له‌یه‌كی تێپه‌ڕینی ئاوی باران دروست كراوه كه به "خڕ حاجی" ناسراو بوو.
حه‌سه‌ن ئه‌مین كه‌سایه‌تییه‌كی تری به‌ته‌مه‌نی شارۆكه‌ی كه‌لاره و باسی له‌وه كرد، پڕۆژه‌كانی به‌رپرسانی گه‌رمیان مه‌ترسییان خستووه‌ته سه‌ر ژیانی هاووڵاتییان. ئه‌و به‌نیگه‌رانییه‌وه بۆ "وشه" گوتی "ناوچه‌ی پیشه‌سازیی كه‌لار له‌سه‌ر رێڕه‌وی ئاوی باران دروست كراوه".
ئه‌و كه ته‌مه‌نی خۆی به ئاژه‌ڵداری و كشتوكاڵه‌وه به‌سه‌ر بردووه، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه ده‌وروبه‌ری پڕۆژه‌كه‌یش به‌پیتترین خاك بووه بۆ كشتوكاڵ، به‌ڵام له كه‌ڵكیان خستووه.
هاوكات ره‌حیم عومه‌ر به‌ڵێنده‌ری پڕۆژه‌ی "یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوونی كه‌لاری نوێ" كه ئێسته به شاری تابلۆ ناسراوه، له‌باره‌ی شوێنی پڕۆژه‌كه‌وه بۆ "وشه" ئه‌وه‌ی خسته روو، ئه‌و پڕۆژه‌یه پێش ئه‌وان لای كه‌سانی تر بووه و بێ‌ئاگان له‌وه‌ی كه پێشتر دۆڵ و شیوو بووبێت.
لای خۆیه‌وه سیروان حه‌سه‌ن، شاره‌زا له بواری جیۆگرافیا و كه‌شوهه‌وا له گه‌رمیان، كه له‌رێی په‌یجێكی تایبه‌ت به كه‌شوهه‌واوه حكوومه‌ت و هاووڵاتییانی گه‌رمیان له كه‌شوهه‌وای ناوچه‌كه ئاگادار ده‌كاته‌وه، بۆ "وشه" گوتی، "سروشتی كه‌لار جیاواز له ناوچه‌كانی تر چاڵه، واته كه‌لار به به‌راورد به خاكی ده‌وروبه‌ری كه‌وتووه‌ته چاڵییهوه، بۆیه ده‌بێت له كاتی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه و هه‌ر كارێكی تر، ئه‌وه له‌به‌رچاو بگیرێت.
ئه‌و شاره‌زایه به گرنگی زانی كه پارێزگاری له دۆڵ و شیوه‌كان بكرێ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و نزمییه‌ی كه‌لار نه‌بێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئاوی ده‌وروبه‌ری كه به‌رزترن له كه‌لار، بڕژێنه ناو سه‌نته‌ری شارۆكه‌كه‌وه.
سه‌ردار محه‌مه‌د چالاكی مه‌ده‌نی له گه‌رمیان ره‌خنه‌ی توندی له حكوومه‌ت گرت كه خۆی كێشه‌ی دروست كردووه و له كاتی وه‌رزی بارانیشدا هه‌ر خۆیان خه‌ڵكی ناوچه‌كه ده‌تۆقێنن. به‌گوته‌ی ئه‌م چالاكه بۆ "وشه"، جگه له شوێنی پڕۆژه‌ی یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون و ناوچه‌ی پیشه‌سازی، ته‌نانه‌ت دۆڵ و شیوی نزیك یه‌كێك له گۆڕستانه‌كانیش كراونه‌ته خانوو.
ئاسۆ ئه‌حمه‌د گه‌نجێكی تری نیشته‌جێی كه‌لاره بۆ "وشه" نیگه‌رانی خۆی پیشان دا له‌وه‌ی زستانێك تێناپه‌ڕێت به‌رپرسانی یه‌كه كارگێڕییه‌كان، میدیاكان له خۆیان كۆ نه‌كه‌ونه‌وه و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به وێنه‌ی خۆیان دانه‌پۆشن، كه‌چی خۆیشیان بوونه‌ته هۆی دروستبوونی ئه‌و مه‌ترسییه له‌سه‌ر خه‌ڵكی ناوچه‌كه.
كاروان محه‌مه‌د ئه‌مین له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی نه‌خشه‌دانانی گه‌رمیان، بۆ "وشه" پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه كرد، بۆ شوێنی هه‌موو پڕۆژه‌كانی كه‌لار، چی ناوچه‌ی پیشه‌سازی بێت یا پڕۆژه‌ی نیشته‌جێبوون یاخۆ هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی تر، هیچ پرس و راوێژێك به‌وان نه‌كراوه وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی نه‌خشه‌دانانی گه‌رمیان.
له به‌رانبه‌ردا ئه‌كره‌م ساڵح سه‌رۆكی شاره‌وانیی كه‌لار له‌باره‌ی ره‌خنه‌ی هاووڵاتییان و مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر ژیانییان له وه‌رزی بارانباریندا، بۆ "وشه" ئاماژه‌ی دا كه خاكی كه‌لار خۆی به سروشتی نزمه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵیان داوه له‌رێی دروستكردنی به‌ربه‌سته‌وه پارێزگاری له هاووڵاتییان بكه‌ین.
ئه‌و به‌رپرسه پڕۆژه‌كانی كه‌لار بۆ پێش سه‌رده‌می به‌رپرسیارێتی خۆی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه و ده‌ڵێت، بۆ گهورهتركردنی شار، ده‌بێت سوود له زه‌ویی ته‌نیشتی خۆی وه‌ربگیرێت و نابێت له جێیه‌ك پڕۆژه یا یه‌كه دروست بكه‌ی كه دوور بێت له شار و له خه‌ڵكی داببڕیت.
له لایه‌كی تره‌وه شه‌هاب ئه‌حمه‌د قایمقامی كه‌لار، بۆ "وشه" گوتی، له‌و كاته‌وه‌ی من قایمقامم و پڕۆژه‌كانی هاتووه‌ته به‌رده‌ست، هیچ كارێكمان نه‌كردووه زیانی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی و خه‌ڵك هه‌بێت.
كه‌لار- سه‌بری هۆرینی