خولی ئیسپانیا.. ئەمڕۆ ریال مەدرید رووبەڕووی ئەلاڤێس دەبێتەوە

:: PM:03:21:24/02/2018 ‌

ئەمڕۆ شەموو لە چوارچێوەی یارییەكانی گەڕی 25ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی سانتایگۆ بێرنابیۆ، یانەی ریال مەدرید مێوانداری یانەی دیپۆرتیڤۆ ئەلاڤێس دەكات.

یانەی ریال مەدرید خوازیارە لە یارییەكەی ئەمڕۆدا سەعات 6:15ی سەر لە ئێوارە، چوارەم سەركەوتنی یەك لە دوای یەك بەدەست بێنێ دوای ئەوەی لە 3 یاریی رابردوودا لە خولی ئیسپانیا لە یانەكانی ریال سۆسیداد 5-2، ریال بیتیس 5-3 و لیگانیس 3-1 سەركەوتنی بەدەستهێنابوو.

لە یارییەكەدا ئەمڕۆدا كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی یاری دەكات دوای ئەوەی لە یاریی دوا خراوەكەی گەڕی 16ی خولی ئیسپانیا هەفتەی رابردوو بەرامبەر یانەی لیگانیس پشووی وەرگرتبوو.

لە ریزی یانەی ریال مەدرید لە یارییەكەی ئەمڕۆدا چەندان ئەستێرە بەهۆی پێكانەوە یاری ناكەن لەوانە لۆكا مۆدریچ، تۆنی كڕووس و مارسیڵۆ، هەروەها سێرجیۆ رامۆسی بەرگریكار و كاپتنیش بەهۆی سزاوە یاری ناكات.

یانەی ریال مەدرید ئێستا بەكۆكردنەوەی 48 خاڵ لە ریزبەندی سێیەمی یانەكانی خولی ئیسپانیا دێت، 14 خاڵ لە دواوەی یانەی بەرشەلۆنەی پێشەنگە كە 62 خاڵی هەیە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م