ئینتەرنێتی بێ بەرانبەر لە دنیا بڵاو دەبێتەوە

:: AM:11:10:28/02/2018 ‌

كۆمپانیای فەیسبووك لە چەند ساڵی ڕابردوو بە وردی كاری لەسەر چەند دەسپێشخەرییەك كردووە تا ئینتەرنێتی بێ بەرانبەر و بە خۆڕایی لە چەند ناوچەیەكی دنیا پێشكەشی خەڵك بكات، ئێستەیش ئەو كۆمپانیایە لە هەوڵدایە ئەو بیرۆكەیە بۆ تەواوی دنیا دەستەبەر بكات و لە سەرانسەری گۆی زەوی ئینتەرنێتی بێ بەرانبەر پەخش بكات.

كۆمپانیای فەیسبووك لەمیانەی كۆنگرەی ساڵانەی جیهانی بۆ مۆبایل كە لە 25ی ئەم مانگەوە لە بەرشلۆنەی ئیسپانیا دەستی بەكارەكانی كرد، نیاز و مەبەستی خۆی ڕاگەیاند كە دەیەوێ ئینتەرنێت بەخۆڕایی بۆ ناوچەی دەوروبەری شارەكان لە ڕێی تۆڕی لاسلیكی "تێراگراف" پەخش بكات، خێرایی هێڵی ئینتەرنێتیش زۆر بەهێز و بێوێنە دەبێ، ئامانجیەتی بەر لەوەی نەوەی پێنجەمی مۆبایلەكان بخرێنە ڕوو، ئەو خزمەتگوزارییە پێشكەش بكات.

هاوكات ئەو كۆمپانیایە دەیەوێ پڕۆژەی تریش ئەنجام بدات، بەتایبەت پڕۆژەی تۆڕی "Infra" بۆ پێوەندییەكان كە خۆی لە هاوئاهەنگی و هاریكاری بەردەوام و فرەوان دەبینێتەوە لەلایەن كۆمپانیا تەكنەلۆجییەكانی دنیا بۆ گەشەپێدانی ژێرخانی ئینتەرنێت لە ناوچەی دەوروبەری شارەكانی دنیا.

بۆ جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانە فەیسبووك بە تەنیا نییە و داوا دەكات كۆمپانیا زلهێزەكانی بواری تەكنەلۆجیایش بێنە ژێرباری ئەو پڕۆژە گەورانە تا ئامانجەكانی خۆیان دەستەبەر بكەن.

جاری باریك سەرۆكی بەشی ئەندازە و ژێرخان لە كۆمپانیای فەیسبووك لە كۆبوونەوەیەكی كۆنگرەی بەرشلۆنە گوتی، كۆمپانیای چینائەنكۆیم و سپرێنت و تێلنۆر كە نوێترین كۆمپانیای فڕۆكەوانین هاتوونەتە پێشەوە بۆ بەشداریكردن لە پڕۆژەی ئنفرا بە ئامانجی تۆكمەكردنی پێوەندیی نێوان كۆمپانیا زلهێزەكانی دنیا.

سەرچاوە/RT.



وشە - باز ئه‌حمه‌د