مافیاكان لە مووسڵ پارەیان بە كەسوكاری ونبووەكان نەهێشت

:: AM:09:15:24/02/2018 ‌

دوای تەواوبوونی هەڵمەتە سەربازییەكان و ڕزگاركردنەوەی تەواوی ناوچەكانی شاری مووسڵ، حكوومەتی عێراق بە ئاراستەی دادگاییكردنی تیرۆریستان و تێوەگلاوان بە پێوەندی لەگەڵ تیرۆریستان هەنگاوی نا، هاوكات دەست بە هەڵمەتی گەڕان بەدوای بێسەروشوێنان و دۆزینەوەی چارەنووسیان كرا، تا ئێستەیش زیاتر لە چوار هەزار و 500 كەس بە تۆمەتی تیرۆر و داعش لە مووسڵ گیراون و چاوەڕوانی بڕیاری دادگان، هاوكات سەرچاوەكان لە مووسڵەوە هێما بۆ ئەوە دەكەن، گرووپی مافیایی زۆر لە مووسڵ دروست بوون و مامەڵە بە ونبووان دەكەن و پارە لە كەسوكاریان وەردەگرن، بێ ئەوەی هیچ زانیارییەكیان لەسەریان هەبێت.

فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی نەینەوا "لیوا نەجم ئەلجبووری" ئاشكرای كرد، ژمارەیەكی زۆر لە تۆمەتبار هەن، بەڵام تا ئێستە هیچ بڕیارێكی دادگایان بۆ دەرنەچووە، نازانرێ كە تاوانباران یان نا، تەنیا گومانیان لێ دەكرێ سەر بە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بووبن، بۆیە چاوەڕوانی فەرمانی دادوەرین، بۆ ئەوەی یەكلایی بكاتەوە و لێكۆڵینەوە بكات تا بە تەواوی ڕوون بێتەوە كە ئەوانە داعشن یان نا.

زیاتر گوتی، ژمارەی ئەو گومانبارانە دەگاتە نزیكەی پێنج هەزار كەس، بەشێك لەوانە كە ژمارەیان 300 كەس دەبێ، دادگا بڕیاری خۆی لەسەر دان و پرسەكەیان یەكلا بووەوە، بەڵام ئەوانەی تر تا ئێستە ماون و دادگا هیچ بڕیارێكی لەسەر دەرنەكردوون. لەبارەی ئەو خێزانانەی كەسێكیان لەگەڵ داعش بووە، مەترسی گرتن و سزادانیان دەكرێ. جبووری گوتی، هیچ حاڵەتێكی لەو شێوەیە ڕوو نادات، ئەوانەی كەسێكیان لەناو داعش بووە، دەتوانن بە ئاسایی بگەڕێنەوە بۆ ناو مووسڵ، ناكرێ ئەوان لەجیاتی تاوانبارەكە سزا بدرێن، تەنانەت ئەگەر تاوانبارەكە ئەندامی خێزانەكەیش بێت، لەسەر ئەو حاڵەتەیش زانیاری هەیە و چەند حاڵەتێكی كەم تۆمار كراون كە پەلاماری كەسوكاری ئەوانە دراوە، كە كەسێكیان لەناو داعش بووە.

ئاماژەی دا، ئێمە پابەندین بە بڕیاری حكوومەتی عێراق، تێیدا هاتووە تیرۆریستی سەر بە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش داواكاری سەرەكییە، خێزان و دەوروبەرەكەی بەگوێرەی یاسا داواكراو نین و ئازادن، ئێستەیش ئێمە كار دەكەین بۆ ئەو ئاراستەی دەیەوێ سزای خێزانەكانیشیان بدات، ئێمە پابەندین بە بڕیارەكانی حكوومەت و پێویستیشە هەموو هێزەكانی تر پێوەست بن بە یاساوە.

فەرماندەیەكی سەربازی لەوبارەوە دەڵێ، تا ئێستە ئامارێكی ورد لەبارەی ونبووان و بێسەروشوێنانی مووسڵ بوونی نییە، بەر لە هەڵمەتی ڕزگاری مووسڵ ئامار لەبەر دەست بوون، بەڵام داوی ڕزگاركردنەوەی هیچ ئامارێك نییە و زۆرێكیشیان ڕۆیشتوونەتە بەغدا و شوێنەكانی تر.

هاوكات ئەحمەد جەربا ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ لەبارەی بڵاوبوونەوەی تەرم لە ناو مووسڵ دەڵێ، كوشتنی خەڵكی ئاسایی و بێسەروشوێنان لەم دواییە زۆر بە چڕی هەڵمەتی بۆ كراوە، زانیاری وردیش هەیە كە لە مووسڵی كۆن تەرمی كوژراوان بە چڕی بڵاو بووەتەوە و خەڵكی لەبەر بۆنی تەرمەكان ناوێرن بچنەوە ناوچەكان.

زیاتر گوتی، تاكە ئامار لەبارەی بێسەروشوێنان لەلایەن تیمەكانی بەرگری شارستانی بڵاوكراونەتەوە، كە بریتییە لە ونبوونی هەزار و 640 كەس، بەشێكیان لە ناوچەكانی مووسڵ پێشبینی دەكرێ كوژرابن و تەرمەكانیان فڕێ درابێت، بڵاوبوونەوەی تەرمەكان تا ئێستەیش بەردەوامی هەیە و ڕۆژانە ئەنجام دەدرێ، ژمارەی كۆی تەرمە فڕێدراوەكان و بڵاوكراوەكانی ناو مووسڵێش تا ئێستە نەزانراوە.

ئاماژەی دا، مانگێگ پێش ئێستە دەستمان بە كۆكردنەوەی زانیاری ورد لەسەر بێسەروشوێنان كردووە، پێشبینی دەكەین، زۆرێكیان لەناو كەمپەكانی نیشتەجێبوونی ئاوارەكان بن، بەڵام دوای پشكنینی كەمپەكان هیچ كەسێكمان لێ نەدۆزییەوە، ئاماری وردیش لەبارەی بێسەروشوێنان و گیراوان لە بەردەست نییە، پێش ڕزگاری مووسڵ زیاتر لە هەزار و 400 كەس ون بووبوو، بەڵام ئێستە كەس نازانێ، چونكە سەرچاوەی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو پرسانە جۆراوجۆر و جیاوازن، لەلایەكەوە هەواڵگری، لەلایەكی ترەوە پۆلیس و دژە تیرۆر و حەشدی شەعبی و سوپا و پۆلیسی فیدراڵی، هەریەك لەو بەڕێوەبەرایەتییانە بەجۆرێك مامەڵە دەكەن، بۆیە تاكە شوێنێك نییە بە وردی كار لەسەر پرسەكان بكات و ئامار و داتایان لەسەر دروست بكات.

سەرچاوەیەك لە مووسڵەوە بە "القدس"ی ڕاگەیاند، لە مووسڵ مافیاكانی مامەڵەكردن بە بێسەروشوێنان بە چڕی بڵاو بوونەتەوە، لە بەرانبەر 500 تا هەزار دۆلار، بێسەروشوێنان بۆ كەسوكاریان دەگەڕێننەوە، سەرەتایش بە ناردنی گرتەیەكی ڤیۆیۆی كەسە ونبووەكە بڕوا بە كەسوكارەكەی دەهێنن، تا هەزار دۆلاریان پێ بدرێ، بەڵام كاتێك كەسوكاری هەزار دۆلارەكە دەهێنن، ئەوان تەلەفۆنیان لەسەر هەڵناگرنەوە و ناوچەكە جێ دەهێڵن و دەچنە شوێنێكی تر.

مووسڵ دووەمین گەورە شاری عێراقە و ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە سێ ملیۆن كەس دەبێ و دەكەوێتە باكوری ڕۆژئاوای عێراق، لە 2014ەوە دوای هەڵاتنی سێ فیرقەی سەربازی و پۆلیس و هێزەكانی ناوخۆ شارەكە كەوتە دەست تیرۆریستانی داعش، لە ناوەڕاستی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری 2016 هەڵمەتی ڕزگاركردنەوەی مووسڵ بە سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی دەستی پێ كرد و پێشمەرگە لە تەواوی میحوەرەكان بە قووڵایی 10 كیلۆمەتر و درێژایی 200 كیلۆمەتر هێلی پێشەوە و بەرگری تیرۆریستانی شكاند، پاشان هێزەكانی عێراق چوونە ناو شارەكە و تا مانگی نیسان/ئەپریلی 2016 توانییان بە تەواوی مووسڵ لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د