ئیڤانکا ترەمپ گەیشتە كۆریای باشوور

:: AM:10:17:24/02/2018 ‌

ئیڤانكا ترەمپ كچی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا گەیشتە كۆریای باشوور بۆ ئەوەی لە رێوڕەسمی كۆتاهاتنی ئۆڵۆمپیكی زستانەدا بەشداری بكات.

ئەو بە رۆژنامەنووسانی گوت لەوەی بەشداری لەم رێوڕەسمەدا دەكات و چەپڵە بۆ تیمی ئۆڵۆمپی ئەمەریكا لێدات زۆر دڵخۆشە و بە تاسەوە چاوەڕوانی رێوڕەسمەكە دەكات. هەروەها گوتی بەشداریكردنی هێمایە بۆ دووپاتكردنەوەی بەڵێنەكانی ئەمەریكا بەرانبەر بە خەڵكی كۆریای باشوور.

ئیڤانكا ئاماژەی بەوەش كردووە كە بەرنامەی نییە چاوی بە هیچ شاندێكی كۆریای باكور بكەوێت.

كۆریای باشوور بڵاوی كردەوە، جەنەراڵێكی پایەبەرزی كۆریای باكور بەشداری لە رێوڕەسمی كۆتاهاتنی ئۆڵەمپیكی زستانەی وڵاتەكەی دەكات.

ئەو جەنەراڵە ناوی كیم یونگ چووە و سەرۆكی دەزگەی هەواڵگریی كۆریای باكورە. كۆریای باشوور گوتوویەتی جەنەراڵ كیم بە سەرۆكایەتی شاندێك دێتە كۆریای باشوور كە هەشت كەسن و لەو ماوەیەی لە كۆریای باشوور دەمێننەوە چاوی بە سەرۆك كۆماری كۆریای باشووریش دەكەوێت.

پێشتر مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا گوتبووی وڵاتەكەی ئامادەیە بە بێ هیچ مەرجێك گفتوگۆ لەگەڵ كۆریای باكوردا بكات. 
سەرچاوە /voa




وشە - سلێمان تاشان