بەوێنە..كوردێك ئەوروپییەكان لە مەترسی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئاگادار دەكاتەوە

:: PM:02:59:07/03/2018 ‌

بە بۆنەی رۆژی جیهانیی ژنان لە ھێلسینكی پایتەختی وڵاتی فینلاند، پێشانگەی فۆتۆگرافی رەسووڵ خوڕەم بە ناوی "سڵاوێك لە ژیان" كرایەوە.

خوڕەم لەم پێشانگەیەی لە فینلاند بەڕێوەی دەبات تیشكی خستووەتە سەر رۆڵی مۆبایل لە ناو ژیانی رۆژانەی ئەوروپییەكان بەگشتی و خەڵكی فینلاند و سوید بە تایبەتی. ئەو لە رێی تابلۆكانی ھەوڵ دەدات كۆمەڵگە ئاگادار بكاتەوە لە مەترسییەكانی گیرۆدەبوون بە مۆبایل و سۆشیال میدیا و پچڕانی پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و كەوتنە ناو ھەڵدێرەكانی تەنیایی بە ھۆی گیرۆدەبوون بە مۆبایل. 

رۆژنامەنووس رەسووڵ خوڕەم كە خەڵكی شنۆی رۆژهەڵاتی كوردستانە و چەند ساڵێكە بەرەو فینلاند كۆچی كردووە، لە بواری راپۆرتی دۆكیۆمێنتاری و وێنەی فۆتۆگرافی چالاكی هەیە. ئەو پێشتر كۆمەڵێك راپۆرتی دۆكیۆمێنتاری لەسەر ژیانی هاووڵاتییان لە كوردستان كردووە كە لە تەلەڤزیۆنەكان بڵاو كراونەتەوە.

رەسووڵ خوڕەم لە ماوەی نزیك حەوت ساڵی ژیانی لە فینلاندا لە بواری فۆتۆگرافی و فیلمی دۆكۆمێنتاری بووەتە جێی سەرنجی فینلاندییەكان.

شایانی باسە پێشانگەی "سڵاوێك لە ژیان" لە هەشتی ئادار دەست پێ دەكات و تا ١٦ی مانگ بەردەوام دەبێت و شوێنی پێشانگەكەشی  ناوەندی گەنجانی ئۆھیامۆیە لە هێلسینكی فینلاند.























وشە - سلێمان تاشان