بەڕێوەبەرێكی پۆلیس لە سلێمانی دەستی لەكار كێشایەوە

:: PM:04:19:24/02/2018 ‌

گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، دەستی لە پۆستەكەی كێشاوەتەوە و تا ئێستەش گوتەبێژی نوێی پۆلیس دیاری نەكراوە، دەست لە كاركێشانەوەشی لەسەر خواستی خۆی بووە.

ئەمڕۆ شەموو 24ـی شوبات، نەقیب سەركەوت ئەحمەد گوتەبێژی پێشووی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ـی راگەیاند, ماوەی شەش ساڵە گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانیم, گوتەبێژییەكەش لە شارەزای ئیشی من نەبووە‌, چونكە من بەڕێوەبەری پۆلیسی سەرام كاری لێكۆڵینەوەش دەكەم.

نەقیب سەركەوت دەڵێت, پێ دەچێ هۆكاری دیاریكردنی من وەك گوتەبێژی پۆلیس بۆ شارەزایی گەڕابێتەوە و بەراورد بەهاوڕێكانم, چونكە لێدوان و چاوپێكەوتن شارەزایی دەوێت لە بوارەكە لە لێكۆڵینەوە و بابەتە یاسایییەكان, دەبێت وەڵامی هەموو پرسیارەكان بزانیت.

زیاتر گوتی, بۆ بەڕێوەچوونی باشتری ئیشەكانی خۆم، دەستم لە پۆستی گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی كێشاوەتەوە و تا ئێستەش گوتەبێژی نوێ دیاری نەكراوە و دەست لەكاركێشانەوەكەش قەبووڵ كراوە.

نەقیب سەركەوت ئەحمەد لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا وەك گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی كاری كردووە، لە بەشی زۆری ڕووداوەكانی كوشتن و خۆكوشتن لێدوانی بۆ دەزگەكانی ڕاگەیاندن داوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - رامیار جەواد