زێدان ئەمڕۆ بەو پلانە یاری دەكات كە هاندەران رقیان لێ دەبێتەوە
زێنەدین زێدانی راهێنەری یانەی ریال مەدرید لە یارییەكەی ئەمڕۆی خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی دیپۆرتیڤۆ ئەلاڤێس بە پلانی هێرشبەری تەواو و بەهەرسێ هێرشبەر كریستیانۆ و بێڵ و بەنزیما یاری دەكات.
ئەمڕۆ شەموو سەعات 6:15ی سەر لە ئێوارە بەكاتی كوردستان لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ یانەی ریال مەدرید لە گەڕی 25ی خولی ئیسپانیا مێوانداری یانەی ئەلاڤێس دەكات.
هاندەرانی یانەی ریال مەدرید لە دوایین راپرسی رۆژنامەی (ماركا) تەئكیدیان كردبووەوە حەز ناكەن جارێكی تر یانەكەیان بە پلانی هێرشبەر (بی بی سی) بەهەرسێ هێرشبەری یانەكەیان یاریی بكەن.
ئەمە لە كاتێكدایە زێدان بۆ یارییەكەی ئەمڕۆ كێشەی یاریزانانی هەیە و چەند یاریزانێكی سەرەكی بەهۆی پێكانەوە یاری ناكەن كە ئەوانیش برێتین لە تۆنی كڕووس، لۆكا مۆدریچ، ماركۆ ئەسینسیۆ و مارسیلۆ، هەروەها سێرجیۆ رامۆسی بەرگریكار و كاپتنی یانەكەش سزای راگرتنی هەیە.
ئەو پێكهاتەیەی زێدان بۆ یارییەكەی ئەمڕۆ بەرامبەر یانەی ئەلاڤێس دیاری كردووە برێتییە لە:-
گۆڵپارێز: كایلۆر ناڤاس
بەرگری: تیۆ، ناچۆ، ڤاران و كارڤاخال
ناوەڕاست: كاسیمێڕۆ، كۆڤاسیش و سیبایۆس
هێرشبەر: رۆناڵدۆ، بەنزیما و بێڵ
جێی باسە یانەی ریال مەدرید لە سێ یاری رابردوودا خولی ئیسپانیا سەركەوتنی بەدەستهێناوە و ئێستاش بەكۆكردنەوەی 48 خاڵ لە ریزبەندی سێیەمی یانەكانی دێت، یانەی ئەلاڤێسیش بە 28 خاڵ لە ریزبەندی 16ی یانەكان دێت.
وشە -
ئامانج ئهكرهم