لاندرۆڤەر بەهێزترین مۆبایل لە دنیا بەرهەم دەهێنێت

:: PM:12:04:24/02/2018 ‌

كۆمپانیای لاندرۆڤەری بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێل، خەریكی بەرهەمهێنانی یەكەم مۆبایلی زیرەكە بەناوی "ئێكسپلورەر" كە بە بەهێزترین و باشترین مۆبایل دنیا دادەنرێ، بیرۆكەی دیزاینەكەیشی لە ئۆتۆمبێلەكانی كۆمپانیای لاندرۆڤەرەوە وەرگیراوە.

ڕۆژنامەی "دەیلی میرەر"ی بەریتانی بڵاوی كردەوە، دیزاینی ئەو مۆبایلە نوێیەی لاندرۆڤەر بۆ دۆخی زۆر سەخت و دژوار دروست كراوە، پاترییەكەی توانای زۆر بەهێزە و دەتوانن ماوەی دوو ڕۆژ بە بەردەوامی كاری پێ بكەن و بێ ئەوەی بەهیچ شێوەیەك شەحنی بكەنەوە.

مۆبایلی زیرەكی "ئێكسپلورەر" بە ڕووپۆشێك دەورە دراوە كە بەرگری لە ئاو و هەر شلەیەكی تر دەكات تا بچێتە ناو مۆبایلەكە و تا قووڵایی 1.8 مەتریش بخرێتە ژێر ئاو هیچ كاریگەری لەسەر مۆبایلەكە نابێت.

شاشەی ئەو مۆبایلە پێنج ئینج دەبێ، تایبەتمەندی زۆر بەهێزی تێدایە بۆ كەسی سەركێش، بەتایبەت نەخشە و كەشوهەوا و چەندان تایبەتمەندی تر، بۆ ئەوانەی دەچنە دارستانەكان و ژینگە قورسەكان.

جۆن سنكلیر بەڕێوەبەری بە بازاڕخستنی كۆمپانیای لاندرۆڤەر دەڵێ، ئەو مۆبایلە تەواوی تایبەتمەندییە بەهێزەكانی تێدایە و بە دیزاینێكی زۆر ناوازە و به كوالێتییەكی بەهێز بەرهەم هێنراوە، نرخەكەیشی دەگاتە 840 دۆلاری ئەمەریكی، بڕیارە لە كۆنگرەی جیهانی بۆ مۆبایلی زیرەك كە لە شاری بەرشلۆنە دووشەمی ئەم هەفتەیە دەست پێ دەكات، مۆبایلەكە بخرێتە ڕوو و دواتریش دەخرێتە بازاڕەكانەوە.

سەرچاوە/سكای نیوز.


وشە - باز ئه‌حمه‌د