هێزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و سووریا ناكۆكی له‌ واشنتن دروست ده‌كات

:: AM:08:41:24/02/2018 ‌

بەرپرس و شارەزایانی ئەمەریكا دووپات لەوە دەكەنەوە، پێویستە هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و سووریا بمێننەوە، تیرۆریستانی داعش چاوەڕێی ئەو هەڵەیە دەكەن كە لە 2011 ئەنجمان دا، تا دووبارە هەڕەشە بۆ سەر ناوچەكان دروست بكەنەوە، بۆیە داوا دەكەن مانەوەی هێزەكان لەو دوو وڵاتە بەردەوامی هەبێ و درێژ بكرێتەوە.

سەرچاوە هەواڵییەكانی ئەمەریكا ئاشكرایان كرد، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سەركردەكانی كۆنگرێسی لە هەردوو پارتی كۆماری و دیموكراتەكان ئاگەدار كردووەتەوە كە پێویستی بە هیچ دانوستاندن و گفتوگۆیەك لە كۆنگرێس نییە، لەسەر مانەوە و نەمانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام بدرێ، بەڵكو پێویستە بە كۆی دەنگ بڕیار لەسەر مانەوەیان بدرێت.

سەرچاوە هەواڵییەكان ئاماژەیان داوە، بەرپرسانی كۆشكی سپی لە گفتوگۆیان لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە و سەركردەكانی كۆنگرێس دووپاتیان لەوە كردووەتەوە، كە داعش هەڕەشەیەكی بەردەوامە و لێكدانەوەی یاسایی ورد بدۆزنەوە بۆ مانەوەی هێزەكانمان لە عێراق و سووریا، لە پێناوی ئەركێكی دیاری نەكراو.

دێڤد تراخنبێرگ جێگری وەزیری بەرگری بۆ كاروباری سیاسی لە پەیامێكدا كە ئاراستەی سیناتۆر تیم كینی دیموكراتەكانی كردووە، كە پرسیاری لەبارەی كاتی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و سووریا كردووە، بەرپرسەكەی وەزارەتی بەرگری لە وەڵامدا دەڵێ، وەك چۆن لە ڕابردوو هێزەكانمان لە كاتی دیاریكراو لە عێراق كێشایەوە، ئیتر كێشە ئاڵۆزەكان دەستیان پێ كرد، ئێستەیش پاشماوەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش چاوەڕوانن تا هەمان هەڵە دووبارە بكەینەوە و ئەوانیش پلان دادەڕێژن بۆ دووبارە زاڵبوون و كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەكان لە هەردوو وڵات، بۆیە پێویستە لە ناوچەكان بمێنینەوە و هێزەكان پاشەكشەیان پێ نەكرێت.

ماری وۆتەرز یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ كاروباری یاسادانان لە پەیامێكدا بۆ سەركردەكانی كۆنگرێس هێما بۆ ئەوە دەكات، نامانەوێ بەدوای بیانوو بگەڕێین بۆ شەڕكردن لەگەڵ حكوومەتی سووریا و هێزەكانی ئێران لە سووریا، بەڵام لە هەمان كاتدا هیچ دوودڵ نین لە بەكارهێنانی هێزی زیاتر و پێویست بۆ پاراستنی هێزەكانمان و هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزە هاوبەشەكانمان لە شەڕی لەناوبردن و شكست پێهێنانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش و كەمكردنەوەی پێگەی ڕێكخراوی تیرۆریستی قاعیدە و داعش.

جاك گۆلدسمیس پسپۆڕی یاسا لە زانكۆی هارڤارد و ڕاوێژكاری یاسایی لە وەزارەتی داد لە سەردەمی سەرۆكایەتیی جۆرج دەبلیو بۆش دەڵێ، سووربوونی ترەمپ و حكوومەت و بەرپرسانی ئێستەی ئەمەریكا لەسەر دۆزینەوەی بیانوویەكی یاسایی بۆ مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و سووریا جیا لە دۆزینەوەی بیانوویەكی لاواز بۆ كارێكی لاواز هیچی تر نییە.

تیم كین سیناتۆری دیموكراتەكان ڕەخنەی لە بیانووی یاسایی ترەمپ گرتووە و دەڵێ، ترەمپ هاوشێوەی پاشا مامەڵە دەكات و دەیەوێ كڵپەی جەنگ هەڵبگیرسێنێت، لە دوێنێ هەینییەوە كۆمەڵێك بەرپرسی ئەمەریكا باس و لێدوان لەبارەی مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و سووریا دەكەن، شارەزایانی سەردەمی كابینەكەی جۆرج دەبلیو بۆش دۆخەكە بە هەمانشێوەی سەردەمی ناردنی هێزی ئەمەریكا بۆ لێدان لە عێراق دەگەڕێننەوە.

ئەماندا سلۆن پسپۆڕ لە سەنتەری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و ئەوروپای سەر بە پەیمانگەی برۆكینگز لە واشنتن دەڵێ، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پێشبینی نەدەكرد ڕەخنەكان بەو جۆرە ئاڵۆز و زۆر بن لەسەر ئەو بابەتە، هاوكات پێشتر سەرۆك باراك ئۆباما سەرەڕای فشاری زۆر لەسەری، بۆ ناردنی هێزی ئەمەریكا بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێمی بەشار ئەسەد، بەڵام ناردنی هێزی كردبووە هێڵی سوور و هەرگیز ئەو هەنگاوەی نەهاوێشت، سەرەڕای ئەوەی دۆخی سووریا بە تەواوی لە ژێر هەژموونی ئەمەریكا دەرچووبوو، بەڵام ئۆباما ئامادە نەبوو شەڕ دژی ئەسەد ڕابگەیەنێت.

ئەو پسپۆڕە باس لە ئاڵۆزی سووریا دەكات و دەڵێ، ئۆپۆزسیۆنی سووریا بڕوایان وایە، شەڕكردن دژی ئەسەد زۆر گرنگترە لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش، توركیا باوەڕی وایە شەڕی دژ بە كوردەكان زۆر لە شەڕی تیرۆریستانی داعش گرنگترە، هاوكات ئەمەریكایش شەڕی داعشی پێ لە هەمووان گرنگترە.

بۆلنت عەلیڕەزا بەڕێوەبەری توێژینەوە لەبارەی توركیا لە سەنتەری لێكۆڵینەوەی ستراتیجی و نێودەوڵەتی "سی ئێس، ئای ئێس" لە واشنتن دەڵێ، ترس لە گەڕانەوەی داعش دوای لەناوبردنی، زۆر زیاتر لەوكاتەی داعش ناوچەكانی بەدەستەوە بوو و شەڕی دەكرد، ئەمەریكا و وڵاتانی ڕۆژئاوایش ترسی بەردەوام و گەورەیان لە بەهێزبوونەوەی داعش و دزەكردنی تیرۆریستان بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا هەیە، بۆیە بەردەوام دەبن لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان.

هەرچەندە ڕای گشتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیە كە تیرۆریستانی داعش شكستیان هێناوە و بە هیچ شێوەیەك ناتوانن بەهێز ببنەوە، بەڵام ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دووپات لە بەردەوامی شەڕی دژ بە تیرۆر دەكاتەوە.

هەفتەی ڕابردوو دان كۆتس سەرۆكی هەواڵگری نیشتمانی ئەمەریكا ئاشكرای كرد، ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بووەتە هەڕەشەیەكی گەورە، سەرەڕای ئەوەی لە عێراق و سووریا تووشی شكستی گەورە هاتووە، بەڵام كۆتای یەكجاری داعش وەك لەناوبردنی ئەختەبووتێكی فرە پێیە، كە هەركاتێك پێیەكی دەبڕیتەوە، یەكێكی تری بۆ دروست دەبێتەوە.

زیاتر گوتی، هەڕەشەی داعش بەردەوام و دوورمەودا دەبێ، چونكە ئەوان تەنیا ڕێكخراوێكی تیرۆریستی كلاسیك نین، بەڵكو ئەوان لیوای چەكداریان هەیە و ئایدلۆجیا و عەقیدەیان بۆ هێزەكانیان دروست بووە، ئایدلۆجیای داعش و عەقیدەی ئیسلامی وای كردووە، ڕێكخراوی داعش بە شكست و تێكشكاندنی تەنیا ماوەیەك بێدەنگ بێ و لە گۆڕەپانی شەڕ دوور بكەوێتەوە، نەك بۆ هەمیشە كۆتای پێ بهێنرێت.

سەرچاوە/شەفەق نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د