لە دوو مانگ 166 حاڵەتی تەڵاق لە سلێمانی تۆمار كراوە

:: PM:04:47:12/03/2018 ‌
بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامەی سلێمانی ئامارەكانی هاوسەرگیری و جیابوونەوەی لە ماوەی دوو مانگی ڕابردووی ئەمساڵ بڵاو كردووەتەوە كە بەپێی ئامارەكە، هاوسەرگیری زیاترە لە جیابوونەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەم 12ی ئادار/ مارس، بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامەی سلێمانی رێژەی هاوسەرگیری و جیابوونەوەی لە ماوەی دوو مانگی ڕابردووی ئەمساڵ بڵاو كردووەتەوە، لە ماوەی مانگی كانوونی دووەم 95 حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار كراوە و 579 هاوسەرگیریش ئەنجام دراوە.

لە بەشێكی تری ئامارەكەدا باس لەوەیش كراوە كە لە مانگی شوباتدا 71 حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار كراوە و 466 پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجام دراوە.

ئەو ئامارە لەكاتێكدایە كە ساڵی ڕابردوو ڕێژەی جیابوونەوە لە سلێمانی زیاتر بوو لە ڕێژەی هاوسەرگیری و بە بڕوای توێژەرانی كۆمەڵایەتی، لە سەرەتای هەموو ساڵێك ئامارەكانی هاوسەرگیری زیاتر دەبن. تانیا عەلی توێژەری كۆمەڵایەتی بۆ "وشە"ی گوتی، ساڵانە لە سەرەتای ساڵدا ڕێژەی هاوسەرگیری زیاتر دەبێ‌ لە جیابوونەوە، ئەوەیش ڕەنگە پێوەندی بە بڕیاری كەسەكانەوە هەبێ‌ كە لەم ماوەیەدا هاوسەرگیری بكەن.

زیاتر گوتی، یەكێكی تر لەو هۆكارانەی وای كردووە ئەمساڵ ڕێژەی هاوسەرگیری زیاتر بێت بەتایبەتی لەم دوو مانگەدا، ئەوەیە كە خەڵك بە ئومێدەوە چاوەڕوانی باشتربوونی دۆخی كوردستان دەكات و ڕەنگە ئەوەیش وای كردبێت كە هاووڵاتییان بڕیاری هاوسەرگیرییان بخەنە ئەم  مانگانەوە.

ساڵانە بەڕێوەبەرایەتی ڕەگەزنامەی شارەكانی كوردستان ئاماری جیابوونەوە و هاوسەرگیری بڵاو دەكەنەوە و پارساڵ ئەنجامدانی هاوسەرگیری و جیابوونەوە بە ڕێژەیەكی زۆر جیاوازیان نەبوو كە توێژەران بۆچوونیان وابوو ئەوە مەترسییەكە ڕووبەڕووی خێزانەكان بووەتەوە و ئاماری جیابوونەوەیان بە زۆر زانی.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم