ریال مەدرید لەبەر 5 هۆكار بڕیاری فرۆشتنی گاریس بێڵی داوە

:: PM:02:01:24/02/2018 ‌

تادێت رۆژەكانی مانەوەی گاریس بێڵ لە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی كەم دەبێتەوە دوای ئەوەی یانەی شاهانە بڕیاریدا لە هاوینی داهاتوو بیخاتە بازاڕی فرۆشتنی یاریزانانەوە.

بێڵ بەهۆی پێكانە یەك لە دوای یەكەكانەوە لە ماوەی دوو وەرزی رابردوودا یاریكردنی لە پێكهاتەی سەرەكی یانەی شاهانە لەدەستداوە.

رۆژنامەی (ماركا)ی نزیك لە یانەی ریال مەدرید ئاشكرای كرد، پێنج هۆكار بوونەتە هۆی ئەوەی سەرۆكایەتی یانەی ریال مەدرید بڕیاری فرۆشتنی بێڵ بدات، هۆكارەكانیش برێتین لە:

هۆكاری یەكەم برێتییە لە پێكانی ماسولكەكانی بێڵ كە لە ساڵی 2014وە تا ئێستا 25 جار دووبارە بووەتەوە.

هۆكاری دووەمی بڕیاری یانەی شاهانە بۆ فرۆشتنی بێڵ ئەوەبووە كە ئەو ئەستێرەیە لە ئاستی پێویست و خواستی بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید نەبووە، بەتایبەت كە یانەكە پێشبینی دەكرد ببێتە شوێنگرەوەی كریستیانۆ رۆناڵدۆ، بەڵام لەمەدا سەركەوتوو نەبووە بە رێژەیەك كە ئێستا لە ریزبەندی 30 لە باشترین یاریزانی جیهانیشدا نییە.

هۆكاری سێیەم برێتییە لەوەی كە یانەی شاهانە دەیەوێ بە فرۆشتنی بێڵ بڕی 100 ملیۆن یۆرۆ بەدەستبێنێ بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتوودا گرێبەست لەگەڵ یاریزانانی نوێ ئیمزا بكات.

چوارەم هۆكار پەیوەندی بە فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدریدەوە هەیە كە دەیەوێ بۆ وەرزی داهاتوو یانەكەی ببوژێنێتەوە بە گرێبەستكردن لەگەڵ هاری كین و محەمەد سەلاح چەند یاریزانێكی تریش.

دوایین هۆكار بڕیاری زێنەدین زێدانی راهێنەری یانەی ریال مەدریدە كە بەتەواوی لە پێكهاتەی سەرەكی یانەكەی كردییە دەرەوە بەهۆی دابەزینی ئاستییەوە و بۆ ئەمەش بڕیاریداوە پشت بە یاریزانە یەدەگەكانەوە ببەستێ بەتایبەت لە یارییەكانی ئەم دواییەدا.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م