بەغدا بەر لە نەورۆز مووچە دەنێرێت؟
بەرپرسێكی وەزارەتی پەروەردە ڕاستییەكە ئاشكرا دەكات

:: PM:03:02:10/03/2018 ‌

دوای لێدوانەكەی ڕۆژی سێشەمی ڕابردووی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەر لە جەژنی نەورۆز، مووچەی چەند وەزارەتێكی هەرێمی كوردستان دەنێردرێ، بەڵام بەرپرسێكی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێم هێما بۆ ئەوە دەكات، كە تا ئێستە بە هیچ شێوەیەك لە ناردنی مووچە ئاگەدار نەكراونەتەوە.

ئەمڕۆ شەموو 10ـی ئادار، یوسف عوسمان بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، تا ئێستە ئەو لیژنەیەی وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی دەكەن لە هەرێمی كوردستانن و ڕۆژی پێنجشەمی ڕابردووش لەگەڵیان دانیشتووین.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، تا ئێستە بەهیچ شێوەیەك پێوەندیمان پێوە نەكراوە، بۆ ناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە، ئەوەی هەیە باس دەكرێت تەنیا گوتەی كەسەكانە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" لەو هەفتەیە لیژنەیەك لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كە لە سەرەتای ئەمساڵ سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردبوو، دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان و چەند كۆبوونەوەیەك ئەنجام دەدەن و لەگەڵ چەند بەرپرسێكیش كۆ دەبنەوە.

لە ڕێكەوتی چواری كانوونی دووەمی ئەمساڵ، لیژنەیەك لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕەوانەی هەرێمی كوردستان كرا، بۆ وردبینی لە مووچەی فەرمابنەرانی هەرێمی كوردستان كە مەهدی عەلاق ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەرپەرشتی دەكردن.




وشە - رامیار جەواد