بڕی بارانی 24 سەعاتی ڕابردوو بڵاو كرایەوە

:: AM:11:48:23/02/2018 ‌
بەرێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان ڕێژەی باران بارینی 24 سەعاتی ڕابردووی لە سەنتەری پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند و لە هەولێر لە شارۆكه‌ى حاجى ئۆمه‌ران 24 سەعاتی ڕابردوو زۆرترین باران باریوە.

ئەمڕۆ هه‌ینى 23ی شوبات، بەرێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا خشتەی باران بارینی 24 سەعاتی ڕابردووی سەنتەری پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند و بەپێی خشتەیەكەیش لە پارێزگاى هەولێر لە شارۆكه‌ى حاجى ئۆمه‌ران له‌وماوەیەدا  20.6 ملیم  زیاتر باران باریوە.

هەر بەپێی خشتەكە كە "وشە" وێنەیەكی لە خوارەوە بڵاو كردووەتەوە دەركەوتووە لە پارێزگای دهۆك 3.4 ملیم باران بووە.

هاوكات ئەژی چەتۆ بەرێوەبەری ڕاگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كاریگەری ئەو شەپۆلی باران بارینە تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

پێشبینی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە كە لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو شەپۆلێكی باران بارین هەرێمی كوردستانی گرتەوە و بەو هۆیەشەوە مەترسی وشكەساڵی نەما، بەڵام پێدەچێت شەپۆلی ئەم جارەی باران بارین هاوشێوەی ئەوەی پێشوو بەهێز نەبێت.




وشە - محەمەد میران