كۆنگرەی ١٦ی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران كۆتای پێ هات

:: AM:09:32:24/02/2018 ‌

شازدەیەمین كۆنگرەی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران دوای چوار رۆژ لە چالاكییەكانی كۆتای پێ هات.

"كوردستان میدیا" ماڵپەڕی فەرمی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران  ئاشكرای كرد شەوی رابردوو سەعات ١١، شازدەیەم كۆنگرەی خۆی بە سەركەوتوویی كۆتای پێ هێناوە.

جێی باسە كۆنگرەكە پاش نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەم ٢٠ی شوبات لەژێر ناوی "ڕاسانی ڕۆژهەڵات" دەستی بە كارەكانی كرد و دوای چوار رۆژ كۆتا بە كارەكانی هات.

لەو كۆنگرەیەدا مستەفا هیجری وەك لێپرسراوی گشتیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە لایەن ئەندامانی كۆنگرەوە هاتە هەڵبژاردن.

پێشتر یەكەم كەسی حزبەكە بە ناوی سكرتێری گشتی ناودێر دەكرا، بەڵام لەم كۆنگرەیە ئەو ناوە گۆڕاوە بۆ لێپرسراوی گشتی.

لە كۆنگرەی ئەمجارەی حزبی دیموكراتی كورستانی ئێران، گۆڕانكاری بەرچاو لە سیستەمی حزبەكەدا كراوە و كۆمەڵێك دامەزراوە و ئۆرگانی نوێ هاتوونەتە كایەوە. لەم سیستەمە نوێیە هەوڵ دراوە حزب لە سیستەمێكی سەنتراڵەوە بۆ سیستەمێكی نامەركەزی بێتە گۆڕین.

حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە ساڵی ١٩٤٥ دامەزراوە و چەندان جار تووشی لێكترازان بووە. دوایین لێكترازانی ئەو حزبە لە ساڵی ٢٠٠٦ رووی دا و لایەنەكەی تر لە ژێر ناوی حزبی دیموكراتی كوردستان درێژەی بە خەبات دا.





وشە - سلێمان تاشان