رێكخراوێك 60كم جۆگەی ئاوی كشتوكاڵ لە ئامێدی نۆژەن دەكاتەوە

:: PM:05:04:24/02/2018 ‌

جۆگە ئاودێرییەكانی كشتوكاڵ لە سنووری شارۆكەی ئامێدی، ساڵانێكە دروست كراون و پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە، بۆ ئەم مەبەستە بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێری ئامێدی  بە هاوكاری رێكخراوێكی ئەڵمانی، 60كم جۆگە ئاودێرییەكانی كشتوكاڵ نۆژەن دەكاتەوە لەگەڵ نۆژەنكردنەوەی دوو بەنداو.
 
ئەمڕۆ شەموو 24ـی شوبات، رێڤینگ خالید جووتیارێكی گوندی هاریكی سەر بە شارەدیێ دێرەلووكی سنووری شارۆكەی ئامێدی بە "وشە"ـی راگەیاند، جۆگە ئاودێرییەكانی كشتوكاڵ لە سنووری شارەدیێ دێرەلووك و ناوچەكە، ساڵانێكە دروست كراون و لێرە و لەوێ خاپوور بوون و پێوستیان بە نۆژەنكردنەوەیە.

ئەو گوتی، زۆرترین رێژەی چاندن و كشتوكاڵ بە هەموو جۆرەكانەوە دەكەوێتە گوندی هاریك بەتایبەتی چاندنی برنج و كونجی و دەرامەت و سەوزایی، لەبەرئەوە پێویستی بە ئاوێكی بەردەوامە و زۆر جار بەهۆی شكست و لەكاركەوتنی جۆگە ئاودێرییەكانی كشتوكاڵ كێشە بۆ جوتیاران دروست دەبێت.
 
شاكر ئیسماعیل بەڕێوەبەری ئاودێری ئامێدی بە "وشە"ـی راگەیاند، بەشێكی زۆری جۆگە ئاودێرییەكانی كشتوكاڵ لە سنووری شارۆكەی ئامێدی ساڵانێكە دروست كراون و كەموكورتی زۆریان تێكەوتووە و پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە.

زیاتر گوتی، ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری ئامێدی بە هاوكاریی رێكخراوی G.I.Zی ئەڵمانی، نزیكەی 60 كم جۆگەی ئاودێری كشتوكاڵ نۆژەن دەكەینەوە بۆ ئەوەی جووتیاران تووشی هیچ كێشەیەكی ئاودێری نەبن بە تایبەتی لە وەرزی هاویندا.

بەڕێوەبەری ئاودێری ئامێدی دەڵێت، پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی جۆگە ئاودێرییەكان سەرانسەری شارۆكەی ئامێدی دەبێت جگە لە نۆژەنكردنەوەی جۆگە ئاودێرییەكانی شارۆكەی ئامێدی، هاوكات ئێمە دوو پڕۆژەی تریش دروست دەكەین بۆ ئەوەی خزمەتێكی باشتر بۆ جووتیارانی ناوچەكە بكەین، لەوانە نۆژەنكردنەوەی هەردوو بەنداوی ئێنیشك و بەنداوی ئاشاوا كە دوو ناوچەی باش و لەبارن بۆ دروستكردنی بەنداو و چاندنی كشتوكاڵ و لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات كە دەكەونە سنووری شارەدێی سەرسەنگ.

شارۆكەی ئامێدی لە شەش شارەدیێ و زیاتر لە 300 گوند بەخۆیەوە دەگرێت و بە دووریی 60كم دەكەوێتە رۆژهەڵاتی شاری دهۆك. وێڕای ئەوەی ناوچەیەكی شاخاوییە، بەڵام ناوچەیەكی لەبارە بۆ چاندنی كشتوكاڵ و بەخێوكردنی مەڕ و ماڵات و باشترین "سێو" لە كوردستان لە ئامێدی بەرهەم دەهێنرێت.

ئامێدی/ نەوزاد هلۆری



وشە - رامیار جەواد