بەهۆی ئەوەی سبەی یەكشەم، كەوتووەتە نێوان دوو پشوو كە ئەمڕۆ شەموو و دووشەمیش پشوون تەنیا لە فەرمانگەكانی پەروەردە و تەندروستی نەبێت زۆرێك لە هاووڵاتییان وا تێگەیشتوون سبەیش پشووە.
ئەمڕۆ شەموو سێی ئادار، سەرچاوەیەك لە یەكێك لە وەزارەتەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سبەی یەكشەم بەهیچ شێوەیەك پشوو نییە و دەوامی فەرمی لە سەرجەم دامەزراوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیە.
ئەو سەرچاوەیە زیاتر گوتی، بۆ سبەی هیچ ئاگەدارییەكمان لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆ نەهاتووە كە پشوو بێت، بۆیە فەرمانبەران ئاگەدار دەكەینەوە بەیانی دەوامی ئاساییە و پێویستە بچنە سەر كارەكانیان.
"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پێوەندی بە چەند بەرپرسێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كرد، بەڵام وەڵامی پێوەندییەكەیان نەداییەوە.
بەپێی ساڵنامەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بێت ڕۆژی دووشەم پێنجی ئادار و 11ـی ئادار و 14ـی ئادار و 21 و 22 و 23ـی ئادار پشووی فەرمییە تەنیا لە دامەزراوە خزمەتگوزارییەكان نەبێت، ئەوانیش بەپێی خشتەیەك بۆیان ڕێك دەخرێت.
ساڵانە لە وەرزی بەهاردا و بە دیاریكراوی لە مانگی ئادار زۆرترین ڕۆژانی پشوو لە هەرێمی كوردستان لەخۆ دەگرێت.