بۆچی وڵاتان پشتیوانی هێرشی دڕندانە بۆ سەر عەفرین دەكەن؟

:: AM:11:05:24/02/2018 ‌

داڤید گرایبەر نووسەر و ڕۆژنامەنووس بابەتێكی له‌ ڕۆژنامه‌ی "گاردیان"ی به‌ریتانی لەژێر ناونیشانی "بۆچی وڵاتان پشتیوانی هێرشی دڕندانەی توركیا و توندڕۆكان بۆ سەرعەفرینی كوردەكان دەكەن؟" نووسیوە و تێیدا دووپات لەوە دەكاتەوە، ئەوانەی دوێنێ لە كۆبانێ دنیا بە بەرەی  چاكەخواز و پێشكەوتووخواز وێنای دەكردن، ئەمڕۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵی ڕەوشتی خۆی لە دەست داوە، ئەوانەی لەناو داعشبوون و هاوكاری داعشیان دەكرد پشتیوانییان دەكرێ لەلایەن وڵاتانەوە بۆ هێرشكردنە سەر ئەوانەی دوێنێ بە بەرەی چاكەخواز و دیموكراتیی ناویان دەبرا.

سێ ساڵ بەر لە ئێستە، دنیا سەیری كۆمەڵێك كچ و كوڕی دەكرد كە لە كۆبانی بەوپەڕی بوێرییەوە ڕووبەڕووی تیرۆریستان دەبوونەوە و تەنیا كلاشینكۆفیان پێ بوو، لە بەرانبەردا سوپایەكی فرەوان بە تانك و تۆپهاوێژ و توانای لۆجیستی یەكجار زۆرەوە بەردەوام بە چڕی هێرشیان دەكردنە سەر، تیرۆریستان زۆر ڕقیان لەوە دەبووەوە بە دەستی ژن بكوژرێن، بۆ بەڵێنی ئەوەیان دا، كۆمەڵكوژی ژنان بكەن كە لە كۆبانی دژیان دەجەنگن و زیانی گەورەیان لێ دەدەن، كاتێك ئەوان لە كۆبانێ سەركەوتن، هەموو دنیا دووپاتی لەوە دەكردەوە كە بەرەی خێر و چاكەخواز بەسەر بەرەی شەڕ و تیرۆر و تۆقاندن سەركەوت.

ئەمڕۆ بە تەواوی هەمان شت جارێكی تر ڕوو دەداتەوە، بەڵام ئەمجارە هێز و وڵاتانی دنیا، لە پشت ئەو هێزانەوەن كە دەستدرێژی دەكەنە سەر ئەو كوردانەی دوێنێ دنیا بە بەرەی چاكەخواز و خێر ناوی دەبردن، ئەوانەی ستەم دەكەن و هێرشیان كردووەتە سەر عەفرین، توانیویانە سەركردەی وڵاتانی دنیا بهێننە ئەو باوەڕە كە پشتیوانییان بكەن و وەك تیرۆریست مامەڵە لەگەڵ ئەو كچ و كوڕانەی كۆبانێ بكەن، كە دنیا بە ئاشتیخواز و چاكەخواز ناوی دەبردن، هۆكارەكەیش تەنیا ئەوەیە، ئەوان نەبوونەتە باوەش و ناوچەیەكی ئارام بۆ تیرۆر و توندڕەوی، بەڵكو لە كەشێكی دیموكراتیدان و مافی ژن بە ڕەهایی دراوە و هاوشانی پیاوانن.

ئەو ناوچەیەی ئێستە توندڕۆكان هێرشی دەكەنە سەر و ستەم لە كچ و كوڕانی كورد دەكەن، بە تەواوی لە سنووری شاری عەفرینە، تا ئێستەیش هێزەكانی سووریای دیموكرات و یەكینەكانی پاراستنی ژن بە هەمان رووحیەتی بەرگری لە كۆبانی، بەرگری لەو شارەیش دەكەن، ئەوان تاكە هێز بوون كە چوونە ڕەقە و دەستیان بەسەر دڵی داعشدا گرت و هەزاران لە چەكدارانی داعشیان لە ڕەقە و دێرزوور كوشت.

ژمارەی دانیشتووانی عەفرین لە دوای شەڕی ناوخۆیی سووریا ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕووی لە كەمی دەكرد، كە بە ناوچەیەكی سەرنجڕاكێش و پڕ لە چیا و باخی زەیتوون بەناوبانگە، بەڵام دواتر بە سەدان هەزار ئاوارەی ناوچە وێرانبووەكان ڕوویان لە عەفرین كرد، ئەمەیش لە كاتێكدایە زۆرینەی ڕەهای خەڵكی شارەكە كوردن، بەهۆی كوردەوە ئەو ناوچانە پارێزران و ئاوارەكانیش لە ناوچەیەكی دوور لە جەنگ و تۆپباران ژیانیان بەسەر دەبرد و ئاشتی لە نێوان پێكهاتەكان برەوی پێ دەدرا، ئەنجوومەنی حوكم لە شارەكە دامەزرێنرا و هەمووان بەشدار بوون لە بەڕێوەبردنی عەفرین، بە كچ و كوڕ و كورد و عەرەب و پێكهاتەكانی ترەوە.

ئەمڕۆ ئەو ئەزموونە ڕووبەڕووی هەڕەشە و هێرشێكی گەورەی میلیشیا ئیسلامییەكان بووەتەوە كە پێشتر ئەندامی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش و قاعیدە بوون، بە پشتیوانی یەكە تایبەتی هێزی مەرگی توركیا دەستیان بە پێشڕەوی كردووە و بە فڕۆكەی ئێف16ی ئەمەریكی و تانكی ئەڵمانی و هەلیكۆپتەرەوە بە چڕی كوردەكان بۆردمان دەكەن، وەك ئەوەی داعش لە بەردەمیان بێ، هیچ بەزەیییەك ناكەن و منداڵ و پەككەوتەكانیش دەكەونە بەر بۆردمانەكان، تەواوی پێوەرە مرۆیییەكانیان تێپەڕ كردووە و تەنانەت بە بۆمبی ناپاڵم هێرش دەكەنە سەر گوندەكان و بەنداوەكان دەڕووخێنن و ناوچە شوێنەوارییەكان دەتەقێننەوە، ئەمە هەمان بە وردی لە هێرشی داعش دەچێ، لەجیاتی هێرشی وڵاتێكی تر.

رەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێ، ئێمە ئامانجمانە عەفرین بۆ خاوەنی شەرعی خۆی بگەڕێنینەوە، ئەمەیش هۆشدارییەكە و مانای وایە پاكتاوی ڕەگەزی و نەژادی دەكەن بۆ نەهێشتنی نەتەوەی كورد لە ناوچەكە، بۆیە تەنانەت هێرش دەكەنە سەر كاروانی ئۆتۆمبێلەكان كە خۆراك و دەرمان دەگەیەننە شارەكە.

لە بەرانبەر ئەو هێرشە چڕە، هێزەكانی كورد تا ئێستە بەرگری قارەمانانە دەكەن، بەڵام وڵاتانی دنیا ڕەوشتی خۆیان لە دەست داوە، تەنانەت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایش سەرەڕای ئەوەی هێزەكانی لە ناوچەكە نزیكن، كەچی هیچ هەڵوێستێكی یەكلاكەرەوەی نییە و ڕەتی كردەوە بەرگری لە عەفرین بكەن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیش بۆریس جۆنسۆن دووپاتی كردەوە، كە توركیا مافی خۆیەتی  ناوچە سنوورییەكانی خۆی بپارێزی و بە ئارامی بیانهێڵێتەوە، ئەوەی ناڕەزایی بێ تەنیا لەلایەن فڕەنساوە گوێبستی بووین و داوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی كرد.

توركیا بە تۆمەتی تیرۆر و كودەتا سەدان هەزار كەسی خستووەتە گرتووخانە و لە كار دووری خستوونەتەوە، چالاكان و ڕۆژنامەنووسان و تەنانەت كۆمپانیاكانی پێوەندییە گشتییەكانی ڕۆژئاوایش لەو وڵاتە قەدەغە كراون، هیچ یەكێك لە وڵاتانی دنیا، ئەمە بە تیرۆر هەژمار ناكات، كە توركیا بێ بنەما و دوور لە هەموو یاسایەك گرتوویەتییە بەر و هیچ هەڵوێستێك و ڕەخنەیەكی توندیش لەلایەن حكوومەتەكانی دنیاوە نەبوو، ئەمەیش ڕێی بۆ توركیا خۆش كرد تا لەگەڵ تیرۆریستەكانی دوێنێ داعش و قاعیدە هێرش بكاتە سەر عەفرین.


وشە - باز ئه‌حمه‌د