لە نێوان كفری و خورماتوو گەنجێكی كورد رفێنراوە و تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە چارەنووسی نادیارە.
سۆران عاسی یەكێك لە گەنجە خۆبەخشەكانی شارۆكەی خورماتوو بە"وشە"ی راگەیاند، لە شەوی رابردووەوە گەنجێكی كورد كە خەڵكی گوندی خدروەلی نێوان شارەدێی زینانەی سەر بەشارۆكەی كفری و شارۆكەی خورماتووە، لەلایەن چەند چەكدارێكەوە رفێنراوە و گوتی، ناوی گەنجەكە "محەمەد باسم"ە و بە ئۆتۆمبێلەكەیەوە رفێنراوە.
موقەدەم فاڕووق هەمەوەندی بەڕێوەبەری نوێی ئاسایشی شارۆكەی خورماتوو، هەواڵەكەی بۆ "وشە" پشتڕاست كردەوە و رای گەیاند، دەست كراوە بەكۆكردنەوەی زانیاری لەسەر رفاندنی ئەو گەنجە.
ئەو گوتی، هێشتا نەزانراوە چ گرووپێك ئەم تاوانەی ئەنجام داوە. بە پێی بەدواداچوونەكانی "وشە" لە سنووری خورماتوو و شارەدێی زینانە ناوبەناو گرووپی چەكداری نامۆ دەردەكەون و لەكاتی هێرش و هەڵمەتی گەڕاندا نامێنن.
بەهۆی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو كە لەلایەن باڵێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كرا ، بەشێكی بەرچاو لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم رادەستی حەشدی شەعبی كرا و دوای ئەمەش خەڵكێكی زۆر ئاوارە بوون و دۆخی تەناهیی ناوچەكەش بە تەواوی تێكچوو.
گەرمیان / سەبری هۆرینی