ئەمڕۆ بەرشەلۆنە دەیەوێ ژمارەیەكی پێوانەیی نوێ لە خولی ئیسپانیا تۆمار بكات

:: PM:03:48:24/02/2018 ‌

یانەی بەرشەلۆنە خوازیارە لە یارییەكەی ئەمڕۆی دێربی كەتەلۆنیادا بەرامبەر یانەی گیرۆنا سەركەوتن بەدەست بێنێ تا پێگەی خۆی لە پێشەنگی یانەكانی خولی ئیسپانیا قایمتر بكات و هەروەها ژمارەیەكی پێوانەیی مێژوویی نوێ لە خولەكە تۆمار بكات.

ئەمڕۆ شەموو یانەی بەرشەلۆنە لە چوارچێوەی یارییەكانی هەفتەی 25ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی كامپ نوو سەعات 10:45ی شەو بەكاتی كوردستان، مێوانداری یانەی گیرۆنا دەكات.

یانەی بەرشەلۆنە ئێستا بەكۆكردنەوەی 62 خاڵ لە پێشەنگی یانەكانی خولی ئیسپانیا دێت و 7 خاڵ لە پێش یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی خاوەن ریزبەندی دووەمە لەگەڵ 14 خاڵ لە پێش ركابەرەكەی یانەی ریال مەدرید.

یانەی بەرشەلۆنە ترسێكی زۆری لە یانەی گیرۆنا هەیە كە ئەمساڵ بۆ خولی ئیسپانیا سەركەوتووە و لە ماوەی رابردوودا ئەنجامی شایستەی بەدەستهێناوە بەتایبەت كاتێك لە گەڕی 10ی خولەكەدا بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ لە یانەی ریال مەدرید بردبووەوە، هەروەها لە یاریی چوون و هاتندا لەگەڵ یانە ئەتلەتیكۆ مەدرید بە ئەنجامی 2-2 و 1-1 یەكسان ببوو، یانەكە ئێستا بەكۆكردنەوەی 34 خاڵ لە ریزبەندی هەشتەمی یانەكان دێت.

یانەی بەرشەلۆنە لە یاریی چووندا لە گەڕی شەشەمی خولی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی مۆنتیلیڤی لە هەرێمی كەتەلۆنیا بە 3 گۆڵی خاوێن سەركەوتنی بەسەر یانەی جیرۆنا بەدەستهێنابوو.

لەلایەكی ترەوە ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە دەیەوێ ئەمڕۆ مێژوویەكی نوێ بۆ یانەی بەرشەلۆنە بنووسێتەوە ئەویش نەدۆڕانە لە 32 یاریی یەك لە دوای یەكدا.

ئەو راهێنەرە هەفتەی رابردوو ژمارە پێوانەییە مێژووییەكەی خولی ئیسپانیای دووبارە كردبووەوە كە یانەی بەرشەلۆنە لەسەردەمی پێپ گواردیۆلا لە وەرزی 2010-2011 لە 31 یاری یەك لە دوای یەكدا نەدۆڕا بوو.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م